کوردستانی

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: لە ساڵی رابردوو هیچ رۆژنامەنوسێك لە دەرەوەی یاسا دەستگیر نەكراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: لە ساڵی رابردوو هیچ رۆژنامەنوسێك لە دەرەوەی یاسا دەستگیر نەكراوە
مەودا میدیا-

دوای ئەوەی سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلكارییەكانی بۆ سەر رۆژنامەنوسان بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ساڵی رابردوو (64) رۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە". لەبەرانبەردا دیندار زێباری دەڵێت "لە ساڵی رابردوودا هیچ رۆژنامەنووسێك بەبێ بڕیاری دادوەر و لە دەرەوەی یاسا دەستگیر  نەكراوە".

د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند "ئازادییە میدیاییەكان لە هەرێمی كوردستان رێزیان لێدەگیرێت و پەرەیان پێدەدرێت و لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەشت هەزار رۆژنامەنووس تۆماركراون و بەلایەنی كەمیشەوە هەزار كەس هەن كە بەبێ ئەندامییەتیی ئەو سەندیكایە كاری رۆژنامەگەری دەكەن و لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا هەزار و 262 میدیای دیجیتاڵی و رۆژنامەوانی مۆڵەتیان بەدەستهێناوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ژمارەیە دەتوانین بڵێین كە لە هەر 778 هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان، یەكێكیان رۆژنامەنووسە و جگە لەوەش بۆ هەر گروپێك كە لە چوار هەزار و 910 هاووڵاتی پێكهاتبن بەرانبەر بە یەك میدیای ئەلیكترۆنی یان رۆژنامەوانییە".

لە وەڵامی سەنتەری میترۆ، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت "سەنتەری میترۆ نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەكارهێنانی یاسای تر جگە لە یاسای رۆژنامەوانی ژمارە 35ی ساڵی 2007 بۆ كەیسەكانی پەیوەست بە رۆژنامەگەری پیشانداوە، دیارە دەسەڵاتی دادوەری پێوەری تایبەتی خۆی هەیە بۆ جیاكردنەوەی یاسا پەیوەندیدارەكان لە یاسا ناپەیوەندیدارەكان و جێبەجێكردنیان لە چوارچێوەیەكی دادوەریی درووستدا هەرچەندە ئەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەرییە كە جێبەجێكردنی یاساكان لە دادگادا ڕوون بكاتەوە، بەڵام جەخت لەوە دەكەینەوە كە یاسای ڕۆژنامەگەری چالاكە و پێویستە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".

لە كۆتایی قسەكانیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: "حكومەتی هەرێم پابەندە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤەوە، بەتایبەتی لەڕووی پاراستنی ئازادییە میدیاییەكانەوە. لەم ڕووەوە، مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادییەكانی میدیا لە ڕاپۆرتی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤدا بە تەواوی باسكراوە، كە چوارچێوەیەكی گشتگیرە بۆ چەسپاندنی هەمواركردنە یاسایی و جێبەجێكارییەكان".

ك م 
Qaiwan
Qaiwan