نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

گەڕانەوە بۆ كەركوك

هێشتا كەركوك و دۆزە رەواكەی بەشێكن لە مێژووی بزووتنەوەی كوردایەتیی بە كۆن و نوێوە، دۆزەكە قۆناغی جۆراوجۆری دیتوە، بەڵام لای كورد و حزب و سەركردە و بزووتنەوەكانی سەنتەری چارەسەریی هەموو كێشەكان بووە. نكۆڵی لەوە ناكەم كەمتەرخیی زۆر بەرانبەر كەركوك كراوە، بەڵام نە گرنگی خۆی لەدەستداوە نە ستراتیژی پشتگوێخستنی كەركوك بووە، بگرە هەندێكجار ناچاری و هەندێكجاریش خۆڕێكخستنەوە بووە بۆ قۆناغی داهاتوو.

بارودۆخی ئێستای كەركوك ئاسایی نییە، تەعریبی بەرنامە بۆ دانراو بەڕێوەدەچێت، شیعە چاوی خستووەتە سەر كەركوك و دەیەوێت لە ژمارە و هەمینەی كورد و عەرەب كەمبكاتەوە، توركمان دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەیە و بە دەسەڵاتی عەرەب رێگە لەمە دەگرێت، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە حزبەكانی كورد و كوردستانی لەو شارە پەرتەوازەن و سیاسەتێكی یەكگرتوویان نییە تەنانەت كە ئێستا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دەچین.

راستییەكەی دەبوو لە كەركوك حزبە كوردییەكان یەك لیستیان هەبووایە، كە ئەمەیان نەكرد دەرئەنجامێكی باش نابێت، رەنگە هەر لایەنێك هۆكار و بیانووی خۆی هەبێت، بەڵام هیچیان رەوانین مادام كەركوك و ناسنامەكەی مەترسیی تەعریبیان لەسەرە.

دەرفەتێكی دیكە هەیە من ناوی لێدەنێم "گەڕانەوە بۆ كەركوك"، مەبەستم لەمە ئەوەیە لەئێستادا كە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە حزبە كوردییەكان بەشێوەیەكی كاریگەر و نیشتمانییانە كاربكەن و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترینی كورسییەكان بدەن، ئەمە دەبێتە هەوڵێكی باش و ئەرێنی بۆ ئەوەی سەنگی كورد لە كەركوك بپارێزرێ، هەروەها بۆ ئەوەش باشە دوای هەڵبژاردنەكان ئازایانە لە پەرلەمانی عیراق راستیی ئەوە بسەلمێنن كورد خاوەنی كەركوكە بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی پێكەوەژیان لەگەڵ كەمە نەتەوەكانی وەكو عەرەب و توركمان لە شارەكەدا.

گەڕانەوە بۆ كەركوك دەبێت بنەمایەكی نیشتمانی هەبێت، حزبەكان كۆببنەوە و تەنها خاڵە هاوبەشەكانی سەلماندنی كوردبوونی ئەو شارە و زیاتر خزمەتكردنی كورد بكەنە بنەمای گفتوگۆكردن، هەروەها لەسەر پەیماننامەیەكی كوردستانی رێكبكەون بێئەوەی لەبەرچاوی بگرن دەنگی كام حزبەیان زۆر و كامەشیان رێژەی ئەندامەكانی كەمە.

لەگەڵ ئەوەی مەترسیی زۆر لەسەر داهاتووی كەركوك بەدیدەكەم، بەڵام ئاسۆی زۆریش هەیە ئەویش گەڕانەوەی راستەقینەیە بۆ كەركوك بەو مەرجەی ستراتیژێك بۆ پاراستنی كورد و شوناسەكەی لەو شارە هەبێت. خۆ كوردیش ئەوەندە بێهێز نییە نەتوانێ كاری گرنگ بكات، بەڵام كێشەكە لەوەدایە هێزی كورد پەرتەوازەیە پێچەوانەی ئەو پەندەی كە دەڵێت "هێز لە یەكێتیدایە".


https://www.youtube.com/watch?v=_5-bxdrGMxk
خ.غ 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan