کوردستانی

پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە "یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵك و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە، دۆخەكە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات و دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی". 

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان بەجێهێشت. ئەمەش خواستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبووە و هەرگیز ئەو خەڵكە تێكۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەكە و دروستكردنی دوودڵی لەناویاندا نەزانیووە، ‏‎ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵك و پاراستنی هەرێمەكەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێك بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵك نەوەك ترازان و دووركەوتنەوە. ئاشكراشە بژاردەی سەرەكی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بووە و بەهەمووشێوەیەك دژی ناكۆكی و دووبەرەكی وەستاوینەتەوە. یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵك و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە، دۆخەكە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات. سیاسەت بۆ ئێمە بریتیبووە لە بەهێزیی كورد و سەربەرزی خەڵكەكەی، لەم رێڕەوە مێژووییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین. دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی". 

راشیگەیاندووە "‏‎دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین كوردستان ئەو كاتە بەهێزترە كە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین. پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناكرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵكەكەمان لەسەر شانە. دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ كەسێك ناكات. خەڵك، هێزە سیاسییەكان و كەسایەتییە سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانمان لێدەكەن. دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێك نەبووە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكو ئامرازێك بووە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا".

ك م 
Qaiwan
Qaiwan