راپۆرت

تاڵەبانی لە بەغدا.. خەڵك رێككەوتنی دەوێت و بەربەستەكان زۆرن

مەودا میدیا - سلێمانی |


تاڵەبانی لە بەغدا.. خەڵك رێككەوتنی دەوێت و بەربەستەكان زۆرن
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دوێنێ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و کۆبوونەوەکان نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دەستیپێکردەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت ئامادە باشییەکی باش هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەم هاتنەیان دەرئەنجامی گەیشتنبێت رێککەوتنێک.

"حکومەتی مەرکەزی سیاسەت دەکات و تێدەگات لەو یارییە سیاسیانە"
سەباح قارەمانی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ مەودا میدیا دواو وتی "لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەست کۆمەڵێک قەیرانی دارایی و سیاسییەوە دەناڵێنێت و تەنانەت ناتوانێت مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا دابین بکات، بۆیە گرنگە حکومەتی هەرێم لە خەمی ئەمەدا بێت".

"هەرێم لە بەغدا ئەو قورساییە سیاسییەی جارانی نەماوە هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو هەنگاوە هەڵانە دەگەڕێتەوە کە سیاسییەکان و کاربەدەستان و حکومڕانەکانی کوردستان نایان لە ساڵانی رابردوو، بۆیە ئێستا حکومەتی هەرێم ناچارە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا لەگەڵ حکومەتی عیراقدا رێکبکەوێت" قارەمانی باسی کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو "گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی لەم رێککەوتنانە بڕوانێت تەنیا یارییەکی سیاسی نەبێت، چونکە حکومەتی مەرکەزی سیاسەت دەکات و تێدەگات لەو یارییە سیاسیانە، هەروەها حکومەتی عیراق متمانەی کەمی بە شاندی هەرێم هەیە وەک دەبینین زۆرکات پێشوازی لێناکرێت، بۆیە گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو متمانەیە سەرۆکی حکومەتی هەرێم تەنانەت سەرۆکی هەرێمیش لەگەڵ ئەو شاندەدابێت  کە سەردانی بەغدا دەکات ".

"شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازی گەیشتنن بە رێککەوتن"
دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق بەردەوامن لە بەغدا، هەروەها شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازی گەیشتن بە رێککەوتن هاتوونەتە بەغدا".

"کۆبوونەوەکان بەگشتی لەسەر بودجەی 2020 و 2021ن ، هەروەها هەوڵی گەیشتن بە چارەسەر دەدرێت بۆ ئەو کێشانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراقدا هەیە" دیلان غەفور وای وت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد "ئامادە باشییەکی باش هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەم هاتنەیان دەرئەنجامی گەیشتنبێت رێککەوتنێک، هەروەها پێشبینی دەکەم کۆبوونەوەکان دەرئەنجامی باشی هەبێت".

"بەغدا و هەولێر دەبێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتن ئەنجام بدەن"
پێشڕەو وەیسی، چاودێری سیاسی سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ مەودا میدیا باسی لەوەکرد "چوونی ئەمجارەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەی پێشووترە کە وەفدی هەرێم چوونەتە بەغدا، هەروەها لە ماوەی رابردوو بەغدا بڕێک پارەی نارد بۆ هەرێمی کوردستان ئەمەش دەتوانین بڵێین هەنگاوێکی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە زارەکییەبوو کە لەنێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عیراقدا کرا".

"بەغدا و هەولێر دەبێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتن ئەنجام بدەن، چونکە رێککەوتنەکە پێویستییەکە بۆ هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستا" پێشڕەو وەیسی وا دەڵێت.

هەروەها ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی حکومەتی عیراق رايگەياندووە "مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکان نێوان هەردوولا و پابەنددەبن بە ئەرکە دەستورییەکانی سەر شانیان و دەستوور دەبێتە بنەمای رێککەوتنەکان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان