نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

بەردەکانی لیانکۆرت

بە زمانی ئینگلیزی (بەردەکانی لیانکۆرت)، بە فەرمییش حکومەتی کۆریای باشوور بە دوورگەی (دۆکدۆ) و ژاپۆنیش بە (تاکیشیما) ناوی دەبەن. ئەو دوورگەیە، دەکەوێتە ناوچەی دەریایی رۆژهەڵاتی کۆریای باشوور و رۆژئاوای ژاپۆن. لە ناوچەی دەریایی ژاپۆنە، بەڵام بەیەک مەودا لە هەردوو خاکی کۆریا و ژاپۆنەوە دوورە.

ئەم (ئەرخیپیلا)یە، کۆمەڵێک دوورگەن بەیەکەوە، لە دوو دوورگەی گەورە و (35) بەردی بچووک پێکهاتووە. رووبەریان بەیەکەوە (0.187.554 کم2)یە، تەنها 50 کەس لەسەری دەژین.

گرنگیی ئەم ئەرخیپیلایە لە چەند روویەکەوەیە؛ وەک بەندەرێک بۆ لەنگەرگرتنی کەشتی و بەلەمەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەها بۆ راوکردنی شێری دەریایی و گوێچکەماسی و جۆرەکانی تری بوونەوەرە دەریاییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی بۆ خواردن دەگونجێن. رووەکێکی زۆر دەگمەنی تیایە بەناوی (سۆهۆ تشیکۆ)، کە جۆرێکە لە قامیشی بامبۆ (حەیزەران). سەرەڕای ئەمانەش، دوورگەکە گەنجینەیەکی ناوازە و بە بەهایە، بەتایبەتی لە رووی رۆحییەوە تاکە شوێنەوارە، ئەویش لەبەرئەوەی ئارامگەی (یاتومی) لێیە، کە یەکێکە لەو حەوت ئارامگەیەی ژاپۆنییەکان بۆ خودا (بێنێن) خودای موزیک و خۆشی دروستیانکردووە. پردێکیشیان لە وێستگەی (گاما گوری)یەوە تا ئەو ئارامگایە دروستکردووە و باوەڕیان وایە رۆیشتن لەسەر ئەو پردە بۆ دوو عاشقی دەست لەناو دەست، خۆشبەختییان بۆ دەهێنێێت و دواتریش کاتێک دەگەنە ئارامگەکە، ئەگەر ئاهەنگی ئایینیی بگێڕن؛ ئەوا خۆشگوزەرانی و وەچەی باش و خێزانیان بۆ دەهێنێتەدی.

هەروەها دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و باڵندەی جۆراوجۆر، ئەمە جگە لەوەی بە زنجیرە بەردی شیلان (مەرجان)یی دەگمەن بەناوبانگە.

ئەم دوورگەیە، لە مێژوویەکی دوورودرێژەوە کێشەیەکی چارەسەرنەکراوی نێوان (تۆکیۆ و سیئۆل)ە، هەردوولا بە خاکی خۆیان ئەژماری دەکەن و بەڵگەی مێژوویی دەهێننەوە و بە مافی خۆیانی دەزانن.

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەم، ژاپۆن دوورگەکەی بەتەواوی داگیرکردووە. لە ساڵی 1905 ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنی، بە فەرمی خستوویەتییە سەر وڵاتەکەی. 

لە ساڵی 1952 کۆماری کۆریا پێش ئەوەی ببێتە ئەندام لە پەیمانی سان فرانسیسکۆ و ئاشتی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هات تاکلایەنانە هێڵێکی دانا بە ناوی (سینگماناری) و هێزی ئاسایشی ناردە ناوچەکە، ئەو هێڵە تاکیشیمای خستە سەر کۆریا. ژاپۆن بەتوندی دژی وەستایەوە بەناوی ئەوەی ئەو کارە دژی یاسای نێودەوڵەتییە. ئیتر لەو کاتەوە کۆماری کۆریا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دوورگەی تاکیشیمادا هەیە.

لە ساڵی 1954 سەرۆکی ئەوسای کۆریای باشوور، بەڕەزامەندیی کۆی ئەندامانی پەرلەمانەکەیان، بڕیاریان دەرکرد کە دۆکدۆ بەشێکە لە خاکی کۆریا.

لە ساڵی 2012 سەرۆک کۆماری کۆریا (لی میۆنگ باک)، سەردانی دوورگەی تاکیشیمای کرد و بە کردەوە سەروەریی وڵاتەکەی بەسەریدا سەپاند بە لابردنی پەردە لەسەر پەیکەرێکی بەردیین، کە واژۆی خۆی لەسەر کرد. ئەوکات سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، بە خەتی خۆی نامەیەکی ناڕەزایی بۆ نووسی دەربارەی ئەو سەردانە، بەڵام سەرۆک (لی میۆنگ) نامەکەی وەرنەگرت و ناردییەوە، ژاپۆنیش باڵیۆزی وڵاتەکەی لە کۆریا کشاندەوە.

لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ژاپۆن بەردەوام وەک وڵاتێکی ئاشتیخواز هەڵسوکەوت دەکات و دەیەوێت بە رێگەیەکی ئاشتییانە کێشەکە چارەسەر بکرێت، داواشی لە کۆریا کرد ئەم پرسە ببنە دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی (ICF)، بەڵام کۆریا لە سێ بۆنەی جیاوازدا رەتیان کردەوە. هۆکارەکەش؛ کۆریا ئێستا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و سستیی دەنوێنێت لە چارەسەری ئەو پرسە و ژاپۆنیش سوورە لەسەر چارەسەرکردنی بە رێگەیەکی ئاشتییانە.

خ.غ