هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

ئێران لەنێوان ئەمەریکا و رووسیادا

بەوپێیەی لەپێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، وڵاتەکە حکومڕانییەکی شاهەنشاهی هەبوو، باشیی پەیوەندیی شا لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و خۆرئاوا بەگشتی، ناساندن و پێکەوە گرێدانی ئێران لە هەموو روویەکەوە بەو وڵاتانە، ئەمانە وایانکرد کە کۆمەڵگەی ئێرانی بکەونە ژێر هەژموون و کولتوور و خۆشەویستییان بۆ خۆرئاوا و ئەمەریکاوە.

لە ساڵی 1917 هەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە رووسیا و دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە، ئەمە بووە کارتێکی باش بۆ هاندانی کۆمەڵگەی ئێرانی پەیوەست بە ئایین و مەزهەبی شیعەوە، لەلایەن ئەمەریکاوە گوایە کۆمۆنیستەکان دژی ئایینن، هەربۆیە کۆمەڵگەی ئێرانی بژاردەی خۆرئاوایان هەڵبژارد و چوونە ژێر هەژموونی ئەوانەوە.

هەژموونی ئەمەریکایان نەهێشت
لەدوای نەمانی رژێمی شا، ئێران دروشمی رەتکردنەوەی هەردووکیانی بڵند کردبووەوە، کۆمەڵگەش دابەشبوو بەسەر لایەنگری شۆڕشی ئیسلامی و رەتکەرەوەی شۆڕش و رژێمە نوێیەکە، دەیان گروپ هەرچەندە بەتوندی وەستانەوە بە رووی شۆڕشەکەدا، تەنانەت عیراق جەنگی راگەیەیاند بۆ سەریان، بەڵام توانییان هەم لە رووی جەنگەکەدا خۆڕاگربن، هەمیش جێگەیەک بۆ ئەو گروپانە نەهێڵن لە ئێراندا.

ئێستا و لەدوای زیاتر لە 40 ساڵ ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، وەک سعودیە و ئیسرائیل، بەهاوکاریی هەندێک وڵاتی ئەوروپی، گەڕی ئەوەی لێدەئاڵێندرێت کە بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.

هەرچی ئێرانیشە وەک رژێم، لە سەرەتای دروستبوونییەوە ئەو بەرەیەی رەتکردۆتەوە و چەندین جاریش لەسەر زاری سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵا هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە کراوە.

پەیوەندیی ئەم وڵاتە لەگەڵ سعودییەش زۆر بەکەمی ئارامیی بە خۆیەوە بینیوە و سعودیە لەم دۆخەی ئێستادا، سەرسەختترین جێبەجێکاری سیاسەتی ئیسرائیل و ئەمەریکایە بەرانبەر بە ئێران بەهۆی کێشەی لەگەڵ حوسییەکان، ئێرانیش هەروای بۆ دەڕوانێت.

خەڵکی ئێران ئەمەیان پێ باش نییە
رووسیا خزێندراوەتە جەنگی ئۆکرانیاوە، ئێستا لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا لە ململانێی سەختدایە، لەولاشەوە ئێران بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکا لە رێکەوتننامەی 5+1 لەسەر دەستی ترەمپ، لەگەڵ ئەو وڵاتانە کەوتۆتە ململانێوە و تا ئەمڕۆ هیچ نیشانەیەک بۆ گەیشتن بە رێکەوتن نییە.

ئێران لە هەریەک لە لوبنان، یەمەن، سوریا، عیراق دژایەتی دەکرێت، ئەوان واتا ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان، دەیانەوێت هەژموونی ئێران لەم وڵاتانەدا نەهێڵن، ئەو چوار وڵاتەش لە دۆخێکی ناسەقامگیریی ئابووری و تێکچوونی دۆخی ئەمنیدا دەژین.

ئێرانییەکان وەک خەڵک، پێیان باشە ئەو سەروەتەی وەک خەرجی، ئێران بەکاریدەهێنێت لە هێشتنەوە و پاراستنی هەژموونی خۆی لەو وڵاتانەدا، لە بەرانبەردا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خەرج بکات و باری ئابووریی ئەوانی پێ بەرزبکاتەوە.

ئێستا شەقامی ئێرانی خۆشحاڵ نین بە باشیی پەیوەندی وڵاتەکەیان لەگەڵ رووسیا کە ئۆتۆماتیکی بەهۆی هاوهەڵوێستییان لە سوریا و هاودوژمنایەتییان لەگەڵ ئەمەریکا و خۆرئاوا، بوونەتە دوو دۆستی باش لە ناوچەکە و بۆنی ئەوەشی لێدێت ئەگەر پێویست بکات پێکەوە وەک رووسیا و چین و ئێران بچنە هاوپەیمانێتییەکی تایبەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆرئاوا و ئەمەریکا و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە.

ئەو کەسانەی کە دژی کۆماری ئیسلامین، پێیان باشە وڵاتەکەیان سەر بۆ مەرجەکانی ئەمەریکا شۆڕ بکات و دۆخی وڵاتەکەیان بەرەو باشتر بگەڕێتەوە، چونکە ئەوان بەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە ریاڵی ئێرانی بەرزبووەتەوە، پێیان وایە تەنها گەڕانەوە بۆ ژێر رکێفی ئەمەریکا ژیانیان خۆش دەکات!

ئەمە وایکردووە ئێستا زۆرێک لە ئێرانییەکان خۆشحاڵ نین بە پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەیان و رووسیا.

لەم خۆپیشاندانانەی ئێرانیشدا، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەم وڵاتە، دەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل و سعودیە و بەریتانیا لە نانەوەی پشێویدا هەیە، ئەگەر ئەمە راست بێت، ئەوا دەبێت بڵێین ئەو چوار وڵاتە بە لێدانی فیکە هانی خەڵک نادەن، بەڵکو لە رێی دروستکردنی شانە و تۆڕی گرێدراو بەخۆیانەوە دەبێت ئەم کارە بکەن، هەر بۆیە دەنگی ناڕەزایی بەرانبەر بە هیچکام لەم چوار وڵاتە لەناو خۆپیشاندەراندا نابیستین، بەڵام چەندین جار دروشمی دژایەتی بەرانبەر رووسیا وتراوەتەوە.

رای رووسەکان بەرانبەر بە ئێران
ئیگۆر سوبوتین نووسەر لە رۆژنامەی نیزافیسیمایا گازیتە دا دەربارەی هەڵکشانی خێرای پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا بەهۆی ئامانجی هاوبەشیان بەرانبەر خۆرئاوای ئەتڵەسی دەڵێت: رووسیا ئەوە رەتدەکاتەوە کە چەکی لە ئێران وەرگرتبێت و لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاریهێنابێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانێت بۆ باشیی پەیوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەم وڵاتەدا خەڵکانێک هەن پتەوبوونی ئەم پەیوەندییانەیان پێ باش نییە.

لەلایەکی ترەوە پسپۆڕێک لە ئەنجومەنی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، نیکیتا سماغین لە هەمان رۆژنامەدا نووسیویەتی: هەڵوێستی رەسمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵوێستی گشتیی خەڵک هاوتەریب نین، رای خەڵک لە دەستپێکی جەنگ لە ئۆکرانیا خراپ بوو بەرانبەر بە پێگەی رووسیا، خۆپیشاندان لێرەو لەوێ لە دژی رووسیا رێکخرا لە ئێران.

بەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە رووسیا پلانی دەستوەردانی نییە لە ئێران، ئەگەرچی سنوورێکی فراوانی لەگەڵی هەیە، ئەوانەش کە جێبەجێکاری سیاسەتی خۆرئاوان، سەر بە حزب و گروپ بن یان نا، لەوانەن کە نەک بە سوپای ئەمەریکا سەرسامن، بەڵکو بە قەمسەڵە (ئامریاییەکانیش) سەرسامن، بێئەوەی بەرژەوەندیی باڵا و سەروەریی ئێستای وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن، کە لە ئەگەری کەوتنە ژێردەستی ئەمەریکا، لە ئەفغانستان و عیراق خراپتر دەبێت، چونکە ئەوە سەلمێندراوە کە دەبێت گۆڕانکاریی لەناو خۆی وڵات لە سیستم و بەڕێوەبردندا لەنێوانی خەڵک و حکومەتدا بکرێت نەک دەست دەرەکی، ئەو دەستی دەرەکییە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەکانی خۆی پشتگیریی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan