عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

نێوانی مرۆڤ و دارخورما

 ماوەیەکە خولیای نووسینک لە خەیاڵمدایە لەبارەی دارخورماوە. وەک دیار و سەلمێنراوە، رووەک پێش گیانلەبەر هەبووە، قەوزە و بەکتریا و خانە وردیلەکان، سەرچاوەی دروستبوونی ژیان و گیانلەبەرەکانن، رووەک بەبێ گیانلەبەر دەژی،  بەڵام بەپێچەوانەوە گیانلەبەر بەبێ رووەک ناژی.

پیرۆزیی داری خورما و داری زەیتون
لەناو رووەکەکاندا هەندێ درەخت رێز و پیرۆزیی خۆیان هەیە، وەک دارخورما و داری زەیتون، بەهەمان شێوە مرۆڤیش لەناو گیانلەبەرەکاندا.
بەپێی سەرچاوەی کۆن و ئایینی ئیبراهمی، (ئادەم) و (حەوا) لەسەر خواردنی سێوێک لە بەهەشت دەرکران و بێبەشبوون لە خۆشیی و کەیف و سەفای بەهەشت و کەوتنە سەر زەوی و دنیای فانی!
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، حەزرەتی (مەریەم) لە کاتی دووگیانییدا، تا لە دایکبوونی حەزرەتی (مەسیح)، لە ژێر دارخورمایەکدا مایەوە، دارەکە بوو بە سێبەر و خورماکەشی بوو بە سەرچاوەی خواردن و بەردەوامبوونی ژیانی!
دەتوانین بڵێین، دار سێو بوو بەهۆی دەرکردنی پێغەمبەرێک لە بەهەشت و دارخورماش بوو بەهۆی لە دایکبوونی پێغەمبەرێک، کە رزگاریی هەموو گیانلەبەرانی سەر زەوی بخرێتە ئەستۆی و بیانبات بۆ بەهەشت.
خاڵو میرەلی دوکاندار، نە داروینی دەناسی و نە کتێبی (اصل الأنواع)ی خوێندبووەوە، دەیوت؛ ئینسان لە دارخورما دەچێت.
لە کتێبی (اصل الأنواع)ی دارویندا، لە یەکچوونی مرۆڤ و جۆرێک لە مەیمون باس دەکات.
نازانم منیش وەک خاڵو میرەلی دەتوانم هەندێ بەراورد لەنێوان مرۆڤ و دارخورمادا بکەم ؟ هەندێ لەیەکچوونی مرۆڤ و دارخوما هەن، وەک قەد و باڵا و سەر و جۆر و رەگەزی نێر و مێ و پیتاندن  لە کاتی خۆیدا و  تەمەن و قۆناغەکانی  وەک ساوا و منداڵ و مێرد مناڵ و گەنج و بەتەمەن و پیر و بەساڵاچوو.

ئەڵوەن و باخەکانی خانەقین
شاری خانەقین ناسراوە بە زۆر شت، بەتایبەتی بە ئەڵوەن و باخەکانی، باخەکانیش پڕن لە دارخورمای جۆراوجۆر و پڕ بەرەکەت، ئێمەی دانیشتوانی گەڕەکی جەلەوە، هەڵهاتنی خۆرەتاومان لە پشتی دارخوماکانەوە دەبینی و هەر لە پشتی دارخوماکانیشەوە خۆر ئاوادەبوو.
هەڵکەوتەی جوگرافی جەلەوە، کەوتۆتە نێوان رووباری ئەڵوەن و باخەکان، خەڵکەکەشی بە گەورە و بچووک، بە ژن و پیاو، خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، ئاشنای دابونەریتی باخەوانین.
هەموو ساڵێ لە مانگی چواردا، وادەی تەکریب بوو (بە واتای بڕینی سەعفە وشکەکان) و پیتاندنی دار خورماکان، لە ناوەڕاستی مانگی پێنج دا، شۆڕکردنەوەی خوشەخورماکان بۆ خوارەوە.
لە مانگی 10دا وادەی بڕینی خورمای زەهدی دەهات، ئەمە پێیدەوترێت (سەرام)، هەندێ خەڵک بە هەرەوەزیی خورمای سەر زەوی کۆدەکەنەوە، بەمەش دەوەترێت (زگار)، لە دواییدا لە بەرانبەر کارەکەیان، هەندێ خورما و خەستە خەڵاڵ (فەریکە خورما) وەردەگرن.

دروستکردنی دۆشاوی خورما
هەموو ساڵێک، دوای تەواوبوونی سەرام و زگار، خەڵکەکە هەریەکە و لە بەر دەرگای خانووە قوڕەکانیان بە مەنجەڵی گەورەی مس، لەسەر ئاگری داری وشک و سەعاف و کەڕاب، خورما و خەستەخەڵاڵەکانیان دەکرد بە دۆشاوی خورما.
 دایکم گەوهەر و میم فەخرییە و میم هەیبەت و میم عاسمە و میم رەبابە، لەو وەرزەدا خەریکی دۆشاو دروستکردن دەبوون، جارێکیان باوکم تازە کۆچی دوایی کردبوو، منی هەتیو و دڵشکاو لەبەردەستی دایکم کارم دەکرد، لە کۆتایی پرۆسەی دروستکردنی دۆشاوەکە و ریکلامکردنی دایکم بۆ بەرهەمەکەی وەهای وت: دۆشاوەکەمان شیرین و جوانە، بەقەد پەڵە قرمزێکەی سەر گوپی  عیمادی کوڕم.
ئای چەند دڵم بەو دەربڕینە خۆش بوو، تائیستاش ئەو دەربڕینە لە مێشکمدا وەک ئەڵماس دەبریسکێتەوە. ئێمە دوای مردنی باوکمان زۆربەی رۆژ لەسەر سینی فافۆن و لەناو قاپی قوپاوی فافۆن، چەند کەوچکێک دۆشاوی خورمامان بە نانێکی بایعی، خاڵو ئەحمەد نانەواوە دەخوارد.
وەک خوو، نانەکەم دەخستە سەر رانی چەپم و بە پەنجەکانی ئەسپێ کوژە  و دۆشاومژە و باڵا بەرزە قنچکێک نانم لێدەکردەوە و دەمسوو بە بنی قاپەکەوە و دەمکرد بە پاروویەک و برسێتیم راودەنا و خۆم تێر دەکرد.

جۆرەکانی خورما زۆر بوون
بێجگە لە سەرام و زگار، جۆرەکانی تری خورما زۆرن، باخەوانەکان خۆیان  لێیان دەکردنەوە و بە قەوشەر و سەبەتەی خۆس دەیانهێنایە خوارەوە، باخەوانەکان بە (توبێلە) سەردەکەوتن بەرەو سەرەوەی دارخورماکان، جاروباریش هەندێکیان دەکەوتنەخوارەوە و تووشی ئەزێت و مەینەتیی دەبوون، لەوانە خاڵۆ عارف و سەعیدە کوێر و جەلال حەسەن.

راستە ئێمەی خەڵکی خانەقین شانازیی بە دارخورماوە دەکەین و وەکو ئاوی ئەڵوەن سەیری دەکەین، هەروەها شانازیی بە داری بەڕووی شاخەکانی کوردستانیشەوە دەکەین و وەکو ئاوی زەمزەم لێی دەڕوانین.

شارێکی کوردستانییە
خانەقین شارێکی کوردستانییە و پرە لە نیعمەت و خێر، وەک ئەڵوەن و باخ و کانزا و هەڵکەوتەی جوگرافی و خەڵکی شارەزا و بەتوانا و مۆزایکێکی جوان و دەگمەن، پێکهاتە و ئایین و مەزهەبی هەمەجۆر، بەڵام بەداخەوە، لە سەردەمی رژێمی بەعس و دکتاتۆرییەتدا، بە سیاسەتی کاولکردنی شارەکە، کەوتنە بڕین و کەمکردنەوەی باخەکان و دەربەدەرکردنی خەڵکی رەسەنی شارەکە.
لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی کەمیی ئاوی ئەڵوەنەوە بەشێک لە باخەکان وشکبوون، هەروەها بەهۆی چاوچنۆکیی هەندێ خەڵک و بێباکیی دەسەڵاتدارانی شارەکەوە، باخەکانی خانەقین کەوتنە بەر شاڵاوی بڕین و سووتاندن و کردنیان بە عەرەسە و بیناسازی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا  تاوانێکی گەورەیە دژ بە ژینگە و داهاتی وڵات و شاری خانەقینە بێنازەکەمان، کە لە راستیدا رەوای هەق نییە، بەرپرسانی دڵسۆز  و خەڵکی رەسەن و بەشەرەفی خانەقین، بەرانبەر بەم تاوانە گەورەیە دەستەوەستان و بێدەنگ راوەستن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan