سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

ئەنفالکردنەوەی کورد لە عیراقی نوێدا

 لە مێژووی خۆیدا، نەتەوەی کورد چەندین جار لەلایەن داگیرکەرەکانییەوە جینۆساید و ئەنفال کراوە، دوو دواینترینیان جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال بوو لە ساڵی ١٩٨٨، هەروەها جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤، لە هەردووکیشیاندا بە بەرچاوی جیهانەوە ژمارەیەکی زۆری کورد قڕان کران، هەر کورد بوو بەرگەی ئەو جینۆسایدە گەورانەی گرت، لە بێ کەسیدا نەیتوانی دەستوبرد تۆڵەی خۆی بکاتەوە.

زۆرینە پێیوابوو، عیراقی نوێ دەبێتە عیراقی هەمووان و دوای چەندین ساڵ ناسەقامگیریی و خوێنڕشتن و شەڕ و نائارامی، ئیتر ژیانێکی نوێ بە بەرگی وڵاتدا دەکرێت و رۆڵەکانی بە ئارامی و ئاسوودەیی پیکەوەدەژین، بەڵام وا ٢٠ ساڵ تێپەڕی، کەچی ئەزموونە تاڵەکان ورد وردە و بە بەرنامەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو، خەریکە لەسەر کورد جێبەجێ دەکرێنەوە، هەر جارەی بەناو و بەرنامەیەکی جیاوازەوە، هەر جارە و دەزگایەک بەو کارە هەڵدەستێت و حکومەتی عیراقیش خۆی لێ خافڵاندووە، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەی نەخاتە سەر سانی خۆی.

گووندی تۆپزاوا، دەکەوێتە باشووری شاری کەرکوکەوە، گووندێکی کوردییە و زەوییەکانی تاپۆن لەسەر خەڵکەکەی، بەشێکی ئەنفلکراوانی کورد لە زیندانی تۆپزاوا راگیران و دواتر شەهیدکران، چەندین رووداوی ناخۆش بەسەر زیندانیکراوەکاندا هێنرا، شەهیدکردنیان و فڕیدانی تەرمەکانیان بۆ بەردەم سەگەڕەشەکە، دەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنانی کورد، سووکایەتی پێکردنیان، ئەشکەنجەدان و برسیکردنیان و دەیان تاوانی دیکە کە بەرانبەر ئەنفالکراوەکان کران.

لە بیرەوەریی کورد و کەسوکاری جینۆسایدکراوانی ئەنفالدا، گووندی تۆپزاوە، هێمایە بۆ ئەشکەنجە و ستەم و نادادی بەرانبەر نەتەوەی کورد، ئەو شوێنەیە تەنها بە گوێ لیبوونی ناوەکەی مرۆڤ تووشی ئازارێکی رۆحی زۆر دەبێتەوە، دەبوو بکرایەتە هێمای ستەم و زۆرداریی حکومەتی سەدام و دارودەستەکەی.

ئەوەی هەیە پێچەوانەی بیرۆکەی قوربانییەکان و خەڵکی گووندی تۆپزاوایە، پرۆژەی سەربازیی و کردنی بە سەربازگەیەکی گەورەی سوپای عیراق، ئاگادارکردنەوەی خەڵکی گووندی تۆپزاوا بە چۆڵکردنی، نیشتەجێکردنی کەسوکاری و ئەفسەرە باڵاکان لەو ناوچەیەیە، هەروەها داگیرکردنی زیاتر لە 12 هەزار دۆنم زەوی کەوا موڵکی کوردە و تاپۆی رەشیان هەیە و هیچ یاسایەک؛ مەگەر یاسای جەنگەڵ ئەگینا ناتوانێت مۆڵکداریەتییەکەی لە کورد و کوردستان بسەنێتەوە.

لێرەدا بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی کورد لە بەغدا، خەڵکی کوردستان کە هەریەکە و بە رێگەی خۆی فشار دروستبکەن بۆ ئەوەی تۆپزاوا ئەنفال نەکرێتەوە.

لە رابردوودا بینیمان تۆپزاوا داگیرکرا، کوردی تێدا جینۆسایدکرا، ئێستا کورد هێزی هەیە و راست نییە بهێڵێت کەوا رێگە بدات جارێکی دیکە کوردی تۆپزاوا جینۆساید بکرێتەوە، هەروەها نیشتیمانەکەیشی داگیربکرێت بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan