نەرمین عوسمان
مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا
گۆڕانکاری لە کەشوهەوا، ئەو شڵەژانەیە کە لە کەشی گۆی زەویدا روو دەدات بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی هەسارەکەمان و گۆڕانکارییەکی گەورە لە دیاردە سروشتییەکان. هەندێک جار توندوتیژ دەبن، وەک: لافاو، تسوونامی، باهۆزی بەهێز و ئاگرکەوتنەوە، هەروەها نەمان و لەناوچوون و گۆڕانکاری لە رووپۆشی رووەکی و جۆرەکانی ژینگەیی. هۆکارەکەیشی هەندێک جار دیاردەیەکی سروشتییە و لە مێژوودا جیهان سەدان جار تووشی رووداوی دژوار هاتووە، بەڵام زیادبوونی ئەو گۆڕانکارییانە لەو دوو دەیەیەی دوایی سەدەی بیستەم، لە ناوەڕۆکدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرفراوانیی چالاکییە پیشەسازییەکان.
شارەزایان و زانایان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ گازە گەرمکەرەکانی وەک: گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، گازی میسان، گازی ئۆزۆن O3 و هەڵمی ئاو H2O. هەندێک جۆری تریش هەن کاریگەرییان کەمترە.
- گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە کاتی سووتاندنی سووتەمەنییەکانی ژێر زەوی، وەک: خەڵووز، بەنزین، گاز و نەوت... بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی وزە، پەیدا دەبێت. سەرەتا لە سەدەی نۆزدەیەمدا وا دەبینرا کە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو گازە، تا رادەیەک سوودی هەیە، بەڵام دوای شۆڕشی پیشەسازی، رێژەکەی ئەوەندە بەرزبووەوە کە لە بڕی پێویست زۆر زیاترە و بووەتە جێی مەترسی.
- گازی میسان، لە هەموو گازەکان زیاتر دەبێتە هۆی گەرمکردنی گۆی زەوی و بەرپرسە لە نزیکەی لە سەدا سیی لە گەرمی، ئەویش بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییەکانی ژێر زەوی و پاڵاوتە نەوتی و گازەکان و سووتاندنی زبڵ و پاشەڕۆی ئاژەڵەکان. ئەم گازەیش رێژەکەی زۆر زیاتر بووە.
- گازی ئۆزۆن، ئەو گازەیە کە وەک بەرگێک وایە بەدەوری گۆی زەویدا و رێگری لە گەیشتنی تیشکە زیانبەخشەکان بۆ سەر رووی زەوی دەکات، بەتایبەتی تیشکی سەروو وەنەوشەیی کە زیانێکی زۆری بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک هەیە.
لە کاتی سووتاندنی سووتەمەنییەکان، ئەو گازانە بەرز دەبنەوە و بەرگێک بە دەوری گۆی زەویدا دروست دەکەن، دەبنە هۆی قەتیسکردنی ئەو گەرمییەی کە لە زەوییەوە بەرەو سەرەوە دەڕوات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
بەهۆی زیادبوونی رێژەی دانیشتوان و پێشکەوتنی پیشەسازی و بەکارهێنانی ئامێرەکانی وەک ئۆتۆمبێل و گەرمکەرەوەی باڵەخانەکان و کەمبوونەوەی رووپۆشی سەوزایی و دارستانەکان و سەدان چالاکیی نادروست، وای کردووە رێژەی ئەو گازانە لە سروشتدا زیاد بکەن و بوونەتە جێی مەترسی.
ئەو گازانە بەرز دەبنەوە و دەچنە نێو ئەتمۆسفێر، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەمێننەوە. هەندێکیان بەشێوەیەکی سروشتی بەهۆی رووەک و زەریاکانەوە، وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژرێن و دەتوێنەوە، بەڵام دەرهاویشتەکان بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە لەوە زیاترە کە سروشت پێویستیەتی و لە بەرگەهەوای گۆی زەویدا دەمێننەوە. ئەم گازە گەرمکەرانە وایان کردووە پلەی گەرمیی گۆی زەوی بەراورد بە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، (1.1) پلەی سەدی بەرز بێتەوە و ساڵانی (2011 تاوەکوو 2020) گەرمترین دەیەی ئەم سەدەیە بوون.
زۆر کەس وا مەزەندە دەکەن گۆڕانکاریی کەشوهەوا تەنها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە، بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، سەرەتای چیرۆکێکی دڵتەزێنە، چونکە زەوی بەپێی سیستمێک هەموو شتێکی بەیەکەوە گرێدراوە، لە شوێنێک گۆڕانکاریی روو بدات کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکانی تر دەبێت. ئەو گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمی، دەبێتە هۆی زیادبوونی رووبەری وشکایی (بەبیابانبوون)، کەمیی ئاو، ئاگرکەوتنەوەی گەورە، بەرزبوونەوەی ئاوی دەریاکان، زیادبوونی رێژەی ترشیی لە زەریاکاندا، روودانی لافاو، توانەوەی سەهۆڵی کیشوەری بەستەڵەکەکان و تێکچوونی سیستمی ژینگەیی لە قووڵایی زەریاکانەوە تاوەکوو بەرزترین لووتکەی چیاکان.
یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی ژینگەیی، روودانی دیاردەی سروشتیی نامۆیە؛ لە شوێنێک کە هەر بەفر باریوە، بەڵام ئێستا بارانی لێ دەبارێت، رێژەی بارانبارین گۆڕاوە، لە شوێنێک لافاوە و لە شوێنێکی تر وشکایی. ئەمانە بوونەتە حاڵەتی حەتمیی نەک رووداوێکی راگوزەر. هەروەها روودانی باهۆزی بەهێز، تسوونامی، نەمانی چەندین جۆری بایۆلۆژی، کاریگەری لەسەر تەندروستی و کەمبوونەوەی تواناکانی مرۆڤ بۆ کار، ئاوارەبوون، ناکۆکی و شەڕ لەسەر ئاو و زەوی کشتوکاڵی، دواتریش کێشەی کۆمەڵایەتی و شەڕی وڵاتان.
ئەو وڵاتانەی بەهۆی چالاکییە پیشەسازییەکان و بەناوی پێشکەوتنەوە زۆرترین بڕ لەو گازانە دەڕژێننە ئەتمۆسفێرەوە، 10 زلهێزەکەی بواری پیشەسازین، کە بەتەنها ئەوان لە سەدا شەست و هەشتی ئەو گازە گەرمکەرانە بڵاو دەکەنەوە، وڵاتانی تریش بە کۆی گشتی لە سەدا سێ و بەشەکەی تریشی سروشتییە.
هەر بەهۆی ئەو مەترسییانەیە کە رێکخراوە جیهانی و لۆکاڵییەکان بایەخی زیاتر بە گۆڕینی سیستمی پەیداکردنی وزە بۆ وزەیەکی پاک و دۆستی ژینگە دەدەن، هەر کەسێکیش لە شوێنی خۆیەوە دەتوانێت بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی ئەو جۆرە گازانە.
ک. ر.
ک. ر.