هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

ناوی کورد لە وتارەکەی سەرۆکی چیندا نەبوو

جگە لەوەی کورد بە ناوهێنانی هەڵەبجە لای هەر کەسێکی جیهان دەناسرێتەوە و دەخرێتە نێو کەوانەی قوربانیی چەکی کیمایییەوە، دەیان کارەساتی دیکەی وەک ئەنفال و راپەڕین و کۆڕەو، هەموویان بوونەتە ناسنامەی ناساندنی کورد وەک نەتەوەیەکی زۆرلێکراو.

لەم دواییانەشدا رۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە باشترین فاکتەری تێکشکاندنی داعش و لاوازکردنی، چەندین سەرۆک و کەسایەتی جیهانیی ئاماژەیان بەوە داوە، کەواتە کورد ناوێکی دیارە و کێشەکەشی پەیوەستە بە چەند وڵاتێکەوە، بەمەش دەبێت کێشەیەکی ئیقلیمی.

هەموو ئەمانە وای لە سەرۆکی چین نەکردبوو کە لە وتارەکەیدا (لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرانی وڵاتانی عەرەبی لە سعودیە) باسێک لە کێشەی کورد بکات، لانیکەم وەک هیوا خواستن، هیوای بۆ بخوازێت کە بە ئاشتی و دیپلۆماسییانە چارەسەر بکرێت.

ئەمە رەنگە بەلای سەرۆکی چینەوە ئاسایی بووبێت کە بازی بەسەردا دابێت و لەبەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی خۆی، خۆی لە قەرەی ئەم باسە نەدابێت، بەڵام ئەگەر مەبەستێکی سیاسیی لە پشتەوە بووبێت، ئەوا دەبێت کورد لێی وردبێتەوە، بەو پێیەی چین هەنگاو دەنێت بۆ فراوانکردنی هەیمەنەی وڵاتەکەی بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا.

رەنگە دۆستایەتیی نزیکی کورد لەگەڵ ئەمەریکا و خۆرئاوا لای چینییەکان کوردی خستبێتە بەرەی ئەوانەوە و بە دۆستمان نەزانن، دەنا ناکرێت لە باسی ناوچەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە کورد نەدات، لە کاتێکدا دەبیستێت رۆژانە خاکی کوردان بۆردومان دەکرێت و سەدان هەزار گیراوی سیاسیی چالاکوانی تورکیا لە کوردەکان لە پلە باڵاکانی ناو حکومەت و پەرلەمان بە تاوانی لایەنگریی و کوردبوونیان تۆمەتی دیکەیان بۆ هەڵبەستراوە و لە زیندانەکان تووندکراون.

پێدەچێت تائێستا سەرۆکی چین، ناوی سەلاحەدین دەمیرتاشی نەبیستبێت کە لە کاتی ئەداکردنی کاری ئاشتییانەی سیاسیی خۆیدا، تۆمەتی خرایە پاڵ و تائێستا لە گۆشەی زینداندایە.

پێدەچێت ئەو هەموو بەیاننامە و لێدوان و نارەزاییانەی نەبیستبێت کە لە ئاستی جیاجیا لەلایەن سەرانی ئەورەوپا و ئەمەریکاوە سەبارەت بە کورد دەدرێت، خۆناکرێت ئەوەشی نەزانیبێت کە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کە خۆیان ئەندامی سەرەکیی خاوەن ڤیتۆن تێیدا بە بڕیاری ژمارە ئەوەندە هێڵی دژە فڕینی بۆ هەرێم دروستکرد.

دەبێت لە دوو شتی وادا بڵێین، ئێمە نابێت لە خۆمان بایی ببین، دەبێت بەپێی واقع هەنگاوبنێین، ئەوەتا لە هەموو نێوەندە نێودەوڵەتییەکان کەسێک نایەت و باس لە کورد بکات، هەرباسیشی بکەن وەک کێشەیەکی ئەو وڵاتەی کە کوردی تێدایە باسی دەکەن، واتا وەک کێشەی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

ئەگەر بڕیار وایە لەژێر مانەوەی ئەم هەرێمە بەم جۆرە، تەنها گیرفان پڕکردن و گەیشتن بە پلەی سەرمایەداریی بێت و بۆ هەندێک، ئەوا دوارۆژێکی باش چاوەڕێمان ناکات و هەرکاتیش روویدا، سەرمایەدارەکان سەرانی حکومڕانی جێدێڵن، ئەگەر حەزیشیان لێ بوو وەک (ئارەزوو) شتێک بە ناوی شۆڕش دروستدەکەنەوە و خۆشیان نیوەیان لە سویسرا و هەندێکیان لێرە دەبنەوە سەرکردەی شۆڕش، وەک ئەوەی لە رابردوودا دیتومانە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan