خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

گێمی دووەمی ململانێی توركیا و رووسیا

توركیا و سوریا لەسەر ئاییندەی شاری ئیدلب چوونەتە ململانێیەكی واوە كە دوور نییە ئەنجامەكەی بەدڵی زۆرینەی لایەنە ناكۆكەكانی نەبن، لێرە ئیدلب تەنیا شارێك نییە، بەڵكو زیندووكردنەوەی شوناسە لای توركیا و بۆ سوریایش پارێزگاریكردنە لە شوناسی ناسیۆنالیستیی عەرەبی كە ئەوەیان رەگێكی قوڵتری هەیە.

رێككەوتنی ئاستانە لە ساڵی 2018 و دواتریش نوێكردنەوەی لە ساڵی 2019 بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئیدلب هێشتا باسی لێوە دەكرێت، سووربوون لەسەر جێبەجێكردنی هەر رێككەوتنێك پەیوەندی بە هاوسەنگیی هێزەوە هەیە، بۆ سوریا و لەنێو گێژاوی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕینی هاوسەنگی هێز بابەتەكە لە هەمووكات زیاتر گرنگە.

توركیا لە سەردەمی سەركێشی لە سیاسەتی دەرەوەیدا تووشی چەندین كێشە بووە، خۆ خزاندنی بۆ نێو ململانێ و راپەڕینی گەلانی سوریا هەر لە سەرەتاوە، چوونی بۆ لیبیا و خەونبینین بە زیندووكردنەوەی خەلافەتی عوسمانییەوە كە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی بیستەمیش موعمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووی لیبیا ئەو مەترسییەی باسكردبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا توركیا بەهۆی دەستكردنی بە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و گازەوە لە دەریای ناوەڕاست و سنوورە ئاوییەكانی نیوەدوورگەی قوبرس و نانەوەی كێشەی لەگەڵ میسر و ئیسرائیل و كۆماری قوبرسی یۆنانی هەرایەكەی گەرمتر كردووە.

لە پرسی سوریادا دوو جەمسەری جیاواز هەیە، یەكەمیان ئێران و رووسیا و بە چڕی هاوكاریی رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەكەن و تائێستا ئەوان هۆكاری مانەوەین، دووەمیان توركیا و بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریایە، لێرەدا توركیا گرێی خاوەندارێتی هەیە لەسەر سوریا و ئەوەش پەیوەندیی بە مێژووی خەلافەتی عوسمانییەوە هەیە. رووسیا و ئێران بەدیوێكی دیكەدا لە كێشەكە دەڕووانن كە بریتییە لە جەمسەربەندیی هەرێمایەتی بۆ بەهێزكردنەوەی سیاسی و ئابوورییان و بۆ ئەوەش سوریا ژینگەیەكی گونجاو و سازاوە بۆ ئێران تەنانەت لەو رووەشەوە كە هیلالی شیعی پچڕانی تێنەكەوێت.

ساڵی 2015 هێزە ئاسمانییەكانی توركیا فڕۆكەیەكی سۆخۆی رووسیایان خستە خوارەوە، ڤلادمیر پۆتین بە قورسی گەمارۆی ئابوووریی خستە سەر توركیا و دوای زیاتر لە ساڵێك رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا بەڕەسمی داوای لێبوردنی كرد و بەو هۆیەیشەوە پەیوەندییەكی نوێ لەنێوان رووسیا و توركیا دروستبوو.

رووسیا ئەندازیاری رێككەوتننامەی ئەستانەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئیدلب، توركیا خۆی لە جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنەكە دەدزێتەوە، سوریا بەجۆرێك بەهێزبووەتەوە و رووسیاش دەیەوێت پێگەی خۆی قایمتر بكات بۆ ئەوەش بەتەواوی هاوكاریی بەشار ئەسەد دەكات. 

بەپێی پێدراوەكانی هەیە رووسیا و توركیا لە شەڕی ئەمجارەی ئیدلب دەچنە قۆناغی دووەمی ململانێیەكەوە، قۆناغی ئەمجارە رووسیا و ئەسەد بەهێزترین كە پێكەوە دژی توركیان، هەرچی توركیاشە بەهێزە، بەڵام ئاراستە سیاسییەكەی هەڵەیە. داوای ئەمەریكا و رووسیای رەتكردەوە و سیسیتمی بەرگریی S400ی رووسی كڕی، زیاتر لە رووسیا نزیكبووەوە و سیاسەتێكی شاشی گرتووەتەبەر.

ململانێكردن لەگەڵ رووسیای سەردەمی پۆتین ئاسان نییە، بەڵام توركیای سەردەمی ئەردۆغان لانیكەم لەئێستادا بەدەست دەیان كێشەی ناوخۆیی و دەرەكییەوە دەناڵێنێت، لەلای سوریاوە بۆ توركیا سیاسەتێكی هەڵەیە لەگەڵ رووسیا قۆناغی دووەمی ململانێیەكە تەواو بكات. توركیا كێشەی سیاسی لەگەڵ زیاتر لە 10 وڵاتی كاریگەر و بەهێز هەیە، دۆخی ناوخۆیی ناجێگیرە، ئابوورییەكەی لاواز بووە و رۆژ لەدوای رۆژ بەهای لیرەی توركی دادەبەزێت.
رووسیا پێچەوانەی توركیایە، دۆخی ناوخۆیی جێگیرە، هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی نەوت بنەمای ئابوورییەكەی نەبێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی خاوەن جەمسەربەندییەكی بەهێزە و سەركەوتوویش بوو لەوەی توركیا لە ئەمەریكا دووربخاتەوە و بێ متمانەی بكات.

گێمی دووەمی ململانێی توركیا و رووسیا قورس دەبێت، ئەمەریكا بەئاسانی متمانە بە توركیا ناكاتەوە و روونتریش نایەوێ بچێتە شەڕی گەرمەوە لەگەڵ رووسیا لەبەر توركیا، بۆ سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئاسایشی ناوچەكەش كەوا كورد بەشێكە لێی دروست ئەوەیە توركیا لە گێمی دووەمی ململانێیەكە بكشێتەوە.   
https://www.youtube.com/watch?v=jQvpQv3EKic
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan