کوردستانی

سەندیکای کرێکارانی کوردستان: لە کارگەکان ئەو مافەی دەدرێت بە کرێکارێکی بیانی نادرێت بە کرێکارێکی ناوخۆ

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەندیکای کرێکارانی کوردستان: لە کارگەکان ئەو مافەی دەدرێت بە کرێکارێکی بیانی نادرێت بە کرێکارێکی ناوخۆ
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایدەگەیەنێت لە بەشێک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان ئەو مافەی دەدرێت بە کرێکارێکی بیانی نادرێت بە کرێکارێکی ناوخۆ، ئاماژەی بەوەشکرد لەئێستادا کرێکاران لە رووی مووچە و سەلامەتییەوە دۆخیان زۆر خراپە.

چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لەبارەی کرێی کارکردنی کرێکارانەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری دەرکردووە سەبارەت بە کەمترین بڕی مووچەی کرێکار کە کرێکاری ناکارایە دەبێت لە 350 هەزار دینار کەمتر نەبێت، بەڵام لە زۆرێک لە شوێنکارەکان بە هۆکاری کرێی رۆژانە و گرێبەستی کاتی مووچەی لەو بڕە کەمتریان دەدەنێ".

لەبارەی مافی کرێکارانەوە ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد "لە بەشێک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان ئەو مافەی دەدرێت بە کرێکارێکی بیانی نادرێت بە کرێکارێکی ناوخۆ".

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان سەبارەت بە سەلامەتی گیانی کرێکاران وتی "لیژنەیەکی هاوبەشمان هەیە لە قایمقامییەتی سلێمانی کە تایبەتە بە سەلامەتی پیشەیی لە شوێن کارەکاندا کە رۆژانە سەردانی سەدان شوێنکار دەکات و چاودێری رەوشی سەلامەتی کرێکاران دەکات، بەڵام رێژەیەکی زۆر کەمی شوێنکارەکان پابەندن بە سەلامەتی کارەوە بۆ کرێکاران".

وتیشی "پێویستە ژمارەی لیژنەکە زیادبکرێت، چونکە تەنها یەک لیژنە کەمە بۆ شارێکی وەک سلێمانی، هەروەها چوار لیژنەمان هەیە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە لە ژیان و گوزەرانی کرێکاران دەپرسنەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی کرێکاران لە شوێنکارەکان دەستبەر و ناونووس بکرێن بۆی لە داهاتوودا خانەنشین بکرێن کە بڕە پارەکە لە کرێی کرێکارەکە و خاوەن کارەکەی وەردەگرن".

لە کۆتایی وتەکانیدا چالاک رەئوف ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا کرێکاران لە رووی مووچە و سەلامەتییەوە دۆخیان زۆر خراپە، بۆیە پێویستە حکومەت کاری زیاتر بکات بۆ باشترکردنی دۆخی کرێکاران".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan