عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

خوێندەوەیەكی تر بۆ (16)ى ئۆكتۆبەر ‏

دڵۆپەی شەونم گریانی گوڵە                        
لێزمەی باران گریانی ئاسمانە
رووباری سیروان گریانی كوردستانە
16 ی ئۆكتوبەریش خۆی گریانە

‏‎ لە مێژووی نوێماندا (16)ی ئۆكتۆبەری ساڵی (2017)
  دوایەمین كارەسات بوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق بەگشتی و لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار بەتایبەتی بە سەر كوردا هات، به‌ڵام جیاوازییه‌کی زۆر جه‌وهه‌ریشی له‌گه‌ڵ سته‌م و غه‌دره‌کانی پێشوو هه‌یه‌، چونکه‌ دۆسته‌کانی دوێنێمان لەكاتێكدا هێشتا كفنەكەی هەڤاڵ مام جەلال زەرد نەبوو بوو كە (صمام الامان)ی عیراق بوو به‌ هه‌مان سیاسەتی‌ ‌رژێمه‌ دیکتاتۆره‌کان كارەساتێكی تریان دژ بە كوردستان ئەنجام دا.

‎‏16ی ئۆكتۆبەر كارەسات و تاوانێک بوو دژ بە میللەتە ستەمدیدەكەمان، لەم رۆژەدا بە روونی هەڵوێستی راستەقینەی بەشێكی شیعەی عەرەب دەركەوت و ماسکی درۆزنانه‌یان بەرانبەر بە ئەزمونی فیدڕاڵی لە كوردستان داماڵدرا كە چۆن ئەوان لە سەردەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتدا بێ بەڵێن و بێ وەفا دەرچوون و چاكەی كورد و بزووتنەوەكەیان له‌به‌رچاو نه‌بوو، بەناوی زۆرینەی پەرلەمانی و لە رێگەی حكومەتی مەركەزیی و ئیعلامی چەواشەكاری دەستیان خستە ناو دەستی هەندێك لە شۆڤێنی سوننەی عەرەب بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان كە لە سەردەمی شۆڕش و بەرهەڵستكاری چەندین یارمەتی و پشتیوانی و هاوكاریی شیعەی كردووە لەم رووەشەوە ھاوخەباتی و ھاوپەیمانی نێوان کورد و شیعە وەک دوو پێکھاتەی زوڵملێکراوی عیراق مێژوویی بووە. لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەعسیش و بەتایبەتی سه‌رۆک مام جەلال زۆر هەوڵ و كۆششی کردووە بۆ بەهێزكردنی پایەکانی پێکەوەژیان و سازان و پێدانی پێگه‌ی به‌هێز بە شیعەی ھاوخەبات لە دامەزراوە تازەكانی عیراقدا.

‎لەدوای سەرھەڵدانی داعش و پەرەسەندن و سەركەوتنی لە زۆر  ناوچەدا كە خەریك بوو لە (كازمیە) و (نەجەف) و (كەربەلا) نزیک ببنه‌وه‌. به‌هاوکاری هه‌موو لایه‌ک تێک شکێندران، بەڵام  دوای شكستی داعش و رزگاركردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەناو (دەوڵەتی ئیسلامی) بەهاوكاریی هاوپەیمانان و  پشتیوانی و یارمەتی هێزی پێشمەرگە كوردستان بۆ سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عیراق لە جیاتی سوپاس و  پێزانین و  پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری بۆ كوردستان،  هەلی ریفراندۆمیان قۆستەوە و وەكو ئەوەی هەنگیان لە كونی داردا دۆزیبێتەوە بەبێ رەچاوكردنی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتی بە دەبابەی ئه‌برامزی ئەمەریكی و بە سەرۆکایەتی عەبادی و بە سەرپەرشتی و پشتیوانی دەرەكی پەلاماری كوردستانیاندا له‌ ئه‌نجامیشدا ناوچەیەكی بەرفراوانی كوردستان لە هەرێم دابڕا و ژمارەكی زۆری پێشمەرگەی  کوردستانیش شه‌هید بوون، به‌مه‌ش ئه‌و ناوچانه‌ دیسانەوە كەوتنەوە ژێر دەستی زوڵم و ستەمی هه‌ندێ لایه‌نی شۆڤینی عه‌ره‌ب و دووبارەبوونەوەی سیاسەتی تەعریب و ته‌هجیری شۆڤێنییەكان دەستیپێکردەوە، ئەمە وێڕای سەپاندنی سزای دارایی و ئابووری و ئیداریش به‌سه‌ر هەرێمی  كوردستان. ‎

‏‎لە راستیدا ریفراندۆم مافێكی رەوایە و رێگایەكە بۆ جێبەجێكردنی ئاشتیانەی مافی چارەی خۆنووسین، بەڵام کاتێک بێ رەچاوكردنی تەرازوی هێز و بەبێ گوێدان بە ئامۆژگاری دۆستان و هەڕەشەی دوژمنان، وەک کورد تاک لایەنە ریفراندۆمان ئەنجامدا، ئەوا وێڕای رەوایەتی مافەکە و سەروەرییەكی مێژوویی، میللەت دەنگی خۆی گەیاند و دووژمنەكانیش گورزی خۆیاند وەشاند و ستەمی رۆژگاری لێكەوتەوه.

‏‎لەم سەروبەندی ئه‌م میحنەت و كارەساتەدا، بەداخەوە لایەنە سەرەكییەكانی هەرێمیش له‌بری یه‌کڕیزی جارێکی دیکە كەوتنە ناو دۆخی ململانێی سیاسی توندوتیژ و  تۆمەتبارکردن و هێرشكردنە سەر یەكتر، لەجیاتی برین ساڕێژكردن، تێزابڕێژی برینە کۆن و تازەكان كرا، دەرئەنجام بەمەش خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم بوو، ئه‌وان به‌م په‌لاماره‌ دڕندانه‌یه‌ دوو نیشانیان پێشكاند ناوچه‌یه‌کی زۆریان به‌هێز له‌ ئێمه‌ وه‌رگرته‌وه‌، له‌ لایه‌کی تریش تۆوی ناکۆکی و دووبه‌ره‌کییه‌کی قوڵیان له‌ناوماندا چاند‏.‎

‏‎ئێستاش دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێك بەسەر ئەو رووداوە ئەركی راستەقینەی لایەنە سیاسییەكانی سەر گۆرەپانی كوردستانە لەم قۆناغە سەختەدا، دانانی نەخشە رێگەیەکە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و دەربازبوون لەم قەیرانەدا، ئەوەش خۆی لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ده‌بینێته‌وه‌ لە رێگەی كۆبوونەوەی فراوان و بەشداریپێكردنی زیاتری خەڵك لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لە رێگەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و هەڵسەنگاندنی زانستی و واقیعی بۆ دۆخی ئێستای هەرێم و دەستپێكردنی چاكسازیی راستەقینەی ئیداری و دارایی و ئابووری و سیاسی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بەشێوەی (لامەركەزی) بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و عیراقی ئیتحادی لە چوارچێوەی دەستووردا، كە مافە رەواكانی كوردستان لە دابەشكردنی ئەرز و دەسەڵات و داھات و تەواوی شایستەکانی مسۆگەر بكات.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan