د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

تەندروستى لەنێوان دروستى و نادروستى سۆشیال میدیا

لە سوشیاڵ میدیاوە زۆر زانیارى گشتیت دەسدەکەوێت بەتایبەتى دەربارەى خواردن و چى چاکە و چى خراپە، چى بۆ چى باشە، بۆ تەندروستى باش چى بخۆى باشە و لە چى دورکەویەوە، چى بۆ چی نەخۆشیەک چارەسەرە و زۆر بابەتى تر دەربارەى خواردن وە شێوەى پەیوەندى نێوان خەڵک لە ناو سۆشیاڵ میدیاى ئێمە وایکردوە نەک هەر وەک زنجیرەى لێبێت، بەڵکو وەک تۆڕى جاڵجاڵوکەى لێدێت هەریەک بۆ یەکێکى تر دەنێرێ و ئەویش بە چەند کلیکێک  بۆ چەند کەسێکى تر دەینێرێتەوە جا هەندێ جار هەمان زانیارى لە دە کەسى جیاوازەوە بۆت دێت. 

ئەم زانیاریانە راست بن یان راست نەبن لە هەندێ کات دێ و دەڕوا چ کاریگەرێکى ئەو تۆى نیە لەسەر وەرگرەکەى، کاتێک ئەو زانیاریانەى بەناو زانیارین، بەڵام لە راستىدا دوورن لە زانیارى دروست و لە وەزعێکى نالەبارى تەندروستى بگاتە بەدەستى یەکێک کە خاوەن کێشەى تەندروستى بێت و ئەو کەسە زانیارى زۆرى لە سەر خۆراک نەبێت رەنگبێ زۆر زیانى پێبگەینێ، لە ونمونانەمان زۆرە وەک چۆن ماوەیەک دەیان گوت هەنگوین دەرمانى  هەموو دەردانە و هەتا ئامۆژگارى ئەو کەسانەیان دەکرد کە نەخۆشى شەکرەى هەیە بیخوا و شەکرى ناو هەنگوین وەک شەکرى سپى نییە زەرەر لە نەخۆشیانى شەکرە نادات، کاتێک ئەمە زۆر دورە لە راستى هەنگوین رێژەى شەکرە لە لەش بەرزدەکاتەوە و مەترسى دەخاتە سەر نەخۆشیانى شەکرە. یاخود باسى ناوکە قەیسى دەکەن کە پڕە لە ڤیتامین B 17 و ئەمە دەرمانى شێرپەنجەیە و کۆمپانیاکانى دەرمان نایەڵن نەخۆشى شێرپەنجە بەم ڤیتامینە چارەسەر بکرێن تاکو دەرمانى کیمیاویان بفرۆشن بە نەخۆشى شێر پەنجەکان، لە کاتێک دا چ باوى تاڵ چ ناوکە قەیسى هەندێ ژەهرى تێدایە کە لە جگەر کۆدەبێتەوە گەر زۆرى بخۆن و شانەکانى جگەر لە کار دەخات، لیستەکان زۆر و درێژن کە والە نەخۆش دەکا کە هەندێ جار بەلارێ دابڕوا و چارەسەرەکەى درێژ بخاو تەندروستى بەرەو خراپى ببا. 

لێرە لەو کاتە ناسکەى کە ئێستا کوردستانى پێدا دەڕوا و لە مەترسى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى کۆرۆناى کۆڤید 19 زۆر لەو نوسینانەى کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێتەوە چۆن چارەسەرى ئەو نەخۆشیە دەکەى بە سیر و پیاز و لیمۆ و ئاوى گەرم و rازیانە و.. فڵان دکتۆرى چینى واى گوت و فیسار دکتۆرى هیندى و فڵانە دکتۆرى ئەمریکى  واى گوت و لە فڵان توێژینەوە دا وا بڵاوکراوەتەوە جا یەکێک شارەزایەکى باشى لە زانیارى بایۆلۆجى نەبێت زۆر بە ئاسانى بڕوا دەکات، چونکە هێندە جوان دەیهۆننەوە لە زانیاری نادروست لەگەڵ هەندێ زانیارى راست تا زیاتر خەڵک سەرى لێبشێوی و زیاتر جێگاى بڕوا بێت.

راستە خواردن گەشە و هێز و بەرگرى زیاد دەکات و جۆرى خواردن لە تەمەنێک تا تەمەنێک و حاڵەتى تەندروستى کەسەکە دەگۆڕدرێت، پێداویستى منداڵێک لەگەڵ پیرێک جیاوازە، ژنێکى سک پڕ لەگەڵ ژنێکى تر لەهەمان تەمەنیشدابن جیاوازە، وەرزشوانێک لەگەڵ یەکێکى کەم جولە جیاوازە، رەگەزى نێرینە بێت یان مێینە جیاوازە. 

بەرگرى لەش پرۆسەیەکى زۆر تێکەڵە تەنیا خواردن نیە کەڕۆڵى هەبێت زۆر هۆى تر دەور دەبینێت لە حاڵەتى دەروونى، لە جیناتەکانى ئەو کەسە و لە چ میللەتێکە، لە چ شوێنێکى جوگرافیدا دەژى، نێرە یان مێییە، تەمەنى، حاڵەتى تەندروستى و شێوەى ژیانى.. لەبەر ئەو هەموو هۆیانە ناکرێت بڵێن بەو خواردنە یان ئەو خواردنە ئیتر بەرگرى لەشت بەرزدەبێتەوە و توشى نەخۆشى نابێت،  ئەم راستیە هەموومان رۆژانە لەبەر چاومانە کە مرۆڤى زۆر تەندروست لە بەرێوەبردنى ژیانى تووشى جۆرەها نەخۆشى دەبن لە شێرپەنجەوە بیگرە و بەورە و خوارەوە وەرە.

جا تکایە ئەوەتان لەبەر چاو بێت راستە بەرگرى لەش زۆر کرنگە، بەڵام ماناى ئەوە نییە کە ئیتر تووشى نەخۆشى نابێت و گوێ نەدەیتە خۆپاراستن یاخود ژیانت بخەیتە مەترسى و وابزانى کە ئیتر ئەو خواردنانەت خوارد کە لە سۆشیال میدیاکان زۆر بڵاودەبێتەوە ئیتر تۆ پارێزراوى و تووشى ڤایرۆسى کۆرۆناى 19 یان هەر ڤایرۆسێکى تر یان و بەکتریا نایەت بەلاتا. 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan