نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

كوردستان و كۆرۆنا فۆبیا

نەرمین عوسمان

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بوونی بە پەتایەكی جیهانی، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانەش کاردانەوەی بەسەر هەست و باری دەروونی تاکەكان، ئەم کاردانەوانە سێ جۆرن، جۆری یەکەمیان ئەو کەسانەن کە ئەم نەخۆشییەیان بە هەند وەرنەگرتووە و گوێی پێنادەن، ئەم  بیرکردنەوەیان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، هۆکاری ئایین و لاوژە و تێنەگەیشتنیان لە ئایین، دەگەڕێنەوە بۆ ئایەتی (قل لن یصیبنا إلا ما كتب الله لنا)، بەڵام ئەو ئایەتەیان بیرچووە کە دەڵێ (ولا تلقوا بأیدیكم إلی التهلكە و انتم تعلمون)، واته کە زانیاریتان هەیە بە دەستی خۆتان، خۆتان مەخەنە مەترسییەوە.

هەندێ میدیای نابەرپرس و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، گوایە ئەم ڤایرۆسە بوونی نییە یان دەستکردە و شەڕی نێوان زلهێزەکانە، یان چونکە رێنماییەکان حکومەت دەریدەکات کەواتە راست نییە و دەبێ دژی بن، دەشبیستین دەڵێن حکومەت بۆ ئەوەی مووچە دوابخات کەرەنتین دەکات، بەشێکیش لەو کەسانە بەهۆی لاوازی ئاستی هۆشیاری تەندروستی و کۆمەڵایەتییانەوەیە، ئەم جۆرە کەسانەی ئەم جۆرە هەستەیان هەیە دەبنە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوە و تووشبوون بەو ڤایرۆسە.

جۆری دووەمیان ئەو کەسانەن کە ئەوەندە کەیسەکەیان بە قورسی وەرگرتووە، بووەتە هۆی ئاڵۆزیی باری دەروونیان و تووشبوونییان بە کۆرۆنا فۆبیا، زۆرجار فۆبیای کۆرۆنا مەترسیدارترە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو ترسە زۆرەش هەندێكجار دەگەڕێتەوە بۆ کەسەکە خۆی، رەنگە کەسێکی راڕا بێت ، یان فۆبیای مردنی خۆی و کەسوکاری هەبێ بەتایبەتی بەم جۆرە مردنەش و چاوەڕێی خراپییەکی نەبینراو دەکەن، هەشیانە هەر خۆیان  فۆبیای مانەوە لە شوێنی داخراویان هەیە، ئێستاش بەهۆی خۆپاراستن دەبێ لەو شوێنانە بمێننەوە، هەشن زۆر لە نەخۆشی دەترسن بەتایبەتی ئێستا هەندێ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو نەخۆشانە پیشان دەدەن کە لەسەرە مەرگن یان لە بارێکی زۆر خراپدان و لەسەر شەقامەکان کەوتوون. دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆرۆنا فۆبیا لە کۆکردنەوەی خواردەمەنی و شتومەكی زۆر لە ماڵەوە و کڕینی زۆری مادەکانی خۆپارێزی، ترس لە نزیکبوونەوەیان تەنانەت لە هاوسەر و منداڵەکانیشیان، ئەم جۆرە فۆبیا و ترسە زۆرە کاریگەریی لەسەر رژێنەرەکانی جەستە هەیە و توانای بەرگریی لەش کەم دەکاتەوە و هەندێكجاریش نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لا دروست دەبێت بێئەوەی نەخۆشییەکەی هەبێت، بۆ نموونە قورگی وشک دەبێت یان دەکۆکێ و هەست بە هەناسە سواری دەکات، بۆ ئەوەی دووربکەونەوە  لەو جۆرە ترسە زۆرە، پێویست دەکات بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکەنەوە و وەرزش بکەن بەتایبەتی یۆگا، لە کاتی بەکارهێنانی پەیوەندی تەلەفۆنی هەوڵبدەن ئەوەندە گوێ نەگرن لە باسی ئەو نەخۆشییە و بکەونە سەیرکردنی فیلم و گۆرانی و کتێب خوێندنەوە و تابکرێ بە هێمنی رەفتار لەگەڵ ئەم نەخۆشییە بکەن.
 
جۆری سێیەم ئەو کەسانەن، هەستەکانیان سروشتییە، دەترسن، بەڵام ترسەکەیان لە جێگای خۆیەتی، بۆ پاراستنی خۆیان و کەسە نزیکەکانیان، لە هۆشیاری و زانستەوە خۆیان دەپارێزن تووشی دڵەڕاوکێ نابن. دەبێ لیژنە تەندروستییەکان و ئاسایش و میدیاکان، بەرپرسیارانەتر بەرانبەر بە هەستی هاوڵاتی رەفتار بکەن، بەهیوای بە زوویی و بە کەمترین زیان ئەم پەتایە لە کۆڵ ئەم جیهانە ببێتەوە. خۆپاراستن زۆر گرنگە، بەڵام چۆنیەتی خۆپاراستن و تەسلیم نەبوون گرنگترە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan