نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

پێگەى ژن لاى ئەفلاتوون

ئەفلاتوون، لە ئەسینا ژیاوە. بەشێک لە کتێبەکەی (کتێبی پێنجەم لە کۆمار)ەکەی، بۆ پرسی رەگەزی و باسی ژن و ئەو رۆڵانەی دەیگێڕن و پەیوەندییان بە پیاوەوە تەرخان کردووە.

لە کتێبی "کۆمار"دا ئەفلاتوون وێنای دەوڵەتێکی بێخەوشی کردووە و دەڵێت: دەبێت دامەزراوەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی سیستمی سیاسی لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە بەڕێوە ببرێن. 

ئەفلاتوون لە پرسی دەستنیشانکردنی فەیلەسوفە (دەسەڵاتدارەکان) و ژمارەیاندا، تا رادەیەک جیاوازی لە نێوان هەردوو رەگەز (نێر و مێ)دا نەکردووە، تەنیا مەرجی سەرەکی کە دایناوە؛ خەسڵەتی ئەو کەسانە بووە. لەگەڵ ئەوەش بایەخی تایبەتی بە پیاوان داوە کە لەو بوارەدا کار بکەن. 

لاى ئەفلاتوون، ژنان لە دوو رووەوە پێویستن، یەکەمیان: پیاوێکی فەیلەسوف پێویستی بە ژنێکی فەیلەسوفە تا بتوانێت هاوکاری بێت (واتا وەک هاوکاری پیاو بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی). دووەمیان: ژنان خۆشیان دەتوانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، چونکە جیاوازیی جەستەیی هەردوو رەگەز زۆر بایەخی نییە و خەسڵەتی ژنان و پیاوان لەو بوارەدا هاوشێوەیە. واتا؛ بۆ ئەو کارانەی پەیوەندییان بە ئیدارەدانی دەوڵەتەوە هەیە، پێی وایە جیاوازیی نییە لە نێوان (نێر و مێ) و کارێک نییە تایبەت بێت بە ژن یاخود بە پیاو، بەڵکوو توانا و لێهاتوویی دابەش بووە لە نێوان تاکەکانی هەردوو رەگەز. ژنی بەتوانا، دەتوانێت هەموو کارێک بکات کە پیاوێکی بەتوانا دەتوانێت بیکات.

گەر بەشێوەیەکی هاکەزایی و رووکەشانە سەیری هەڵوێستی ئەفلاتوون بکەین، وا بەدی دەکەین کە بەیەکسانی و بەبێ دەمارگیریی سەیری هەردوو رەگەز دەکات، ئەویش لە دەوڵەتی دادپەروەریدا، بەڵام گەر بە وردی سەیری بکەین؛ دەبینین خۆی بە لای پیاواندا شکاندووەتەوە. 

هەندێک لەوانەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لە فەلسەفەکەیدا کردووە، جا مێگەراکان بن یاخود لەلایەن پیاوانیشەوە، گومان لە بۆچوونەکانی دەکەن، هەندێک پێیان وایە کە بەراوردکردنی ژنان بە پیاوان وەک پێوەرێک بەکار دەهێنێت. هەندێکیش دەڵێن ئەفلاتوون دوژمنی ژن بووە، بەتایبەتیش لە بایەخدانی بە بیرۆکەی چاککردنی وەچە، کە پێی وابووە دەبێت هاوسەرگیری و پەیوەندی نێوان نێر و مێ بخرێتە بەردەست (قازییەکان) و ئەوان بڕیاری لێ بدەن، بەبیانووی ئەوەی دەوڵەت پێویستی بە وەچەی تەندروست و بەتوانا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی. لەم کردەیەدا کە دەوڵەت پێویستە لە ژیانی تایبەتیی نێوان ژن و پیاودا بڕیاربەدەست بێت و ژن و پیاوی تەندروست دیار بکات؛ خەڵکانی کەمایەتی و هەژارەکان دەبنە قوربانیی وەک ئەوەی لە دەسەڵاتی شۆڤێنیزمدا پەیڕەو دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا ژنان وەک ئامرازێکی زاوزێ و چێژ بەکار دەهێنرێن و لەوەش خراپتر؛ دوورخستنەوەی دایکانە لە هەستی دایکایەتی بە دوورخستنەوەیان وەچەکانیان. لەگەڵ ئەمانەش، هەندێک رایان وایە ئەم جۆرە بۆچوونانە ئەگەرن و رەنگە وا نەبن، ناشبێت ئەو سەردەمە لەگەڵ پێوەر و دابونەریتی ئەم سەردەمی تازەگەرییە بەراورد بکەین. 

لە راستیدا: فەیلەسوفەکان، تیۆریستەکان، نووسەر و رۆماننووسەکان... بە بۆچوونە جیاوازەکانیانەوە زادەی کات و شوێن، کولتوور و دابونەریت، ژینگە و ئەزموونەکانیانن.

ئەو گەنگەشەیەی دەربارەی بۆچوونەکانی ئەفلاتوون کراون و دەکرێن سەبارەت بە ژن، دوو ئاراستەی پێچەوانەی یەکتریان وەرگرتووە، هەیانە دەڵێن: لەو سەردەمەدا بەشێوەیەک گشتی بە چاوێکی نزم سەیری ژن کراوە... لایەنەکەی دیکەش دەڵێن: لەو سەردەم و شوێنەی ئەفلاتوون تێیدا ژیاوە بەراورد بە ژنانی شوێنەکانی تر و سەردەمانی دواتر، بە رێزەوە رەفتاریان لەگەڵ ژن کردووە و تا رادەیەکیش ئازاد بوون.
  
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan