نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

کۆریتبای بەرازیلی؛ نموونەیەك بۆ گۆڕانكاری

شاری کۆریتبا دەکەوێتە باشووری بەرازیل و پایتەختی ناوچەی(بارانا)یە، گەورەترین و پڕ بەهاترین شاری باشوورە، ئەم شارە بەهۆی سەرۆک شارەوانییەکی لێهاتوو و خاوەن بڕیار و جێبەجێکارێکی خێراەوە توانی ئەم شارە لە شارێکی کاولە بگۆڕێ بۆ بەناوبانگترین شاری بەرازیل و جیهان، ئێستا بە سەوزترین و پاکترین شاری جیهان ئەژمار دەکرێ، لە شارێکی نووستوو بۆ شارێکی زیندوو و بە ئاگا گۆڕی، بۆ هەر تاکێکی دانیشتوانی رووبەری 54 مەتر دووجای لە سەوزایی بەردەکەوێ، شارێکی رۆشنبیر و سیاسی و ئابوورییە، ساڵانە دەیان کۆنگرەی گرنگی جیهانی تیایدا دەبەسترێ.

ئەم شارە لە ساڵی 1693 بنیات نراوە، هەر لە سەرەتاوە سەدان کۆچبەر و سەرمایەدارانی ئەڵمانی، پۆڵەندی، ئیتالی و ئۆکرانی و دواتریش ژاپۆنی و عەرەب و جولەکە روویان تێکرد، شارێک بوو بەبێ پلان و هەڕەمەکی گەشەی دەکرد هیچ جۆرە پلانێکی ستراتیژییان نەبوو، تا ئەو کاتەی لایەنە بەرپرسەکان ویستیان هەندێ ناوچەی شوێنەواری گرنگی شارەکە بڕمێنن و بیکەن بە پرۆژەیتر وەک رێگاوبان و پرۆژەی ئابووری، بزووتنەوەیەک لە شارەکە پەیدابوو دژی روخاندنی ئەو شوێنەوارانە بە سەرۆکایەتی ئەندازیارێک بەناوی جایم لێرنر، هەروەها سەرۆکایەتی بزووتنەوەی گۆڕینی شاری کۆرتیبا بۆ شارێکی ژینگەیی دەکرد، ئەم بزووتنەوەیە راکانیان لەلایەن خەڵکەوە پەسند بوو، دوای ماوەیەک ئەو ئەندازیارە بوو بە سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە، یەکەم هەنگاو بە هۆی تیمێکی پسپۆڕەوە ماستەر پلانی شارەکەیان لە ماوەی 48 کاتژمێردا تەواوکرد کە پێویستی بە زیاتر لە چوار مانگ بوو.

ئەو سەرۆک شارەوانییە بەهۆی تواناکانی و دڵسۆزی و كاركردنی بەشێوەی تیم توانی ئەم كارانە بكات:

یەكەم: شارەکە لە شارێکی داڕماوی پاش جەنگ و بێ پلانی بگۆڕێ بۆ شارێکی شارستانیی سەوز و دۆستی ژینگە.
دووەم: دەیان پارکی گرنگی تایبەت و نموونەیی لە سەر ئاستی جیهان دروستكرد.
سێیەم: ئەنجامدانی کارەکانی بە راپرسی، سەرەتا سەردانی ناوچەیی ئەنجام دەدا، بە مەبەستی بەشداریپێکردنی هاوڵاتیان لە بڕیارە گرنگەکان کە راستەوخۆ پەیوەندی بەوانەوە هەیە و هەروەها وا لە هاوڵاتی بکات پرۆژەکە بە هی خۆی بزانێ.
چوارەم: بەردەوام لێپێچینە و بەدواداچوونی دەکرد و بەسەر پرۆژەکانەوە بوو، هەوڵی دەدا بە زووترین کات و بە باشترین چۆنیەتی پرۆژەکان ئەنجامبدات، دروشمێکی هەبوو دەیوت کاری باش مانای خراپی چۆنیەتی نییە.
ئێستا خاوەنی باشترین ئامرازەکانی هاتووچۆن وەک پاس و ترام، لە تاکسی زیاتر بەردەستن بۆ هەر شوێنێ بڕۆن هەمان نرخە و هەموو پێداویستییەکانی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان تیادایە، وزەی دۆستی ژینگە بەکاردەهێنن، ئەمانە و دەیان پرۆژەی کولتووری و وەرزشی و ئابووری گرنگی ئەنجامداوە، ئێستا ئەم شارە بە پاکترین و سەوزترین شاری جیهان ناسراوە، خۆشی چەند جارێک بە یەکێک لە باشترین سەرۆک شارەوانی جیهان دەستنیشان کراوە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan