هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

سەرۆک ئەسەد، سوود لە رابردوو وەرگرە

بەڕێز/ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا

وەک مرۆڤێکی کورد پێمخۆشە لەم نامەیەدا هەندێک خاڵت بخەمە بەردەم بە ئومێدی ئەوەی هەنگاوی بۆ بنێیت و لە خزمەتی سوریا و هەموو پێکهاتەکانیدا بیت.

سوریا بەدەستی تیرۆریستانی ئەحرار شام و داعش وێرانکرا، شوێنەوارە مێژووییەکانیان شێواند، دەیان هەزار سەربازی سوپاکەی ئێوەیان کوشت، زیانی سەدان ملیار دۆلاریان لە وڵات دا، خەڵکەکەی ئێوەیان پەرتەوازەکرد بە جیهاندا، ئێستا تۆ سەرۆکی وڵاتێکیت هەر بەشەی بەدەست وڵاتێکەوەیە، جگە لە رووسیا و ئێران کە خۆتان بەرەزامەندی هێناوتانن، تورکیا، ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هاوپەیمانانی تریش هەن.

سەرۆک بەشار ئەسەد، پێتوانییە گوناهێکی گەورە لە ویژدانی سوریی بوونت دەکەیت، کاتێک بەسەر ئەم هەموو هێزە بیانییەوە دێیت و گەڕ بە کورد دەگریت و تەحەدایان دەکەیت لەوەی کە نابێت ئەو کانتۆنانەیان بمێنێت؟ تاوان نییە لەگەڵ تورکیا دەستتێکەڵ بکەیت بۆ لەناوبردنی ئەم کانتۆنانە؟ ئەوە تورکیا نییە خاکی سوریای داگیرکردووە و دارە زەیتوونەکانت دەبڕێتەوە؟ ئەوە تورکیا نەبوو ئەو دەیان هەزار تیرۆریستەی لە جیهانەوە بۆ سەر وڵاتەکەت کۆکردوە؟

ناکات تۆش داعشت لە کورد بەلاوە باشتر بێت!

کورد لە سوریا خاکی پاراستووە، لە دژی داعش جەنگاوە، قوربانیی زۆری داوە، ئەوان سەرباز و چەکدارەکانی ئێوەیان نەکوشتووە، ئەوە تورکیا و داعشییەکانە دەتانکوژن.

کورد لە خۆت مەکە و مەیخەرە بازنەوە بۆ بەردەستی تورکیا، رووداوەکانی داهاتوو رەحم بە هیچ کەس ناکەن. سەدام بە بەرچاوی خۆتانەوە زۆری بە کورد کرد، بینیتان بە چ دەردێک چوو؟

ئەگەر سەدام لەگەڵ کورد رێککەوتنی بکردایە ئێستاش دەما، کورد رۆڵی سەرەکی هەبوو لە رووخاندنی سەدام و رێخۆشکردن بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانانی. هەر کورد بوو دەستی هەبوو لە ئاشکراکردنی شوێنی خۆشاردنەوەی سەدام.

ئەگەر کورد لە سوریا بزانێت ئێوە حسابی هاوڵاتییان بۆ دەکەن و دەست بەو ئەزموونەیانەوە دەگرن کە بنیاتیان ناوە، ئەوا پشت دەکەنە ئەمەریکا و بێگانەکانی دیکە.

جەنابی بەشار ئەسەد، ئەگەر بەڕاستی دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیلیت، ئەوا لەگەڵ کوردەکان رێککەوتن بکە، ئەوە ئەمەریکا و ئیسرائیلن خۆشحاڵن بەوەی تۆ لەگەڵ کورد رێناکەویت، ئەوان بۆ لاوازکردنی تۆ ئاگرەکە خۆشدەکەن، هەڵەی سەدام دووبارە مەکەرەوە.

سیاسەتی (لم شمل) بگرە بەر و خەڵکەکەت بگەڕێنەوە. نەخشەڕێی نیشتمانیی خۆت رابگەیەنە، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانتان لەگەڵ کورد، ئەمە دەرگای رزگارکردنی سوریایە.

ئەگەر دەتانەوێت یەکگرتوویی خاکی سوریا بپارێزن، سوپا بنێرن بۆ داکۆکی لە سنوورەکانی رۆژئاوا بەرانبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا. 

دەبێت ئێوە تەسلیمی ئەم واقیعە ببن کە ئێستا لە رۆژئاوا هەیە، چونکە ئەمەش تێکبدەن تازە بەجۆرێکی تر زیندوو دەبێتەوە، چیدی مێژووی خۆتان رەش مەکەن، لەبری ئەوە خۆتان وەک سەرۆکێکی ئاشتیخواز بناسێنن.

گوێ لە تورکیا مەگرن، ئەوان دەزانن ئەگەر کورد لە سوریا کێشەی نەمێنێت، ئەوا سوریا پتەو دەبێت، ئەمەش بە زیانی خۆی دەزانێت.

پەیوەندی سێکوچکەی تورکیا و ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا زۆر پتەوە، بەو لێدوانە دژ بەیەکانەدا تێمەکەوە.

کورد لەماوەی دەساڵی رابردوووە تاوانی گەورەی بەرانبەر ئێوە نەکردووە، ئەگەر کورد نەبووایە ئێستا ئەو خاکەی (شمالی سوریا) بەدەست تورکیاوە دەبوو، تەتریکی دەکردن.

لەگەڵ کورد بگەرە ئەنجام، ئیتر بیانوویەک بۆ سوپای بێگانە نامێنێت لە سوریا، بیرە نەوتەکانتان هەڵنامژن.

سەرۆک بەشار، ئێوە خۆتان وەک حزب و حکومەت هەروا راهاتوون کە کورد نەناسن، بە جوداخواز و یاخیی بیان ناسن، نەخێر وانین، فەرموون پلانی نزیکبوونەوەی خۆتان بەیان بکەن تا خەڵک ببنە دادوەر.

جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەت، ئەیمەن سوسان دەڵێت: ئێمە ئیعتراف بە هیچ پێکهاتەیەک ناکەین تا لەگەڵی دابنیشین، بەڵام لەگەڵ هەموو سورییەک دادەنیشین.

سەرۆکی سوریا، بەشار ئەسەد، کورد پێکهاتەیە، ئەوەی دەیبینیت نوێنەرایەتی زۆرینەی زۆری کوردی سوریا دەکەن، وەک پێکهاتە بیانناسە نەک وەک کەس.

بەیانی لە خەو هەستە، بەدەم قاوە خواردنێکەوە بڕوانە نەخشەی سوریا کە بە گەورەیی لەسەر دیواری هۆڵی ماڵەکەت هەڵواسراوە، ببینە بزانە دەسەڵاتی تۆ بەسەر کوێدا هەیە؟ چەند پانتایی لەژێر پێی داگیرکارییدایە؟ چەندیشی لەلایەن کوردەوە پارێزراوە؟ کوردەکان هاوڵاتیی سوریان و ناسنامەی سوریایان هەیە ئەگەر دانیان پیادا بنرێت.
لەژێر دەستی کانتۆنەکانی رۆژئاوادا چەندین پێکهاتەی دیکەش هەن وەک ئاشووری و مەسیحی، ئەوانیش خوازیاری ئاشتی و پێکەوە ژیانن لە سوریادا.
 
ئەوەی سەیرە کورد داوای رووخانی رژێمی سوریا ناکەن وەک ئەوەی دوژمنە ناوخۆییەکانی دیکەتان دەیکەن. بەو هیوایەی هەنگاوی زۆر باش بنێن تا دوژمنە سەرەکییەکانتان تووشی شۆک ببن.
 
 لەناو خۆتاندا لەگەڵ کورد یەکدەست و پتەو بن هیچ هێزێکی دەرەکی خۆی ناگرێت لەبەردەمتان.
 
خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan