کوردستانی

سەرۆكایەتيی هەرێمی كوردستان: هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆكایەتيی هەرێمی كوردستان: هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە
مەودا میدیا-

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا داوای ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هاوكات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حكومیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەین بە سەرۆكایەتیی بەڕێز برێت مەكگورك، نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا و بە یاوەریی بەڕێز ئامۆس هۆكستاین، نێردەی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ پەیوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمداری عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی وڵاتە یەكگرتووەكاندا لەسەر بنەمای رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەكەینەوە".

باسی لەوەشكردووە "هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر كاتێك پێویستمان بە یەكگرتوویی و هاوكاریی نێوان هەموو لایەنەكان بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە كە پێكەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە و داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەین كە جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێكی فراوانەوە كێشەكانیان لە رێگەی گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكەن، ئەوەی كۆماندەكاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەكتریمان جیا دەكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەكڕیزی جێگیر بكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین".

راشیگەیاندووە "هاوكات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین وێڕای سەختییەكانی رابردوو، ئێمە گەشبینین كە دەتوانین لەگەڵ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع ئەلسوودانی و كابینەكەی و لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەكان چارەسەر بكەین".

 ك م 
Qaiwan
Qaiwan