نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

كەركوك، پیلانەكان زیف دەكاتەوە

پیلانی شەڕ و دروستكردنی ناكۆكی و زیاتر ئاگرخۆشكردنی لەلایەن دەستەیەك نەیاری شاری كەركوكەوە لە مێژە دانراوە و تائەندازەیەك ئامانجیشی پێكاوە، شۆڕشەكانی كورد لە ئەیلولەوە بۆ شۆڕشی نوێ و دوای راپەڕین و تەنانەت دوای پرۆسەی ئازادكردنی عیراقیش لە ساڵی 2003 دروشمیان سیاسەتی پێكەوەژیان و لەگەڵ یەكتر هەڵكردن بووە لەبری شەڕ و شۆڕ و رشتنی خوێنی یەكتر.

كەمێك نەبێ لە عەرەب و توركمان لە سنووری كەركوك ژیابن، بەپێی بەڵگە زۆرینەیان هاوردەكراون، حكومەتەكانی یەك لەدوای یەكی عیراق بە پیلانی قۆناغ بە قۆناغ هەوڵی تێكدانی دیمۆگرافیای كەركوكیان داوە و یارییان بە ژمارە و رێژەی پێكهاتەكانی كردووە، دواترینیان حكومەتی بەعس بوو كە بە چڕی كاری لەسەر شوناسی نەتەوەیی كەركوك كرد.

پیلان؛ درێژخایەنە و  یاریكردن؛ تاكتیكەكەیەتی،  دوژمنانی كورد هەردوو شێوازەكەیان لەسەر كوردی كەركوك و ناسنامە كوردستانییەكەی تاقیكردووەتەوە، سەرنەكەوتوون بە پلەی رەها، بەڵام كاریگەریی نەرێنیشیان لەسەر شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیی شارەكە و دیمۆگرافیاكەی هەبووە و پێویستە رێگریی لێ بكرێ.

سازان و پێكەوەژیانیش دوو چەمكی جیاوازن، ناوەڕۆك یان بنەمای سازان بۆ حزبەكانی كوردستانی لە كەركوك باشترە، كەوا دەزانن مەترسی زۆر لەسەر شوناس و دیمۆگرافیای شارەكەیە هەیە و هێشتایش لە زۆر شوێن و وێستگەدا هەڵوێستیان دژ بەیەكە، ململانێى حزبی بەشێكە لە ژیانی سیاسی و ئازادییە سیاسییەكان، بەڵام دەبێ بۆ كەركوك شێوازێكی جیاوازتری هەبێ و نەگاتە مریشكە رەشە.

چەمكی پێكەوەژیانیش بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانی نێوان پێكهاتەكانە، سەرۆك مام جەلال زۆر جەختی لەمە دەكردەوە، بۆ كوردیش باشترە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەدا بەئاشتیانە بژی، كێ ناڵێ ئەوە دەبێتە دەرفەتێك بۆ سەرنجڕاكێشانی جیهان و خەڵكی پێكهاتەكەنانی تریش بۆ ئەوەی پشتیوانیی كورد بن و سیاسەتیان بكەوێتە خزمەتی پرۆژەی كوردییەوە.

كورد كە پێكهاتەی سەرەكیی شارەكە و خاوەنی ئەسڵیی كەركوكه، بەشێكی زۆری سیاسەتە رەگەزپەرستییەكانی مێژووی دوورودرێژی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقی بەرانبەر كەركوك زیف كردووەتەوە، زیفكردنەوەی سیاسەتی ستەمكاران بەرانبەر كورد ئاسان نەبووە و نابێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی حەق لای كورد بووە و سیاسەتی رەگەزپەرستیی بەرانبەر ئەوانی تری پەیڕەو نەكردووە، بۆیە هەمیشە كورد و كەركوك پیلان و يارییەكانی ئەوانیان زیف كردووەتەوە.

خ.غ  

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan