ئه‌رسه‌لان په‌رۆش

ئه‌رسه‌لان په‌رۆش

گفتوگۆی دوو سەرۆك كۆمار بە زمانی كوردی كەم نییە


لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران بە كوردییەكی رەوان و جوان لەگەڵ د.لەتیف رەشید، گفتوگۆیان كردووە، رەنگە ئەمە وەك هەواڵێك بەرگوێمان كەوتبێت و ئاسایی وەرمانگرتبێت، بەڵام نەخێر ئەمە هەرگیز بۆ ئێمە شتێكی سادە و ساكار نییە.
راستە سەرۆك كۆماری عیراق كوردە و رۆژانە لە نێو ماڵ و منداڵی خۆی و لەگەڵ دارودەستەكەی و كێ‌ و كێ‌، زۆر ئاسایی بە كوردی قسە دەكات، بەڵام ئەمە هەرگیز بەراورد ناكرێت بە گفتوگۆكەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران، چونكە ئەوە یەكەم جارە لە مێژوودا لەوەتەی كورد هەبووە، دوو سەرۆك كۆماری دوو دەوڵەتی جیاواز بە زمانی شیرینی كوردی قسە بكەن، كە بەراستی مەگەر هەر لەم خولە یان خولی داهاتووی سەرۆكایەتی هەردوو سەرۆك كۆمارەكە رووبداتەوە كە ئەوەش رەنگە ئەگەرێكی مەحاڵ بێت، ئەگینا بەدەر لەوە زۆر مەحاڵە بۆ جاری دووەم ئەمە رووبداتەوە.
هەرچەندە ئەمە یەكەم جار نییە سەرۆك كۆمارێكی عیراق كورد بێت و لە دیدارێكی رەسمیدا بە زمانی كوردی قسە بكات، چونكە پێشتر مام جەلال، كاتێك سەرۆك كۆماری عیراق بوو لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتارێكی بە زمانی كوردی پێشكەش كرد  و لە چەند كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیش لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان، بە زمانی كوردی وەڵامی رۆژنامەنوسانی داوەتەوە، بەڵام نە بۆ مام جەلال و نە بۆ هیچ سەرۆك كۆمارێكی عیراقی تری كورد رێكنەكەوتووە لەگەڵ سەرۆكی وڵاتێكی تر ئاوا لە دیدارێكی رەسمیدا بە كوردی قسە بكەن، بۆیە دەبێت ئەمە بە كەم وەرنەگرین.
بۆچی ئەمە بە كەم وەرنەگرین؟
چونكە ئێمەی كورد كە بەسەر چوار وڵاتی دژدا دابەشكراوین، لە رابردوودا و تا ئێستاش بەدەر لە عیراق (كە ئەویش تەنها بە ئاشكرا نییە) ئەو وڵاتانە هەموو هەوڵێكیانداوە بۆ كاڵكردنەوە و نەهێشتن و لەناوبردنی زمانی كوردی، بۆ نمونە لە وڵاتێكی وەكو توركیا، كە زۆرترین كوردی تێدایە بە بەراورد بە بەشەكانی تری كوردستان، ئەسڵەن نەك هەر لە دام و دەزگا رەسمییەكان كوردی قەدەغەیە، بەڵكو چەندین جار لەسەر قسەكردنی ئاسایی رۆژانە بە زمانی كوردی لە سەر جادە و بازاڕ و رێگاوبانەكان، هاوڵاتی كورد كوژراون. 
دەی ئەمە بهێنە و بەراوردی بكە بەوەی كە سەرۆك كۆمارێكی تری هاوشێوەی توركیا كە كوردی بەسەردا دابەشكراوە، بێتە وڵاتێكی تری هاوشێوەی ئەو دوو وڵاتە و لەگەڵ سەرۆك كۆمارەكەی بە كوردی قسە بكات، هەر بەجدی ئەمە ئاساییە؟! 
من لاریم لەوە نییە كە ئێستا جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان سیاسەتی وڵاتی توركیا كە بە نمونە هێنامانەوە، لەگەڵ سیاسەتی وڵاتی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوەی یەكەم بە هەموو شێوەیەك كورد و ئەم هەرێمەی پێ‌ رەفزە و تەنانەت ناوهێنانی كوردستانیشیان لا بڤەیە، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە وەك ئەمڕۆ سەرۆك كۆمارەكەی وتی "پەیوەندی باشیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و دەیانەوێت باشتریشی بكەن". نەك هەر ئەوەنە، بەڵكو وەك باسمان كرد، بە كوردیش لە دیدارە رەسمیەكەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق گفتوگۆی كرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا ئەمە رووداوێكی مێژووییە و كەم نییە. 
بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیرە و جێگەی نیگەرانییە، ئەوەیە كە ئەم بابەتە هیچ نەبووە جێگەی بایەخی راگەیاندنە كوردییەكان و تەنها وەكو هەواڵێكی ئاسایی و بابەتێكی سادە مامەڵەی لەگەڵ كرا، كە ئەسڵەن زۆرێكیان هەر بە دێڕێكیش باسیان نەكرد.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan