کوردستانی

یاسایەکی باشی نەوت دەتوانێت زامنی مووچە بکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یاسایەکی باشی نەوت دەتوانێت زامنی مووچە بکات
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد دوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە(22ی ساڵی 2007ی یاسای نەوت و غازی کوردستان)  لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لە (2022/2/15) و پاشان دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس بوونەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای بۆرییەوە.

جوانڕۆ محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا کە وێنەیەکی بۆ مەودا میدیا ناردووە رایگەیاند "بە پێی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس، حكومەتی هەرێم حكومەتێكی دەستووری و یاساییە لە چوارچێوەی عیراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێک نییە لە رێككەوتنی ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عیراق لە ساڵی 1973، واژۆكراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس عیراق دەستیکرد بە فشارەکانی بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی و سەپاندنی بەسەر سیاسەتی نەوت، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی سامانی سرووشتی هەرێمی کوردستان لەو بۆشاییە یاساییەدا، بەڵام ئێستا کە هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم گەیشتوونەتە رێککەوتن و هەناردەکردنی نەوت لە رێگای ( سۆمۆ)وە بڕیار وایە تاوەکو کاتی گفتوگۆ و پەسەندکردنی یاسای بودجەی عیراق بەردەوامبێت".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێستا کاتییەتی هەرێم بە ئاڕاستەی دەرچوواندنی (یاسای نەوت و غاز) جوڵەبکات و یاساکە لە پەرلەمانەکەی خۆیەوە دەرچوێنێت و پێش پێکهێنانەوەی پەرلەمانی نوێ لە عیراقدا و پێش دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز لە عیراق کە ماوەیەکی زۆرە قسە لەسەر دەرچوواندنی دەکرێت ئەم کارە بکات چونکە بەپێی( ماددەی 115ی دەستووری عیراق) ئەگەر ناکۆکی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشنە بۆ هەرێمەکانە".

باسی لەوەشکرد "پێویستە پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە لەپێناو نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دەرچوواندن و هەموارکردنەوەی یاسا و دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەو دۆخە شڵەژاو و چەقبەستووە، هیچ گومانی تێدانییە، پەرلەمانێکی کارا زامنی پاراستن و گەشەکردنی دۆخی سیاسی و دیموکراسییە و هۆکاری کۆتای هێنانە بەو بێمتمانەییەی بەرانبەر پرۆسەی هەڵبژاردن دروستبووە".

وتیشی "ئەگەر هەرێمی کوردستان یاسایەکی گونجاوی هاوتەریب بە دەستووری عیراق تایبەت بە نەوت و غاز دەرچووێنێت، ئیتر دەبێتە خاوەنی بەشێک لە دڵنیایی کە لە خولی ئایندەی پەرلەمانی عیراقدا و لە ئەگەری دەرچوواندی یاسای نەوت و غازی عیراق لە پەرلەمانێکی کەمینە کورد دا دەکرێت ئەم یاسایە ببێتە زامنی جێگیرکردنی خواستەکانی هەرێم لە یاساکەی عیراقدا، بەهۆی ئەو ماددە دەستووریانەی کە ئەولەویەت دەدەن بە یاساکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمانەش هەمووی دەمانگەیەنێتە ئەو راستییەی کە هەبوونی یاساییەکی باشی نەوت دەتوانێت زامنی مووچەی موچەخۆران بکات، نەک رێککەوتنێت دوای دوو ساڵ و نیو لە کێشمەکێش و بێمتمانەیی".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan