خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

هێزی تورکیا و سوننەکانی عیراق


عیراقی نوێ، لەڕووی شوناسی سیاسی و فەرمانڕەواییەوە، زیاتر سەر بە شیعەکانە، ئەو شکڵگرتنە پەیوەندیی بە زۆرینەی دانیشتوان و دەنگدەر و هەیمەنەی ئێرانییەوە هەیە، لەڕووەکەی دیکەشەوە هەڵگێڕانەوەی عیراقی سوننییە کە لە ١٩٢١ەوە درێژەی کێشا تا ٢٠٠٣، ئیتر لەو ساتەوەختەدا عیراقی شیعی دەستپێدەکات و تائێستا درێژەی هەیە.

شەڕی سوننە و شیعە رەگی لە مێژووی ئایینیدا هەیە، دوای ئەوە شوناسی سیاسیی وەرگرتووە، هیچ ساتەوەختێکی مێژوویی نییە، سوننە و شیعە تەبابووبن، بووە شەڕیان نەکردبێ، هاوپەیمانێتییەکی ساختە لەنێوانیان هاتبێتە ئاراوە، بەڵام لەو کاتەشدا هەر کەمینیان لەیەکتر گرتووە و هەوڵی زاڵبوونیان بەسەر یەکتردا داوە، نەک وردکردنەوەی رێککەوتنەکانیان بۆ پێکەوەژیانێکی راستەقینە و یەکتر قبووڵکردن.

لە عیراقی نوێدا، سوننە بۆ ماوەیەک خۆی خستە پەراوێزی سیاسییەوە، دوای ئەوە گەڕایەوە، بەڵام بە لاوازی، ئەوە دەرفەتی زیاتری دایە شیعە بۆ خۆبەهێزکردن و کارکردن لەسەر پەرتکردنی سوننە تا ئەوەی سوننەیەکی پەرەوازەی بێ مەرجەع دروستکرا، بەئێستایشەوە هەر لەو دۆخەدان.

سعودییە و وڵاتانی دیکەی کەنداو لەسەروویانەوە قەتەر، هەروەها تورکیای ئەردۆغان کاری جدییان بۆ بەهێزکردنەوەی سوننە کرد، بەڵام پرۆژەی هەڵسانەوەی سوننە بە یەکگرتوویی سەرکەوتوو نەبوو، هێزی ئێرانی کاریگەرتر بوو، ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن.

بێ رەمزی و مەرجەعیی لە عیراقدا، بۆ سوننە یەکێک لە گرفتە گەورەکانە، تارق هاشمی لە پێگەیشتنی رۆڵگێڕانێکی لەو شێوەیەدا بوو، بەڵام بە قورسی لێیدرا و تاراوگە بەدەر کرا، تورکیا ویستی تەڵەی شیعەکان بە خزمەتی هاشمی بتەقێنێ، بەڵام پێی نەکرا.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەرفەتێکی باش بوو بۆ بەهێزبوونەوەی سوننەکان، بەتایبەت دەرکەوتنی بەهێزی محەمەد حەلبووسی کە دوای رەوتی سەدر (٧٣ کورسی)، بە بەدەستهێنانی نزیکەی (٤٠ کورسی)، بووە گەورەترین هێزی سیاسیی بڕیاربەدەستی سوننی، دوای ئەوەش پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی ئەنبار- هەولێر- حەنانە، بووە گەورەترین مەترسی لەسەر هاوپەیمانێتیی تەقلیدیی شیعەکان کە سیاسەتوانە دیارەکانی وەکو نوری مالیکی، هادی عامری و قەیس خەزعەلی و چەندانی دیکەیشی تێدابوون.

لە نزیککردنەوەی حەلبووسی- بارزانیدا وەکو دوو کەسایەتیی سوننی، ئەردۆغان رۆڵی دیاری هەبوو، بەڵام هاوپەیمانێتییەکە تۆکمە و یەک ستراتیژ و گوتار نەبوو، بەپێچەوانەی رەوتی شیعیی تەقلیدییەوە کە بەرگەی فشاری زۆری گرت و دواجاریش سەرکەوتوو بوو لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیی بارزانی- سەدر- حەلبووسی و پێکێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی.

ترس لە رەمزییەتی حەلبووسی لەلایەن شیعەکانەوە فەرامۆش نەکرا، بەهۆی ئەوەی تورکیاش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عیراق نییە، ئەردۆغانیش وەکو جۆرێک لە بزنسی سیاسیی سەیری هەر پرۆژەیەکی سیاسی دەکات، لەو لای دیکەیشەوە یاریکردنی حەلبووسی لەسەر چەند پەت و هێڵێک بێ ئەوەی ئەزموونی سیاسیی زۆری هەبێت، لەبەرچاو نەگرتنی هێزی سوننەکانی دیکەیش لەلایەن حەلبووسییەوە، هەموو ئەوانە ریسی حەلبووسی و تورکیایان کردەوە بە خوری و دادگای باڵای فیدراڵی، کۆتایی بە رەمزییەت و ئامادەیی حەلبووسی هێنا.

روون بووەوە تورکیا دەوڵەتێکی خاوەن کاریگەریی نییە لە عیراق، ناشتوانێ ببێتە پارێزەری هیچ رەوتێکی سیاسیی دژە ئێرانی، گرنگە پەندی لێ وەربگیرێ.


 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan