هیوا محەمەد
تەنگەی بۆسفۆر گونجاوترە
شەڕێکی بەردەوامی پچڕ پچڕ لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت لەنێوانی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپا و میتی تورکیا.
پەکەکە لە مێژە خاکی هەرێمی کردووەتە جێگەی حەوانەوە و لێیەوە دەچن بۆ ناو تورکیا بە مەبەستی ئۆپەراسیون لە دژی سوپا و حکومەتی ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا ناوچەکانی باکووری کوردستان و باقی خاکی تورکیا، زۆر سەختترە و دڕە و دۆڵی هەیە تا ئەوەی لە قەندیل هەیە، هێندەی دارستان و بێشەی چڕی کەنار رووبارەکان، سەدان تونێلی درێژ و کورت، کەنداو، کاناڵی ئاو، کەنار دەریا و بەندەر لەوێ هەیە لە هەرێمی کوردستاندا نییە، ئیتر خۆ حەشاردان لە قەندیل بۆچی؟
ئێمە وەک شۆڕشگێڕانی ئەم بەشەی کوردستان لە زەمانی بەعس و پێش ئەوانیش، جگە لە قەندیل و دەوروبەری، لە هەموو شاخ و دۆڵ و دەشتی ئەم وڵاتە پێشمەرگەمان هەبووە، زۆرینەی شارۆچکەکان بە شەو لایەکیان دەکەوتنە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەوە، رەبایە و مۆڵگەکانی رژێم دەکەوتنە بەر هێرشی پارتیزانی ئێمە، دوژمن نەیتوانیوە بە دیاریکراوی بزانێت ئێمە لە کوێدا هەین و نین.
زۆرێک لە رۆڵەی ئەم بەشە دەزانن و ئەم راستییەیان بە چاوی خۆیان بینیوە، چونکە بەشدارییان لە شۆڕشەکاندا کردووە.
ئەگەر لە باردۆخێکی نالەبار و سەختدا خۆمان خزاندبێتە ناو پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، ئەویش بۆ ماوەیەک بووە و هەر هەلێکمان بۆ رەخسا بێت ئەوێمان چۆڵکردووە.
ئێستا لە مەسەلەی کێشەی هاونەتەوەکانماندا لەگەڵ رژێمی تورکیا، بێگومان وەک هاوسۆزی و هاوکاری هەرچیمان پێبکرێت دەیکەن دوور لە کردەی سەربازی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پێگەی هەرێم تێکبدەین و بیکەین بە قوربانی ئەوێ کە لە گەرمەی خەباتدان و شتێکیان بەدەستنەهێناوە و مانەوەیان لەم بەشە و دەستخستنە ناو کاروباری سیاسییەکەی کارێکی هەڵەیە.
ئێمە لە کاتێکدا دروشمی دیموکراسی بۆ عیراق و ئوتۆنۆمی بۆ کوردستانمان هەڵگرتبوو، هێشتا لە باکوور هیچ جووڵانەویەکی ئاکتیف نەبوو، کەواتە هەر بەشە و خەسڵەتی خۆی و بارودۆخی خۆی هەیە کە دەبێت بەپێی ئەوە هەنگاو بنێت.
ئێستا هەدەپە لەگەڵ چەند حزبێکی دیکەی چەپ هاوپەیمانی دەکات بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی تورکیا، خۆ ئەوان بۆ ئەمە نە پرسێک بە حزبە کوردستانییەکانی پارچەکانی دیکە دەکەن و نە هاوپەیمانێتییان لەگەڵدا دەکەن، چونکە ئەوان و ئێمە شێوازی خەباتمان جیاوازە.
هەندێک پێیانوایە رژێمی تورکیای ئێستا و ئەوانی پێشتریش دژی هەموو کوردستانن بە هەرێمیشەوە، ئەگەر وایە باشترە ئێمەش رووبەڕووبوونەوەکان بە پلان دابەشبکەین، ئێمە هەرێم دەپارێزین و ئەوانیش بچنە ناو هەناویانەوە، بەمەش باشتر زیانیان پێدەگات.
حەمەدۆک لە بەرزاییەکانی دەشتی ئاناوەرزا و کێوی هەمیتە و چەمی سومباس و بێشە پڕ لە توتڕکەکان، بەتەنیا یاخی بوو لە دەوڵەت و یاسا و تا ئەو کاتەی گرتیان و لەناویان برد، سەدان یاساوڵ و قەرەقووشی کوشت.
رێکخستنە پتەوەکانی پەکەکە لە تورکیادا
پەکەکە لە شارەکانی باکوور و ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر و کۆنیا و عەدەنە، هەزاران کەسیان لە رێکخستنەکاندا هەیە کە دەتوانن سوودیان لێببینن و بگەنە نزیکترین خاڵەکانی پێکانی ئامانجەکانیان، کە ئەویش دامودەزگاکانی رژێمە. سەدان سەرباز لە سەر لووتکەی چیاکانی هەرێمی کوردستان بکوژن، هێندەی ئەوە کاریگەریی نییە کە مەترسییەک بۆ سەر یەک کەشتی دروستبکەن کە بە تەنگەی بۆسفۆردا رەت دەبێت و جێگەی تێپەڕبوونی هەزاران کەشتی بازرگانی و سەربازیی جیهانییە لە رۆژێکدا.
سەد جەندرمە هێندەی گیانی میتێکی ئەنقەرە گرنگ نییە بۆ ئەوان، ئەمە راستییەکە کە ئێمەش پەیڕەومانکردووە و بەهەندمان وەرگرتووە لە هەرێمی کوردستان لەکاتی شۆڕشمان لە دژی رژێمەکانی عیراق.
ڤێتنامییەکانیش ئەمەریکایان بە شەڕی پارتیزانی شکاند و وەدەرنا نەک بە شەڕی بەرەیی، دەڵێن دارێک ئەگەر کرمی لەخۆی نەبێت سەدان ساڵ دەژی، دەبێت ئەوەی کە رژێمی تورکیا بە دوژمن دەزانێت، بچێتە ناو هەناوییەوە، نەک لە دووری هەزاران کیلۆمەتر لە پایتەختەکەیەوە دووربێت و داوای رووخانی رژێم و گۆڕینی سیستم و بەدەستهێنانی ماف بکات.
ئەوەی لە ئیزمیر و عەدەنەوە بەدەستدێت لە قەندیلەوە بەدەست نایەت
هەندێک ئەندامی پەکەکە هەیە لە قەندیل، زیاتر لە 30 ساڵە لەوێ دەژی، ئەی خۆ شۆڕش و خەبات سنوورێکی هەیە بۆ بەردەوامبوون و گەیشتن بە ئامانج، ئەمەی ئێستا تێیدان، درێژەپێدەری زیاتر لە چوار دەیەیە، هەمان شێوەیە بەردەوامە و لە بازنەیەکدا دەخولێتەوە، هێرشی تورکیا بۆ سەر قەندیل و مەتین و زاب و ئاوەشین و هتد.. یان ئاگر بەستی یەک لایەنە.
سەدان لاوی بە جەرگی باکوور، خاوەن بیری جوان و مرۆڤدۆستی، هەڵگرانی بیری ئازادی و سەربەستی، لەم دۆڵانە بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی.
پەکەکە باش دەزانێت کە ئەمڕۆ سەردەمی خەباتی سیاسییە، چالاکی سیاسیی ئاشتی ئامێز و چوونە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، دەتوانێت هەر حزبێکی نوێ بخاتە ناو پەرلەمانەوە، چوونە ناو پەرلەمانی وڵاتیش واتا گەیشتن یان نزیکبوونەوە لە ئامانج.
ئەگەر پەکەکە لەژێر هەر ناوێکی تردا درێژە بە خەباتی سیاسیی دوور لە چەک بدات، ئەوا دەکرێت لە ماوەیەکی کورتتردا زۆرتر بەدەستبهێنێت لەوەی کە لەماوەی نزیک بە 40 ساڵ بەدەستیهێناوە.
کوشتنی دەیان هەزار سەرباز و چەکداری سوپای تورکیا لەلایەن گەریلاکانەوە، هێندە کاریگەریی نییە بۆ سەر وڵاتێک کە ئەندامی ناتۆیە و خاوەنی سوپایەکی بەهێزە و خاکێکی فراوانی دابەشبووی بەسەر دوو کیشوەردا هەیە.
بیانوو مەهێڵن بۆ دۆستەکانی سوپای تورکیا
بۆ ئەوەی چیدی گیانی ئەو کەسانەی لە روانگەی دڵسۆزییانەوە بۆ خاک و نەتەوەکەیان، نەبنە قوربانیی و بۆ ئەوەش چیدی تورکیا هەرێمی کوردستان نەسووتێنێ بە بیانووی لێدانی پەکەکە، بۆ ئەوەی بیانوویەک بۆ دۆستە دێرینەکانی تورکیا و ئەردۆغان نەمێنێت کە لە رێیەوە هەزاران سەرباز و میت لەم هەرێمە جێگیر بکات، باشترە سەرکردایەتیی پەکەکە بە بەستنی کۆنگرەیەک شێوازی خەباتەکەیان بگۆڕن و رەوتەکەیان ئاراستەی ناو تورکیا و دامودەزگاکانی تورکیا بکەن ئەگەر نایانەوێت لە شێوازی چەکداری کۆڵ بدەن.
قۆناغی دوای ئەمەش ئەمانەی لێدەکەوێتەوە: ئەگەر شەڕ بێت یان ململانێی سیاسیی، ئەوا دەگوازرێتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا و لە کوشتن و ماڵوێرانی و سووتاندنی رەز و باغ و دەغڵ، بەسەر خەڵک و خاکی خۆیاندا دێت، بیانووەکانی دۆستەکانی تورکیا نامێنن بۆ جێپێ قاییمکردنی تورکیا لە هەرێم.
ئاسایشی هەرێم و ئەو ناوچانە سەقامگیر دەبێتەوە کە بەهۆیەوە سەدان هەزار گوندنشین گوندەکانیان جێهێشتووە.
مەترسی بۆ سەر رژێمی تورکیا زیاتر دەبێت و کارتی گوشار بۆ سەری بەتینتر دەبێت. رێکخستنەکانی ئەو حزبەش زیاتر پێکەوە گرێدەدات.
هەرێم ناکەوێتە نێوان دوو بەرداشی بەغدا و ئەنقەرە و گۆڕینەوەمان بە کێشەی بەردانەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات.
لە حاڵەتی گرتنەبەری خەباتی سیاسیی دوور لە چەک، ئەوا لایەنگرانی ئەو حزبە لەژێر ناوی حزبێکی تردا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەرەو سەر هەڵدەکشێن. چیدی رۆڵەکانی کوردی باکوور نابنە قوربانی و بۆ جیهانیشی دەسەلمێنین ئێمە شەڕخوازنین.
ئەمەریکا و ئەوروپاش کارتی ترساندن و چاوسوورکردنەوەیان پێ نامێنێت لە بەرانبەر تورکیا، چونکە زۆر جار لێدانی پەکەکە یان بە تیرۆریست ناساندنیان کردووەتە مەرجی دەستکەوتێک لەگەڵ تورکیا.