نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا

‎یادكردنەوە و باسكردن لەبارەی ژیان، شیعر و جیهانبینییەكانی شێركۆ بێكەسەوە بێ موتوربەكردنی بە ژن و جوانییەكانی و دۆزەكەی لارەسەنگە، لارەسەنگە تائەو ئاستەی تابلۆیەكی جوانی داهێنەرانە بە خواروخێچی ببینی، بەڵام كە سەیری شێركۆ و وێنەی ژن لە شیعرەكانیدا دەكەی، تێدەگەی ژن چەند گەورە و جوان و بەهادار و پێشەنگكارە.

‎شێركۆ بێكەس لە بڕواوە شیعری بۆ ژن دەنووسی، ئەو ژنی بە ژمارە وەكو نیوەی كۆمەڵگە نەدەبینی، بەڵكو پێیوابوو جوانی و بەهای ژیان و پێشكەوتن بێ وزە و بیركردنەوەی نیوەی كۆمەڵگە كە ژنە نابێ و ناكرێ  بچوسێنرێتەوە یان لە بەشداریكردنی لە ژیانێكی شایستە قەدەغەی بخرێتەسەر.

‎شێركۆ بێكەس خێزان و پەروەردە و ئایینی بە هۆكارەكانی چەوساندنەوەی ژنان دەزانێ، ئەوان بەردەوام بەناوی پیاو و خوا و نەریتەوە ژنیان وەكو قەدەغەیەك دادەپۆشی، شێركۆش لە كاروانی تێكۆشانیدا بۆ ئازادی هەمیشە ژنی رووتدەكردەوە لە نەریتەكان و دژی كۆت و بەندەكانی ئایین دەوەستایەوە.
‎شێركۆ بێكەس دەڵێت:
‎من مێینەی ناو بەهاری قەدەغەم
‎شەو و رۆژیش لەژێر چاودێری باڵەكانی منارەدام

بەهار بۆ جوانییە و لە ژن قەدەغە كراوە، ئەو لای وایە بەردەوام ئایین لەژێر منارەكانەوە پیاوانی كۆمەڵگە رادەهێنێت بۆ چەوساندنەوەی ژن، بۆیە رەخنەی توند لە ئایین دەگرێ و بە هۆكاری سەرەكی چەوساندنەوەی ژنی دادەنێت.

ئەگەر شیعری ئیرۆتێك و رۆمانسی بەشی زۆریان لایان بەلای جەستەی ژندا كردبێتەوە، ئەوا شێركۆ جیاواز لەوە كاری كردووە، بگرە ژنی كردووەتە دیمەنی جوانی ئازاراوی ناوشیعرەكانی، رەخنەی لە مێژووی بە قوربانیكردنی ژن گرتووە، رەخنەی لە باوك و برا و نێرینە شۆڕشگێڕەكان و دەسەڵات و مزگەوت گرتووە و بانگی ئازادیی ژنی بەگوێیاندا داوە.

ئەو ژنی دەكردە سیمبولی ئازادی و نیشتمان و بانگی حەق، دەبووە حیكایەتخوانی ئازارەكانی ژن، جاریش هەبوو دەیویست ببێتە تۆفان و رەشەبا و كۆمەڵگەی نێرسالاری لە رەگەوە دەربهێنێ‌، هەر ئەوەش بوو وایكرد پیاوانی توندڕەوی ئایینی فەتوای كوشتنیان دەدا و بە كافر ناویان دەبرد.

جیاوازیی بیركردنەوە سەرەتای شۆڕشی خودی و كۆمەڵایەتیی و ئایینیشە و بنەمای ئەوەش پەروەردەی تەندروستە، شێركۆ بێكەس زادەی بیركردنەوەی ئازادیخوازی و مرۆڤ سەنتەریی فایەق بێكەسی مەزنە شاعیر بوو، هەربۆیە لە سەرەتای شیعرنووسینییەوە تا كۆتایی ژیانی بەرگریی لە ئازادی بەهەموو جۆرەكانییەوە و بەتایبەتیش ئازادیی ژنان دەكرد و ترۆپكی ئەو جوانبینییەی بۆ ژنیش لە دیوانە شیعر "ئێستا كچێك نیشتمانمە"دا دەردەكەوێت.

شێركۆ بێكەس زۆری بۆ ئازادیی ژنان كرد و دەكرێت ببێتە بابەتی نووسینەوەی چەندین تێزی ماستەر و دكتۆرا و فیلم و شانۆنامە و بە زیندوویی بهێڵدرێنەوە.

خ.غ




Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan