نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

سۆشیال میدیا، مۆتەکە تازەکەی ژنان

تۆڕەکانی پەیوەندی، سیستمێک یاخود چەند سیستمێکن تەواوکەری یەکترن بۆ پەیوەندییە گشتییەکان، لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، توندوتیژی شێوازێک و بەرگێکی تری بە بەردا کراوە، رووبەرێکی تازەتری پەیدا کردووە و کارئاسانی بۆ بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان کردووە، بە کلیکێک هەر رووداوێک لە زۆربەی شوێنەکان بڵاو دەبێتەوە. زۆربەی جار هەر توندوتیژییەک چ لەسەر شەقام و دەرەوە، یاخود لە ناو ماڵ و شوێنی کاردا روو بدات، گەورە دەکرێت و لە کۆمێنتەکاندا بێ ئەوەی کەسەکان هیچ زانیارییەکی قووڵیان لا بێت، بە باش و بە خراپ کۆمێنت دەنووسن، کە ئەوەش زۆربەی جار دەبێتە هۆکار بۆ تێکدانی باری دەروونی و کۆمەڵایەتیی تاکەکان لە هەموو روویەکەوە. هەندێک جار بە شێوازی ڤیدیۆیی بابەتێک بڵاو دەکرێتەوە و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نەک تاکە خێزانێک، بەڵکوو چەند خێزانێک و هەندێک جاریش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی تا رادەی کوشتن. 

هەڕەشە، تۆقاندن، هەراسانکردن، تەشقەڵە، ناوزڕاندن... روویەکی تری بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییە، کە بەشێکی بۆ پارەکێشانەوەیە و بەشێکی زۆریشی بەهۆی نزمیی ئاستی هۆشیاریی تاکەوەیە. ئەم شێوازە تازەیە و زمانی تازەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە چارەسەرکردنە و بە چەندین لایەنی تایبەتمەند دەکرێت ئەم جۆرە لە توندوتیژی کەم بکرێتەوە.

یەکێک لەو لایەنانەی دەتوانن لەو رووەوە رۆڵێکی سەرەکی و بەرچاو بگێڕێن، رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارەکانن، کە دەتوانن رۆڵی گرنگ ببینن و زانیاریی باوەڕپێکراو بڵاو بکەنەوە و نەکەونە بەرەی چەواشەکارانەوە، لە کارەکانیاندا شارەزایانە و بەرپرسانە مامەڵە بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرانبەر بە کۆمەڵگە. هەروەها دابونەریتە چەقبەستوو و نەخوازراوەکان رووماڵ بکەن. ئەگەر رۆژنامەوان و پەیامنێرەکان بەرپرسانە رەفتار نەکەن، ئەوا دەبنە هۆکارێکی تر بۆ زیادبوونی رادەی توندوتیژی. هەروەها یاسا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پاراستنی مافە مۆراڵی و کۆمەڵایەتییەکانی هاوڵاتی بۆ هەر زانیارییەک کە لە رێگەی چەناڵە جیاوازەکانی پەیوەندییە بەردەستەکانەوە دەستی دەکەوێت، هەر کەسێک لەو یاسایانە لا بدات سزا بدرێت بەپێی یاسا. 

لە عیراق و کوردستان یاسا دانراوە بۆ ئەو جۆرە سەرپێچییانە، بەڵام زۆربەی کێشەکان ماوەیەکی زۆر دەخایەنن تا دادگە ئەنجام و وەڵامێکی دەبێت، ئەو کەسەی جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژیی بەرانبەر کرابێت؛ لە رووی کۆمەڵایەتییەوە سزای خۆی وەرگرتووە. رۆژانە لە دادگەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەیان هاوڵاتی سکاڵا تۆمار دەکەن سەبارەت بە ناوزڕاندن بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە. 
یاسای سزادانی عیراقی لە مادەکانی 433، 434، 438 و 363دا، کە باس لە ناوزڕاندن و ستەم دەکات بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندی، سزاکەی بە زیندانیکردن بۆ ماوەی (1 – 5) ساڵ دیاری کردووە. لەگەڵ ئەوەی ئەو سزایانەش هەن، بەڵام یاساکە پێویستی بە هەموار و چاککردن هەیە، چونکە کاتێک ئەو یاسایە لە ساڵی 1969 داڕێژراوە، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بوونیان نەبووە، بۆیە دەبێت هەردوو مادەی 433 و 434 لە یاسای سزاکان هەموار بکرێنەوە بەجۆرێک لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ئێستا بگونجێن، چونکە ئێستا ئەوەندەی تۆڕەکانی: فەیسبووک، تویتەر و ئینستگرام... بەردەستە و بە ئاستێکی بەرفراوان بەکار دەهێنرێن، ئەوەندە رۆژنامە و چاپکراوەکان بەکار ناهێنرێن.

لە هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 2008 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی دەکرد و لە مادەی 2ی یاساکەدا سزای دیاری کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە مۆبایل، یان ئامێرێکی پەیوەندیکردن، یان ئینتەرنێت، یان پۆستی ئەلکترۆنی بەکار دەهێنن بۆ هەڕەشەکردن، یان تۆمەت هەڵبەستن، یان جنێودان، یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو کە ترس بڵاو بکاتەوە، یان دزەپێکردنی گفتوگۆکردن، یان وێنەی چەسپاو و جووڵاو، یان کورتەنامەی بڵاو کردەوە کە لەگەڵ خوڕەوشتی گشتیدا ناگونجێ، یان بەبێ رووخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت، یان کارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات، یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدڕەوشتی بدات، یان زانیاریی نهێنی پەیوەست بە ژیانی تایبەت یان خێزانیی بۆ تاکەکان بڵاو بکاتەوە...، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت، بە غرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت، یان یەکێک لەو دوو سزایە دەدرێت.

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان ئەم یاسایە بەرکارە و رۆژانە لە دادگەکان چەندین دۆسیەی پێ تۆمار دەکرێت، بەڵام هێشتا ئەم یاسایەش پێویستی بە توێژینەوە و هەموار هەیە.
سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ئەو سەرپێچی و تاوانانەی بەهۆی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە روو دەدەن، تەنیا بە یاسا و دادگەکان ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە پەروەدە و هۆشیاریی تاک هەیە و دەبێت بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو لەو رووەوە کاری لەسەر بکرێت، هۆشیاریی تاک بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو تۆڕانە زۆر گرنگە.

لە لایەکی ترەوە ئەرکی دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردنە کە منداڵ و گەنج فێری چۆنیەتی بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بکەن، بەجۆرێک رەچاوی ئەخلاق و رەوشتی کۆمەڵایەتی بکەن و ئەو تۆڕانە بۆ زانست و سوودوەرگرتن بەکار بهێنن، نەک بۆ زیانگەیاندن بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و داڕووخاندنی کۆمەڵگە. 
  
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan