نەرمین عوسمان
مانای چەمکی پاتریارکی (باوکسالاری)
پاتریارک چەمێکیکی کۆنە، لە کۆمەڵگە کۆنەکانی رۆژهەڵات پێش (3000) ساڵ پ.ز سەری هەڵداوە. وشەیەکی لاتینییە، لە (Pater) بە واتای (باوک)، (Arch) بە واتای (دەسەڵات) یان (سەرۆک) پێک هاتووە؛ لە رووی مێژووییەوە بە مانای (دەسەڵاتی باوک) دێت، یاخود هاوشێوەکانی باوک وەک: (برا، مێرد).
زانستە کۆمەڵایەتییەکان پاتریارک بەم شێوەیە پێناسە دەکەن: دیاردەیەکی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە، تیایدا پیاوان خاوەنی دەسەڵاتن بەسەر ژنانەوە، چ بە ئاشکرا یاخود بە شاراوە. ئەم دیاردەیە بوونی لە بەهاکان، هەڵوێستەکان، نەریتە باوەکان، بڕیارەکان و دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و بەردەوامە، دەبێتە هۆکار بۆ دەسەڵاتی بەدەستهێنان لە رووی جەستەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەوە... لە کەنیسەکانی ئەرسەدۆکسی و کاسۆلیکدا بۆ پایەی سەرۆک و بەرپرسی قەشەکان بەکار دەهێنرێت.
مێگەراکان، بەشێوەیەکی گشتی پاتریارکیەت (دەسەڵات باوک) وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی پێش تازەگەری و سەرمایەداری سەیر دەکەن، کە بەهۆیەوە پیاوان ژنانیان کردووەتە ژێردەستە و بووەتە سیستمێکی گشتگیر و چووەتە ناو سیستمی کۆمەڵایەتی و ئایدیاکان و تێڕوانینەکانەوە، سنوور و کاتی بڕیوە و لەم سەردەمەشدا بەشێوەیەکی بەرفراوان پیادە دەکرێت.
پیاوان، بە هەموو شێوەیەک، هەموو دەسەڵاتێکی مادی و هێز بەکار دەهێنن بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکانیان تا رادەی توندوتیژیی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئەو دەسەڵاتە (پاتریارک) پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و کۆمەڵی داڕشتووە و کاریگەریی کردووتە سەر ژنان و ئیرادەیان و تووشی سستیی کردوون، تەنانەت ئەگەر تاکێک یاخود گرووپێک بەرهەڵستی و دژایەتی ئەو سیستمە بکەن؛ ئەوا لایەنی بەرانبەر هەموو دەسەڵاتەکانیان بەکار دەهێنن بۆ سەرکوتکردنیان و پارێزگاری لە مانەوەی ئەو سیستمە پاتریارکییە. لە مێژوودا نموونە زۆرە؛ بەرەنگارییەکانی پیاوان دژی ژن تەنیا بۆ مەبەستی مانەوەی دەسەڵاتیان بەسەر سەرچاوە داراییەکاندا نییە، بەڵکوو دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتانە بهێڵنەوە بۆ ئەوەی ژنان خزمەتیان بکەن و لە پیاوان بترسن و گوێڕایەڵیان بن لە تێرکردنی ئارەزووەکانیان و چەندین لایەنی دیکەوە، هەروەها نایانەوێت هەستکردن بە شکۆ و دەسەڵات و بایەخی کۆمەڵایەتییان کەم بێتەوە، یاخود لەدەستی بدەن.
پاتریارک، تەنیا بۆ پێگەی ژن نییە، بەڵکوو بۆ چەندین جۆری جیاکاری بەکار دەهێنرێت، وەک: رەگەزی نەتەوەیی و چینایەتی...
مێگەرا ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان را و بۆچوونیان لەسەر پاتریارکیەت جیاوازە، هەرچەندە هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی هۆکارە بۆ جیاکاری نێوان نێر و مێ، بۆ نموونە؛ لیبراڵەکان دەڵێن: پاتریارکیەت تەنیا بۆ جیاکاری ژن و پیاوە. مارکسییەکان دەڵێن: سیستمێکە بە سەرمایەدارییەوە لکاوە. رادیکاڵەکان دەڵێن: رۆڵی سەرەکی هەیە بۆ بەکۆیلەکردنی ژن. لە رووی جێندەریشەوە، پاتریارکیەت هۆکارە بۆ دابەشبوونی نێر و مێ و گۆڕینیان لە رووخسارێکی بایۆلۆژییەوە بۆ دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی.
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
خ.غ