نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

بە كەركوكدا بڕۆن بۆ بەغدا

 وردە وردە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەردەكەوێت، دەنگ و سەنگی لایەنەكان روون دەبنەوە، بەپێی عورفی سیاسیش هێز و كوتلە سیاسییەكانی عیراق دەستدەكەن بە جموجوڵ و دانووستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، وەكو هەموو كابینەكانی تر، كوردیش بەشێك دەبێت لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق.

لێرەولەوێ باس لە دوو رەوتی جیاواز بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق دەكرێت، یەكێكیان رەوتی سەدرە كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و ئەوی تریشیان دەوڵەتی یاسا و چەند كوتلەیەكی نزیكین كە دەرفەت یان بەختی سیاسییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ كەمترە لە سەدر.

حزبەكانی كوردستان نزیكەی 63 كورسییان هەیە (رەنگ كەم و زیاد بكەن بەشێوەیەكی رێژەیی)، كوتلەیەكی گەورەی لێ دەردەچێت ئەگەر زیاتر كار لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بكەن و ناكۆكییەكانی كوردستان نەبەنە بەغدا وەكو چەندین جار كراوە، بەڵكو بەهۆی بوونی مەترسیی زۆر پێكهێنانی كوتلەیەكی كوردستانی خاوەن پرۆژە و بەرنامە گرنگە كە راستییەكەی ئەوەی دەبینرێ ئەو كوتلەیە پێكنایەت و زۆر رووبدات بۆ پێكهێنانی حكومەت تەنها یەكێتی و پارتی بەشداردەبن.

یەكێتى و پارتی لەئێستادا زۆر ناكۆكن و خاڵی جیاوازی زیاتر كەوتووەتە نێوانیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەنجا كورسییان هەیە و دەتوانن هاوپەیمانێتییەكانی بەغدا سەنگدار یان لارەسەنگ بكەن، بۆیە گرنگە بەرنامەیەكی هاوبەشیان هەبێت و بەهۆیەوە مافەكانی كورد بچەسپێنن و كار بۆ بەدیهێنانی بكەن، لە سەرووی هەموویانەوە چارەنووسی كەركوك و پێشمەرگە و بودجە.

كەركوك مەسەلەیەكی رەوایە و سیاسەتی ناڕەوا و نادروست بەڕێوەی بردووە، بەدرێژایی مێژوو هیچ یەكێك لە حكومەتەكانی عیراق نەیانویستووە كەركوك لە دەستی كورد بێت، تەنانەت رێككەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970ش هەر لەسەر كەركوك جیاوازيی زۆر هەبووە و دواتریش جێبەجێ نەكرا، تەنانەت سەدام حسێن بۆ ئەوەی كەركوك بۆ كورد نەبێت، كەنداوی عەرەبی بەپێی رێككەوتنێك داوە ئێران.

لە راپەڕینیشدا كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە كەركوكیان ئازادكرد، سوپای عیراق هەموو هێزی خۆی بەكارهێنا بۆ داگیركردنەوەی، دەتوانی درێژەی ئەو هاوكێشە و سیاسەتە رەشەی عەرەبی شیعە و سوننە لە دژایەتیكردنی كەركوكدا لەوەدا ببینیتەوە؛ نە دەسەڵاتی سوننە و نە شیعەی ئێستایش رازی نین كەركوك بدەنەوە بە كورد.

جێبەجێكردنی مادەی 140 پێویستە یەكێك بێت لە مەرجەكانی بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی عیراق، رۆژ لەدوای رۆژ مەترسییەكان لەسەر كەركوك و خەڵكەكەی زیاتر دەبن، تەعریب و تەشییعی كەركوك بەردەوامە و ناوی جیاوازی لێ دەنرێت، پێویستە هەر لایەنێك بەشداری حكومەتی داهاتووی عیراق دەكات بە كەركوكدا تێپەڕی و كاری جدی بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكات.


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan