کوردستانی

فازیل میرانی: ریفراندۆم تاپۆیەكی شەرعییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


فازیل میرانی: ریفراندۆم تاپۆیەكی شەرعییە
مەودا میدیا-

بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی بڵاویکردەوە ریفراندۆم تاپۆیەكی شەرعییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و باوەڕیان وایە تاوەکو كورد و بەغدا نەبن بە دوو دراوسێ، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا راستەڕێ نابێت.

فازیل میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگه‌یاند "لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا، بۆ یەكەمین جار لە 2025/9/25دا دەرفەتی ئەوە بۆ گەلی كوردستان هاتە پێش، بە ئازادی و دیموكراسیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، هەلومەرج و ساتەوەختی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم یەكجار هەستیار و چارەنووسساز بوو".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "دەوڵەتی عیراق لە دۆخێکی دژواردا كوردی خستە بەردەم دووڕیانێكی سەختەوە، یان ملكەچبوون بۆ خواست و پلانی نادۆستانەی بەغدا، یان گەڕانەوە بۆ گەل تا بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام مەسعود بارزانی بەیداخی گەڕانەوەی بۆ گەل بەرزكردەوە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش تێكڕای حزب و كەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان، هاودەنگ و یەكدەنگ بەدەم بانگەوازەكەی بارزانییەوە چوون و بە كۆدەنگی بڕیار لە ریفراندۆم درا".

ئەوەشی خستەڕوو " ئەوەی زۆر مایەی سەرنج و شانازییە ئەو بە دەنگەوە هاتنە جەماوەرییە بێ وێنەیە بوو، بەوەی رێژەیەكی یەكجار بەرزی خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێكهاتەیەكییەوە، بەشدارییان لە ریفراندۆمدا كرد، كە نیشانەی ئاستی بەرزی هۆشیاریی سیاسیی خەڵكی كوردستان بوو".

باسی لەوەشکرد "بەدینەهاتنی مافی سەربەخۆیی گەلی كوردستان، بۆ هەلومەرجە نێودەوڵەتییە دەگەڕێتەوە کە تاوەکو ئێستاش نێوەندی سیاسیی نێودەوڵەتی بواری نەداوە ئاڵای كوردستان بەدەم ئاڵای وڵاتانی تری جیهانەوە لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكاندا بشەكێتەوە، کە ئەمەش  ئەمە ناهەقییەكی گەورە بوو دەرهەق بە میللەتێكی گەورە و دێرین کرا".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan