کوردستانی

کاروان یاروەیس: عیبرەت لە جێبەجێکردندایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاروان یاروەیس: عیبرەت لە جێبەجێکردندایە
مەودا میدیا-

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهان و فرۆشتنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا، لە ماوەی رابردوودا زۆر رێککەوتن کرا هەموویان شکستیان هێنا، بۆیە عیبرەت لە جێبەجێکردندایە.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق لە پەیامێکدا کە وێنەیەکی بۆ مەودا میدیا ناردووە رایگەیاند "پابه‌ندبوونی هه‌ردولا به‌ جێبه‌جێكردنی رێكکه‌وتنه‌كه‌، متمانه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌رێم ده‌بوژێنێته‌وه‌ و ئەم رێککەوتنەی ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە لە یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای باڵای  فیدراڵی گرنگتر نییە ئەگەر جێبەجێ نەکرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پێشتریش زیاتر لە جارێک رایانگەیاندووە کە کرۆکی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا نەوتە، چارەسەرکردنی دەرگا دەکاتەوە بۆ پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان هەردوولادا، بەتایبەتی شایستە داراییەکان، چونکە خەڵکی کوردستان باجی گەورەیاندا، رووبەرووی گوزەرانێکی سەخت بوونەوە، زیانمەندی یەکەم ئەوان بوون، نەوت سەروەتی ژێر خاکی کوردستانە و بۆیە پێویستە لە چارەسەرکردنی کێشەی نەوتدا سوودمەندی یەکەم ئەوان بوون، لانی کەم مووچە لەکاتی خۆیدا بێت و ئەو مووچانەی دواکەوتوون نەفەوتێت".

ئەوەشی خستەڕوو "پێویستە کردنەوەی گرێکوێرەی نەوت، وابکات هەرێمی کوردستان بپەرژێتە سەر شایستە دەستوورییەکان و مافەکانی تری گەلی کوردستان لەوانەش بابەتی خاک و بیانکات بە پێشینەی نیشتمانیی و نەتەوەیی، لەم خولەی پەرلەماندا، لە رووی یاسادانان و چاودێرییەوە هەموو هەوڵێکیاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زۆر رێگا و کەناڵیان تاقیکردەوە و راستگۆیانە لەگەڵ هاوڵاتییان قسەیان کردووە".

باسی لەوەشکرد "پابەندبوونی هەردولا بەجێبەجێ کردنی رێککەوتنەکەوە، متمانەی نێوان بەغدا و هەرێم دەبوژێنێتەوەو دەبێتە بنەمایەکیش لە حکومەتی تازەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئاسانتر لە یاسای بودجەی گشتیی عیراق شایستە داراییەکانی هەرێم دەستەبەر بکرێن".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan