کوردستانی
قایمقامی پێنجوێن بۆچی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ماوەی 3 رۆژە هاوڵاتییانی پێنجوێن بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمکردنەوەی کارەبای ناوچەکەیان و دابەشنەکردنی سوتەمەنی بەردەوام لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، تا ئێستاش کەس بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەرۆشتووە، بەھۆی فشار و ناڕەزایەتی ھاوڵاتییان دژی نەبونی خزمەتگوزاریی و بەدەمەوە نەهاتنیان زانا ڕەحمان قایمقامی پێنجوێن دەستی لەکارکێشایەوە.
دەقی دەستلەکارکێشانەوەکەی:
بسم الله الرحمن الرحيم
لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا
دەست بەرداربوون
ماوەی زیاتر لە 8 هەشت ساڵە ئەمانەتی بەرپرسیارێتی پۆستی قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن لەسەر شانمە و نێوانی خۆم و خودای گەورە بۆ یەک ساتیش خیانەت و کەمتەرخەمیم لە کارەکەمدا نەکردووە و پۆستی قایمقامییەتیم بۆ بەرژەوەندی تایبەتیم بەکارنەهێناوە و هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافەکانی هاوڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم بووم و لەخۆشی و ناخۆشییاندا بەشدار بووم.
بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان و زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم لەسەر جادەن و داوای چاککردنی بارودۆخی کارەبا دەکەن، بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوینەتەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکراوە سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دەرگای لایەنە پەیوەندیدارەکانمان داوە.
بۆیە وەک بەرپرسێک کە هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە لەبەردەم خودای گەورە و ئەمانەتی بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە بەرامبەر بە خەڵکی سنووری قەزای پێنجوێن دەست بەرداری پۆستی قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن.
داوای لێبوردن لەخودای لێبووردە و میهرەبان و پاشان خەڵکی خۆشەویستی سنووری قەزای پێنجوێن دەکەم لە هەر کەموکورتییەک لە کاروبارمدا هەبووبێت.
لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە هاوکار و پاڵپشتم بوون بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکانی قایمقامییەتیم لە دام و دەزگاکانی حکومی و مامۆستایانی ئایینی و لایەنی ئەمنی و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە خێرخوازەکان و فەرمانبەرانی قائیمقامییەت و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بەتەنها وشەیەکیش یارمەتیدەرم بووبێ بۆ باش بەرەوپێش چوون و سەرکەوتنم و زۆر سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان و مەکۆی پێنجوێن دەکەم کە متمانەیان پێکردم و بەرپرسیارێتی پۆستی قایمقامییەتی قەزای پێنجوێنیان بەمن سپارد.
جێی شانازی بوو بۆ من کە وەک پێنجوێنییەک ماوەی 8 هەشت ساڵ لەخزمەتی هاوڵاتییانی سنووری قەزاکەمدا بووم.
کەپێنجوێنی بوونم شانازییە بۆم و شانازی بە گەورە و بچووکی پێنجوێنییەکانەوە دەکەم.
جێی شانازی بوو بۆ من کە وەک پێنجوێنییەک ماوەی 8 هەشت ساڵ لەخزمەتی هاوڵاتییانی سنووری قەزاکەمدا بووم.
کەپێنجوێنی بوونم شانازییە بۆم و شانازی بە گەورە و بچووکی پێنجوێنییەکانەوە دەکەم.
رَبَّنا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ...
وَتُبْ عَلَيْنا إِنَّكَ أَنْتَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ...
زانا ڕەحمان ڕەحیم
قائیمقامی قەزای پێنجوێن
ژ.م
بیروڕا


