کوردستانی

پەرلەمانتارێک: باس لە فرۆشتنی 280 ملیۆن بەرمیل نەوت نەکرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانتارێک: باس لە فرۆشتنی 280 ملیۆن بەرمیل نەوت نەکرا
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد پاش چەند مانگێک لە کۆنەبوونەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە بەسەرچووی هەرێم کۆبووەوە و وەزارەتی دارایی ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی دارایی و مووچە خستووەتەڕوو و گفتوگۆی زۆر خشتەو داتایان کردبوو، بەڵام ئەوەی لە وەزیرەکان و خەڵکی کوردستان شاردرایەوەو باس نەکرا، داهاتی ئەو نەوتە بوو کە لە مانگی ئازاری 2023، تاوەکو  مانگی ئەیلولی 2025 بە تانکەرو پاڵاوگە فرۆشتوویانە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی بۆ مەودا میدیا ناردووە رایگەیاند "ئەو نەوتەی لە ماوەی ئەو (30 مانگ)ەدا بە تانکەرو پاڵاوگە فرۆشراوە بریتییە لە (280 ملیۆن) بەرمیل کە داهاتەکەی پاش لێدەرکردنی (16دۆلار)ی حەقدەستی کۆمپانیاکان بریتییە لە (شەش ترلیۆن و نیو) دینار، ئەم بڕە پارەیەش بەشی حەوت مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی کوردستان دەکات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەگەرچی داهاتی فرۆشتنی نەوت بە تانکەرو پاڵاوگە لە خەڵکی کوردستان شاردراوەتەوە، بەڵام ئەم داهاتە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە شاردراوە نییە و دینار بە دیناری لە بەشە بودجەو مووچەی خەڵکی کوردستان کەمکراوەتەوە، هەر بۆیە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا دابەشکردنی ئەو حەوت مووچەیە خراوەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو "سەیر لەوەدایە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا گلەیی لە بەغدا دەکات لەسەر حەوت مووچەی دابەشنەکراوی مووچەخۆران، لە کاتێکدا چوار وەزیریان لەو حکومەتەی بەغدا هەیە و ئەو چوار وەزیرە بە یەک وشەش داکۆکیان لەو مووچە نەدراوانەی خەڵکی کوردستان نەکردووەو پشتیوانی بۆچوون و راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناکەن".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan