ئهرسهلان پهرۆش
وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟
لە دوای توندبوونەوەی ناكۆكییە لەمێژینەكەی نێوان ئێران و ئیسرائیل تا راددەی هێرشی مووشەكی راستەوخۆ بۆ سەر خاكی یەكتر، ئێستا وڵاتانی ناوچەكە بەگشتیی و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بەتایبەتی بۆ دوو بەرە دابەشبوون، بەڵام هەندێكیشیان تەنانەت بە یەك دێڕیش نەیانتوانیوە تا ئێستا هیچ شتیك لەو بارەیەوە بڵێن.
هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە خۆیان لە ناوەڕاستی جەنگەكەدا دەبیننەوە و نە هاوسۆزیی و نە دژبەرییان بۆ هیچكام لە ئێران و ئیسرائیل دەرنەبڕیوە، بێگومان ئەوەش لە ترسی رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئاسایش و ئابووری و سەقامگیری سیاسیی وڵاتەكانیان، چونكە لە ئەگەری خۆیەكلاییكردنەوە بۆ هەر یەكێكیان تەواوی لایەكەی تر و هاوپەیمانەكانیان لەدەستدەدەن.
هەربۆیەش لەدوای هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە مامەڵەیەكی ژیرانە لەگەڵ بارودۆخەكە دەكەن و بەشێكیشیان لایەنگیریی خۆیان بۆ هیچكام لەو دوو وڵاتە نیشان نەداوە، بەڵكو زیاتر رۆڵی نێوەندگیرییان بینیوە.
وڵاتانی كەنداو ئەگەر هاوسۆزییان لەگەڵ هەر لایەنیكی ململانێكەش هەبێت، بەڵام هێندە چاویان لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی و ئەمنیی و ئابووریی خۆیانە، هێندە بەلایانەوە گرنگ نییە كە ئێران یان ئیسرائیل كامیان سەردەكەوێت و كامیان شكست دەهێنێت یان زەرەرمەند دەبێت، بۆیە بە هەرشێوەیەك بێت دەیانەوێت بەرژەوەندییەكانی خۆیان بپارێزن و خۆیان بەدوور دەگرن لە دەستوەردان لە هەر ململانێیەك مەگەر ئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە وڵاتەكانی خۆیانەوە هەبێت.
ئەوەی هاوڵاتییانی ناوچەكە بیری لێدەكەنەوە بە تەواوی جیاوازە لەوەی كە سەركردە سیاسییەكانی وڵاتەكانیان بیری لێدەكەنەوە، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت زۆر جیاوازە لەوەی كە وڵاتەكانیان دەیانكەن، بۆ نمونە، لە ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و بزوتتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە كە بە دەیان هەزار هاوڵاتی فەڵەستینی كوژران و بریندار بوون، هەتا ئێستا هیچ وڵاتێكی كەنداوی عەرەبی هاوكاریی سەربازیی پێشكەشی غەززە نەكردووە، لە كاتێكدا رۆژانە دەبینن كە هاوزمان و هاوئاینە مسوڵمانەكانیان بە بەرچاویانەوە دەكوژرێن، دەسوتێنرێن و دەربەدەر و ئاوارە دەكرێن، بەڵام هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانە رۆژانە هاوسۆزییان بۆ دەردەبڕن و سەرزەنشتی وڵاتەكانیان دەكەن كە بۆچی هیچ هەنگاوێك نانێن بۆ وەدەنگهاتن لەسەر كۆمەڵكوژكردنی دانیشتوانی كەرتی غەززە.
هەرچی وڵاتانی ناوچەكەیە لەوە تێگەیشتوون كە شەڕی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل شەڕێكی بەوەكالەتی ئێرانە و بە بزوتنەوەی حەماس دەكرێت، بۆیە ئەمەیان كردووەتە بیانوو و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بەڵام هاوڵاتییەكانیان پێیان وایە كوژرانی رۆژانەی دەیان هاوڵاتی فەڵەستینی لە كەرتی غەززە هیچ بیانوویەك هەڵناگرێت بۆ چاونوقاندن لە ئاست ئەو كوشتوبڕ و داگیركارییانەی كە ئیسرائیل ئەنجامیدەدات.
بەڵام هەرچۆنێك بێت لەم جەنگ و ململانێیەی ئێران،حەماس و ئیسرائیلدا لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بەڵام بەشێكیشیان بە ئاشكرا و بە نهێنیی هاوسۆزییان بەلای ئیسرائیلدا هەیە و لایەنگریی لێدەكەن، لەكاتێكدا هاوئاین و هاوزمانی هاوڵاتییانی كەرتی غەززەن.
ئ.پ