بەڵێن عیزەت میکە

بەڵێن عیزەت میکە

خاوەن کارەکان بدەنە دادگا

دۆخی تەندروستی هەرێمی کوردستان وەکو کۆی جیهان لە بارێکی ناهەمواردایە و بەهۆیەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنراوە و دەوامی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت ڕاگیراوە، حکومەت بە هەر جۆرێک بێت و بە هەموو تێبینییەکانەوە بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە و ئەوەی خەمە گەورەکە دروستدەکات ئەوەیە کە هەندێک لە خاوەنکارانی کەرتی تایبەت ئامادە نین مووچەی کرێکارەکانیان بدەن، لەکاتیكدا ئەرکی یاسایی ئەوانە و بە یاسا چەسپێنراوە و نابێت لێی لابدەن و پێشێلی بکەن.

یاسای ژمارە ٤٠ی ساڵی ١٩٥١ی عێراقی لە مادەی ١٤٦ بڕگەی دووەمدا، بەڕوونی باسی لەوەکردووە کە دۆخێکی نەخوازراو دێتە ئاراوە و کارکردن دەوەستێت، دەبێت ماف و مووچەی کارمەندانی کەرتی تایبەت بدرێت، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە دابەشکردنی مووچە ئەستەم بێت کە ئەمەش دەبێت حکومەت ڕایبگەیەنێت.

ئەم یاسایە دەبێتە بەڵگە بەدەست کرێکارانەوە و کە دۆخەکە ئاسایی بوویەوە دەبێت لە دادگا خاوەنکارەکانی پێ بهێنن بە چۆکدا، خاوەن کارێک کە ئامادە نەبێت مووچەی کەمتر لە مانگێکی کرێکارە هەژار و دەستکورتەکان بدات کە بە ناچاریی نەیانتوانیوە کار بکەن، ئاخر ئەگەر مووچەکە نەدرێتە ئەو کرێکارە ژیانی لە مەترسییدا دەبێت، بەڵام ئەگەر خاوەنکارەکە ئەو مووچەیە بدات لەوانەیە بەشێکی زۆر کەمی سەرمایەکەی کەمبێتەوە و دەتوانێت دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە بە چەند سەعاتێک کاری زیادە بە کرێکارەکان ئەو زیانە پڕبکاتەوە.

هەر لەو یاسایەدا باس لەوەکراوە، ئەگەر دۆخە گشتییەکە یارمەتیدەرنەبوو بۆئەوەی مووچەی تەواو بدرێت بە کارمەندەکان، ئەوا دادگا بەشێوەیەکی هاوسنەگ بڕێک دیاریدەکات بۆئەوەی خاوەن کار بیدات بە کارمەندەکە بەشێوەیەک کە هیچ لایەنێک زیانمەند نەبێت، کەواتە لە هیچ حاڵەتێدا پێنەدانی مووچە یاسایی نییە.

کارمەندانی کەرتی تایبەت ناڕێکخراون، دەستەی پێکەوەبەستراون نین وەکو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، سەندیکای بەهێز و راستەقینەیان نییە، دەنگیان دلێر نییە چوونکە قوتیان لەدەستی شەخسدایە و دەتوانێت نانبڕاویان بکات، بۆیە ناتوانن دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبکەنەوە، لەبەر ئەمەشە زیاتر لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی مافیان دەخورێت بەڵام کەمتر ناڕەزایەتییان هەست پێ دەکرێت، لەکاتێکدا هەم مووچەیان کەمترە و هەم ئیمتیازاتیان نییە.

بۆیە داوا لە هەموو کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکەم، ئەوانەی مووچەیان وەرنەگرتووە لەم دۆخەدا، خۆیان ڕێکبخەن، خۆیان ئامادە و ساز بکەن، بۆئەوەی دادگاکان پڕبکەن لە سکاڵا دژی خاوەنکارە چاوچنۆکەکان و شەقامەکان پڕبکەن لە هاواری ناڕەزایەتی، ئەم دۆخە دەبێت بکرێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan