راپۆرت

بزووتنەوەى ئایار، هەوێنى وەرچەرخانى مێژووی فەرەنسا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزووتنەوەى ئایار، هەوێنى وەرچەرخانى مێژووی فەرەنسا
د.نازەنین عوسمان

لە ساڵى 1968، لە زۆربەى وڵاتانى دونیا، بزووتنەوەیەکى ناڕەزایى گەنجان سەریهەڵدا. لە ئەمریکا، بزووتنەوەى هیپییەکان کە بەتایبەتى دژ بە شەڕى ڤێتنام و ئەپەرتاید و مافى یەکسانیی بۆ رەشپێست بوون (کە هەر لەو ساڵەدا مارتین لۆسەر کینگ کوژرا). لە بەرازیل و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ژاپۆن، خوێندکاران ئاژاوەى توندیان نابووەوە. لە یۆنان و ئیسپانیا، بزووتنەوەی دژ بە حوکمى دیکتاتۆر. لە چیکۆسلۆفاکیا، بەهارى پراگ. لە عیراق، شۆڕشى سپى روویدا، لە رێگاى خۆپیشاندانەکانى حیزبى بەعس و شیوعى و بەشێک لە پارتى دیموکراتى كوردستان باڵى مەکتەبى سیاسیی کە وایکرد حیزبى بەعس حوکم بگرێتە دەست، لە فەرەنساش بە هەمان شێوە. 

لە فەرەنسا، بە درێژایى مانگی ئایار و لە ژێر کاریگەریى خوێندکاران؛ بزووتنەوەیەکى زۆر گەورەى ناڕەزایى دروست بوو دژ بە سیستمى پیاوسالارى و دەسەڵاتى زۆردارى و سەرمایەدارى و داوای مافى ژن و مافى مرۆڤیان دەکرد.  

نزیکەى نۆ ملیۆن کەس لەسەر شەقام بوون، هەموو فەرەنساى هەژاند و تووشى ئیفلیجیى کرد و مەترسیى لەسەر سیستمى سیاسیى فەرەنسا دروست کرد.  

لایەنێك لە خۆپیشاندانی خوێندكارانی فەرەنسا 1968

لە ئایارى 1968، لە مێژووى فەرەنسا، گەورەترین بزووتنەوەى کۆمەڵایەتیى روویدا. بوو بە سەرەتای قۆناغێکى زۆر گرنگ و هەندێ گۆڕانکاریى لەگەڵ خۆى هێنا، کە بوونە هەوێنى گۆڕانکاریی گەورەتر لە ساڵانى دواتر. داواکارییەکانى خوێندکاران لە فەرەنسا، بریتیبوون لە: باشکردنى سیستم و دۆخى زانکۆکان و خوێندن و پرۆگرامەکان. 

لە دواى کۆتایى جەنگى جیهانیی دووەم، لە فەرەنسا، ژمارەى لەدایکبووان لە ماوەى بیست ساڵدا زۆر بەرەو هەڵکشان چووبوو، کە چەمکی (تەقینەوەى منداڵ) بە تایبەتیى بۆ ئەو زیادبوونە بەکاردەهێنن، کە ئەو منداڵانە گەیشتبوونە تەمەنى زانکۆ، شوێن لە زانکۆکان زۆر کەم بوو، نەیدەتوانى خزمەت بە خوێندکاران بگەیەنێ. هەژارییەکى زۆر هەبوو، بارى ئابووریی خوێندکار و خێزانەکانیان خراپ بوو، گەڕەک هەبوو خەڵکەکەى لەنێو خانووى تەنەکە دەژیان. گەشەکردنى فکرى یەکسانی و ئەنارشیست لەزیادبووندا بوو دژ بەو سیستمە کۆنەى کە چەندین ساڵ بوو گۆڕانکاریى بەسەردا نەهاتبوو لە بەڕێوەبردنى زانکۆکاندا. 

بزووتنەوەى دژى چەکى ئەتۆمى لەزیادبووندا بوو، کە ئەوکاتە گرنگیی بەو جۆرە چەکە دەدرا (کاتى شەڕى سارد بوو).

داواى خوێندنى تێکەڵ لە کوڕ و کچ دەکرا، کە تا ئەوکاتە خوێندنى دواناوەندى تێکەڵ نەبوو. داواى ئازادیى سێکسیى زیاتر دەکرا، کە تا ئەوکاتە کەنیسەکان دژى بەکارهێنانى حەبى دژە سکپڕیی بوون، هەرچەندە تازە رێگە درابوو بخرێتە نێو بازاڕ. دژ بەو سیستمە توندڕەوە سەرمایەدارییەى فەرەنسا بوون.  

لە سەرەتاى مانگى ئایار، خوێندکاران لە زانکۆى نانتێر، کە دەکەوێتە رۆژئاوای پاریس، لەو زانکۆیە بزووتنەوەى چەپ و ئەنارشیستەکان زۆر بەهێز بوو، ئەو ناوچەیە ناوچەیەکى زۆر هەژارى فەرەنسا بوو، کە زۆربەى دانیشتوانەکەى کرێکارانى بێگانە و ئەوانە بوون کە لە وڵاتەکانى ژێردەستەى فەرەنسا بوون و کۆچیان کردبوو بۆ فەرەنسا؛ لە برسێتیی هەڵاتبوون بۆ برسێتییەکى تر.  

سەرۆکى هەمان زانکۆ و پۆلیس، دەرگاى زانکۆیان لە خوێندکاران داخست و چەند کەسێکیان بە ناوى گێرەشێوێن گرت، بۆیە خوێندکاران ناڕازیبوونەکەیان گواستەوە ناو جەرگەى شارى پاریس بۆ گەڕەکى لاتینى و زانکۆى سۆربون. پۆلیس و ئاسایش ویستیان رێگرییان لێبکەن و بوو بە پێکدادان، لەنێوان خوێندکاران و دەسەڵاتدا شەڕێکى زۆر گەورە روویدا. هەزاران پۆلیس بە بۆمبى فرمێسک و مەترەق بەرانبەر بوون لەگەڵ هەزاران خوێندکار بە بۆمبى مۆلۆتۆف و دار و بەرد (تا ئەوکاتە شەقامەکانى گەڕەکى لاتینى بەردڕێژ کراوبوو، کە هەر لە سەردەمى پاشایەتییەوە شەقامیان بەردى خشت بوو). هەر ئەو رۆژە نزیکەى 600 خوێندکار دەستگیرکران و بە دەیان لە هەردوولا بریندار بوون و شارى پاریس بووبوو بە گۆڕەپانى شەڕ. خوێندکاران داوایان لە کرێکاران کرد پشتیوانییان بکەن و بێنە ریزى ناڕازییان و بڕیارى مانگرتنى گشتییان دا.

كرێكاران لە خۆپیشاندانەكەی 1968

کرێکاران لە بارودۆخێکى زۆر خراپدا دەژیان، ژمارەى بێکاریان زۆر زیادى کردبوو، مووچەکەیان زۆر کەم بوو و بە کولەمەرگى دەژیان. لە هەفتەیەکدا 52 کاتژمێر کاریان دەکرد، تەنیا یەک رۆژ پشوویان هەبوو. ساڵێک پێشتر، سیستمى بیمەى تەندروستییان گۆڕیبوو لە بەرژەوەندیى خاوەنکار. پێشتر کرێکاران چەند جارێک مانیان گرتبوو، بەڵام بێ ئەنجام بووبوو. 

کرێکاران و سەندیکا بەهێزەکان، کە زیاتر نزیک بە پارتى کۆمەنیست و ترۆتسکی و سۆسیالیستەکان بوون، بە چاوى گومانەوە سەیرى ئەو بزووتنەوەیەیان دەکرد کە بزووتنەوەیەکى بۆرژواى بچووکە، بەڵام لە پاش چەند رۆژێک چوونە پاڵ خوێندکاران و چەند کارگەیەکى گەورەیان داگیرکرد، وەک: رێنۆ، کە کەوتە ژێردەستى کرێکاران. 

بڕیارى مانگرتنى گشتى درا، ئەو مانگرتنە؛ فەرەنسای تووشى ئیفليجی تەواو کرد. هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەکان لەکارکەوتبوون و هیچ فەرمانگەیەکى حکومى کاری نەدەکرد؛ (نە بەنزینخانە، نە میترۆ و شەمەندەفەر، نە تەلەفۆن، نە قوتابخانە، نە کارەبا، نە پۆستە). کار گەیشتە ئەوەى حکومەت داوا لە سوپا بکات بۆ یارمەتى.  لە 25ی مانگ، خۆپیشاندان کرا، نزیکەى نۆ ملیۆن کەس هاتنە سەر شەقام.

فەرەنسا لە مەترسیى رووخاندا بوو، بەڵام هیچ هێزێکى سیاسیى نەیوێرا و نەیتوانیی سەرکردایەتى تەواو بکات. حیزبى شيوعى و پارتى سۆسیالیست هەوڵیاندا بوو بە ترسەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بەتەواوەتى بچنە ژێر باڵى ئەو ناڕازیبوونە و سەرکردایەتیى بکەن.

ئەمەى لە پاریس روویدا، وەک پروشکى ئاگرى ناو کا بوو؛ هەموو فەرەنساى گرتەوە. ئەوکات ژەنڕاڵ دیگۆل، 10 ساڵ بوو لەسەر حوکم بوو، بۆ جارى دووەم هەڵبژێردرابووەوە. پێش ئەو خۆپیشاندانە، زۆرێک لە جەماوەرى فەرەنسى لەگەڵیدابوون، وەکو فریادڕەس و پاڵەوانى نیشتمانیی سەیر دەکرا.

جەنەراڵ شارڵ دیگۆڵ


ژەنڕاڵ دیگۆل، لە کاتى جەنگی جیهانیى دووەم و داگیرکردنى فەرەنسا لەلایەن ئەڵمانیاى نازى، حکومەتى ئازادیى فەرەنساى لە دەرەوەى وڵات لە ئینگلتەرا پێکهێنابوو، لەوێوە سەرپەرشتیى ئازادکردنى فەرەنساى دەکرد.

 لە کاتى دەسەڵاتى دیگۆل بوو، کە جەزائیر سەربەخۆیى وەرگرت و نەرمیى دەنواند لەگەڵ وڵاتانەى کە ژێردەستەى فەرەنسا بوون.

ئەوەى لە ئایارى 1968 روویدا، وا پێشبینى دەکرا کە دیگۆل دەست لەکار بکێشێتەوە و حکومەتەکەى کە بە سەرۆکاتى پۆمپیدۆ بوو وەک سەرۆک وەزیران، بڕوخێ.

حکومەت، لە زۆر لاوە کەوتبووە گفتوگۆ، زیاتر مەبەستى بوو مانگرتنى کرێکاران بشکێنێ. لەگەڵ سەندیکاکانى کرێکاران لەسەر چەند داواکارییەک رێککەوتن، کە ماوەیەکى زۆر بوو کرێکار داوای دەکرد و ناوبەناو خۆپیشاندان و مانگرتنى بۆ دەکرد. لەو خاڵانەى حکومەتى پۆمپیدۆ و سەندیکاکان لەسەری رێککەوتن:

-کەمکردنەوەى کاژێرەکانى ئیش لە 52 کاتژمێرەوە بۆ 40 کاژێر هەفتەیەکدا.

-زیادکردنى کەمترین مووچەى کرێکار بە رێژەى لەسەدا بیست و پێنج.

 -زیادکرنى مووچە بەگشتیى بە رێژەى لەسەدا دە.

-کەمکردنەوەى دەسەڵاتى خاوەن ئیش و پاترۆنەکان و ئازادیى زیاتر بۆ ئیشکردنى سەندیکاکان.

-گۆڕانکاریى لە سیستمى بیمەى تەندروستیدا.

-مافی چوارەمین هەفتەى پشوو (لە ساڵى 1936، تەنیا مافی سێ هەفتەى پشوویان هەبوو).

ئەم دەستکەوتانە زۆر گرنگ بوون بۆ سەندیکاکان، بەڵام لە سەرەتادا سەندیکاکان رازى نەبوون؛ هەرچەندە زۆر دەمێک بوو لە هەوڵدابوون بۆ بەدەستهێنانى.

ژەنڕال دیگۆل، بێ ئەوەى هیچ کەسێک بزانێت، بە نهێنیی و بە تەنیا لەگەڵ خێزانەکەى، لە 28ی ئایار، چوونە بنکەى سەربازیى فەرەنسا لە ئەڵمانیا، لەوێ پشتیوانیى سەربازیى وەرگرت و رۆژى دواتر گەڕایەوە فەرەنسا. 

لە 29ی ئایار، دوانیوەڕۆکەى، وتارێکى لە رادیۆ خوێندەوە و لەجیاتى ئەوەى دەستلەکاربکێشیتەوە؛ داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کرد و هەر لە دواى وتارەکەى، ژمارەیەکى یەکجار زۆری لایەنگرانى دیگۆل رژانە سەر شەقام و بەمە کۆتایى بە خۆپیشاندانەکانى مانگى ئایار هات.  

لە هەڵبژاردندا، پارتەکەى دیگۆل زۆر سەرکەوتوو بوو و زۆرایەتى هێنا لە ترسى زاڵبوونى کۆمۆنیستەکان، بەڵام بۆ ساڵى دواتر؛ لە ریفراندۆمێکدا کە زۆر گرنگ بوو بە لاى دیگۆلەوە لەسەر شێوەى گۆڕینى لامەرکەزیەتى حوکمکردنى ناوچەکانى فەرەنسا، دۆڕا و دەستى لە سەرۆکایەتى و حیزبایەتى کێشایەوە. بۆ ساڵى دواتر، کۆچى دوایى کرد، بەڵام تاکو ئێستاش سیاسەتى دیگۆل هەر لەبارە.

خوێندکاران، کە سەرچاوەى ئەو بزووتنەوەیە بوون، دەستکەوتى راستەوخۆیان کەم بوو، بەڵام بزووتنەوەکە بوو بە هەوێنى زۆر گۆڕانکاریى تر کە لە دواى ئەوە دەستیپێکرد، بەتایبەتى لەسەر ماف و یەکسانیى ژن و مافى مرۆڤ و گۆڕانکاریى لە کۆتوبەندى کولتووردا و کەمکردنەوەى دەسەڵاتى کەنیسە، هەروەها رێگەپێدان بە لەباربردن و برەوپێدانى سیاسەتى دژ بە چەکى ئەتۆم و گەشەکردنى بزووتنەوەى ژینگەپارێزى. 

فەرەنسای نوێ

کولتوورى فەرەنسى گۆڕانکارى گەورەى بەسەرداهات، بەتایبەتى لە گفتوگۆکردن دەربارەى هەموو سێکتەرێکى کۆمەڵایەتى و میدیاکان و هەنگاوێکى گەورە بوو بۆ تازەگەریى لەناو کۆمەڵگادا.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن