هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

دیموکراسی بۆ ئەنقەرە و پێکەوە ژیان بۆ کەرکوک


لە شاری مالمۆ، دەیان نەتەوە و ئایین پێکەوە دەژین، لەهەرکامیان بپرسیت خەڵکی کوێیت؟ بۆ نموونە دەڵێت: کوردم، فارسم، عەرەبم لە مالمۆ دەژیم.

ئیتر کەس ناڵێت مالمۆییم. ئەگەر بشپرسن مالمۆ کوێیە؟ دەڵێن شارێکە لە باشووری سوید.

لە وڵاتی ئێمەدا بە هۆکاری چاوچنۆکیی نەتەوە باڵادەستەکان و هەنگاوە داگیرکارییەکانیان و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو، ئینتیما بۆ خاک و شار لامان بۆتە گرنگترینەکان.

ئەوە ئەوان بوون ئێمەیان خستە ئەم بیرکردنەوەیەوە، هێندەیان زوڵم لێکردوین و چاویان بڕیوەتە خاکمان، تا ئێمەیان خستە سەنگەری داکۆکییەوە و ئێستاشی لەسەر بێت کاتێک دێینە سەر باسی مافی خۆمان پێمان دەڵێن: ئێمە هەمووان برای دینین.

کەرکوک شارێکی دێرینە و هەر لە دروستبوونیشییەوە چەندین نەتەوە و ئایینی تێدا بووە، رەنگە لە زەمانی عوسمانییەکاندا هێندەی هەولێر یان موسڵ گرنگیی نەبووبێت، چونکە هێشتا نەوتی لێ وەدەر نەکەوتبوو.

تورکمان ئەگەر لەم شارەدا ژیابێت، خۆی زانیویەتی ئەسڵی لە کوێوە هاتووە و هێندە بەلایەوە گرنگ نەبووە باسی ئەوە بکات کە ئەو دامەزرێنەری عیراق و کەرکوکە وەک ئەوەی هاکان فیدان وتی و ئەردۆغانیش جەختی لەسەر کردەوە لە رۆژانی رابردوودا.

کەرکوک بە پێی رۆژی (مورافەعەکەی مام جەلال) سەلمێنراوە کە لە بنەڕەتدا کورد ئاوەدانی کردۆتەوە و بەم پێیەش دەبێت کورد خاوەندارێتیی یەکەمی بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە نەتەوەکانی دیکە رەتبکاتەوە و رێگەیان لێبگرێت بلێن ئێمەش کەرکوکین.

کورد لەگەڵ ئەوەش کە یەکەمینن، کەچی هێندەی تورکمان ئیدیعای خاوەندارێتیی شارەکە ناکەن، بەمەشدا دەردەکەوێت کە ئەمانە بەهاندانی ئەوکاتی دەوڵەتی عوسمانی و ئێستای ئەردۆگان دەیانەوێت دەستبگرن بەسەر شارەکەدا کە ناتوانن و بۆیان ناچێتە سەر.

تا ئەوکاتەی کە نەتەوەکانی تر بیانەوێت لەگەڵ کورد بە هاوبەشی و یەکسانی و دۆستانە پێکەوە بژین و نەبنە داردەستی هێزە چاوچنۆکە دەرەکییەکان، ئەوا کورد هیچ کێشەیەکی نییە و بە تەواوی رەزامەندییەوە پێشوازییان لێدەکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان لە شوێنی ترەوە و لە دوای کورد هاتوون بۆ ئەم شارە کەچی جار جار دەست دەبەن بۆ خوڵقاندنی کێشەی گەورە، هەرچی توندڕەوە شوفێنییەکانی سەر بە نەتەوەکانی دیکەشە، دەبنە خۆشکەری ئاگرەکە.

ئەگەر بۆ تورکمانەکان کە خەڵکی کەرکوکن ژیان بریتی بێت لەوەی کەرکوک بخەنە ژێر دەسەڵاتی تورکیاوە، ئەوا کارێکی ناڕەوایە و دەچێتە بواری خۆفرۆشییەوە، چونکە کەرکوک شارێکە لەناو چوارچێوەی عیراقدا، بەم پێیەش عیراقییە و دەبێت ئەوانەی تێیدا دەژین هاوشێوەی شارەکانی دیکە لە خزمەتیدا بن و ئاوەدانی بکەنەوە.

ئەگەر لە تورکیا سیستمێکی دیموکراسی هەبوایە، ئەوا حکومڕانییەکی دیموکراسییش دەبوو، حکومەتی لەم شێوەیەش لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە دەست نابات بۆ ژیانی نەتەوەکانی تر و چاونابڕێتە سەروەت و سامانیان.

ئەگەر ئەوان دیموکراسییان پەیڕەو بکردایە، ئەوا بە تورکمانەکانیان دەوت لەکەرکوک هەوڵی پێکەوە ژیان بدەن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، بەلاتانەوە چەسپاندنی دادپەروەریی گرنگ بێت نەک خۆ بە خاوەن ماڵ زانین، چونکە ئەمەیان راستی نییە و بەرانبەرەکەتان کە کوردە رەتیدەکەنەوە و سەقامگیریی لە شارەکەدا نابێت، ئەگەر ئەمەش روویدا ئێوەش دەبنە قوربانیی.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan