نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

حەمید دەروێش؛ شێخی كوردایەتی

لە سەدەی بیستەمدا و لەسەر ئاستی پارچەكانی كوردستان كۆمەڵێك سەركردە هەڵكەوتن و چەندین شۆڕش هەڵێسان كە بوونەتە بەشێكی گرنگ لە مێژووی گەلی كورد، هەندێك لەو سەركردانە سنووری ناوچەكەی خۆیان تێپەڕاند و بوونە رەمزی بەرخودانی نەتەوەیی ئێمە، حەمید دەروێش لە رۆژئاوای كوردستان چاوی بە ژیان هەڵهێنا، لەوێوە دەستی بە شۆڕش و كوردایەتیی كرد، ئەمما رێگای خەبات و شكۆی شۆڕشی سنووری پارچەكانی دیكەی كوردستانی بڕی و وەكو رەمزێك بووەتە بەشێك لە یادەوەریی ئێمە.

سەروەختی بەشداریی مامۆستا حەمید دەروێش لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لە سوریا سەروەختێكی قورس و بێ كەسییە، كوردی بێ ناسنامەی رەسمیی لەوێ، لەهەمانكاتیشدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و هەرێمایەتیی بۆیان گونجاو نەبوو شۆڕشەكەیان فراوان بكەن، بەڵام دەستەوەستان نەبوون و بە نهێنی و ئاشكرا دەستیان بە خەبات كرد، هیچ دەرفەتێكیان لەدەستنەدا بۆ ئەوەی مافەكانی كورد وەربگرنەوە.

مامۆستا حەمید دەروێش نموونەیەكی باڵای بەشداریی بزووتنەوەی كوردایەتییە لە رۆژئاوای كوردستان، بە گەنجی دەستیپێكرد، سەیری قۆناغەكانی ژیانی بكە ماندوبوون و وەستانی تیادا نییە، تەنانەت لە كۆتا رۆژەكانی ژیانی كە خەم و نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەن دەوریان دابوو، ئەو بەردەوام بوو لە خەبات و لەنێوان قامشلوو- سلێمانی- وڵاتانی جیهان گەشتی دەكرد و دەیویست بە رێگەی جیاوازی خۆی مافەكانی گەلەكەی وەربگرێتەوە.

تۆماری مامۆستا حەمید دەروێش لە هاوكاری و خزمەتكردنی خەباتگێڕانی كوردی بەشەكانی دیكەی كوردستان یەكجار دەوڵەمەند و پڕ شانازییە، ماڵەكەی وی ماڵی هەموو كوردێكی دیكەی پارچەكانی كوردستان بوو، كەس لە ماڵی وی هەستی بە غەریبی نەدەكرد، میوان دۆست و قسەخۆش و رێنوینیكار، بەقسە و كردار هاوكاریی هەموو كوردێكی دڵسۆز بوو، لەم بۆنەیەدا لەبیركردنی لەیلا خانی هاوسەری مامۆستا بێ وەفاییە كە چەشنی مامۆستا حەمید دەروێش لەیلا خانیش هاوكار و چاكەكار و كەسێكی كەم وێنە بوو لە خزمەتكردنی كوردانی هەر شوێنێك رێیان لەوێ كەوتبا، لێرەوە لە ناخی دڵەوە سڵاو بۆ لەیلا خان دەنێرم و پێی دەڵێم جێگا شانازیی هەموومانی.

مرۆڤ كە دەیەوێت سەركردەی نموونەیی بناسێ هانا بۆ سیفاتە كردەییەكانی دەبات نەك بانگەشە و قسەكانی، لەمەیاندا دەتوانین مامۆستا حەمید دەروێش بە چەند پێوەرێك بناسین بەم شێوەیە:

یەكەم: راستگۆیی و خاكەڕایی، مامۆستا حەمید دەروێش سەركردەیەكی راستگۆ و خاكەڕا و دڵسۆز بوو، لە ژیانی ویدا بەردەوام كاری بە پرەنسیپی راستگۆی و وەفاداری كردووە و هەر ئەوەش وایكرد جێگای متمانەی هاوڕێكانی بێت.
دووەم: وەفادار و بێ كینە، مامۆستا حەمید دەروێش كەسێكی وەفادار بوو بۆ گەل، خەباتی نەتەوەكەی، هاوڕێ و دۆستەكانی، خێزان و حزبەكەی.
سێیەم: هاوكار و ئازا، ئەو هاوكاریی هەر كەسێكی دەكرد پێویستی پێی هەبووایە بێ ئەوەی چاوی لە هیچ بێت، سەركردەیەكی نەترس بوو، تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی دۆزی نەتەوەكەی تەرخان كردبوو.
چوارەم: مامۆستا حەمید دەروێش بڕوای تەواوی بە فرەی سیاسی و پێكەوەژیانی كورد و نەتەوە و ئایینەكانی دیكە هەبوو، بۆ ئەمەش بەردەوام خاوەن دەستپێشخەریی بوو.

بەدەیان هۆكاری جیاواز زیاتر لە پارچەكانی دیكە، مامۆستا حەمید دەروێش دۆستایەتی لەگەڵ كورد و سەركردەكانی باشووری كوردستان هەبوو لەنێویاندا سەرۆك مام جەلال، بەڕادەیەك جێگای تایبەتی لای هەموومان و شۆڕش و خەڵكی باشوور هەیە و هەبوو.

كە مەرگ هات؛ مرۆڤ دەستەوەستان دەبێ، چی دەكات چارەیەك نییە، دەنا شێخی كوردایەتی هێشتا توانای هەبوو رێبەر و رێنیشاندەر بێت و خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەی بكات، دەیتوانی ئەزموونەكەی بخاتە خزمەت رۆژئاوا و باشوور و پارچەكانی دیكەیشەوە وەكو چۆن كردی.

من كە ئەم چەند دێڕە بۆ مەرگی شێخی كوردایەتی دەنووسم ئەو رۆژانەم بیردێتەوە لە سوریا غەریب و بەشداریی شۆڕش بووین، ماڵی مامۆستا بوو بووە ماڵمان و ورەی دەداینێ‌، بیرم دێتەوە لەیلا خان چۆن خزمەتی دەكردین و بە لوتفی گەرمی دڵی ئارام دەكردینەوە، هەرگیز چاكی ئەوانم بیرناچێ‌.

یاد و یادەوەریی مامۆستا هەمیشە بەرز رادەگیرێ، رێگەی خەباتی ئاوەدان بێت
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan