نەرمین عوسمان
رەمەزانێکی سیاسیمان پێویستە
دەگێڕنەوە جاران، سەردەمی باب و باپیرانمان، لە زۆر شوێن بەتایبەت مەبەستی من شاری کەرکوکە، بێ جیاوازی خەڵکی بۆ شەوچەرە کۆدەبوونەوە و چەندین جۆر یارییان دەکرد، لەوێ براوە و دۆڕاو ھەر بۆ خۆشی بووە، دەنا ئامانجە گەورەکە؛ زیاتر ناسین و لەیەکتر نزیکبوونەوە بووە، چەندین جۆر شەڕ و ناخۆشیی پێشتریشی تیادا چارەسەر کراوە.
نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەوەی خاکی کەرکوکی لێ زەوتکرابوو، بەڵام زیاتریش نەرمی نوواندووە، ئەمەیان نەک لەبەرئەوەی بێھێز بووە، بەڵکو بەھۆی ئەوەی بڕوای زۆری بە پێکەوەژیان ھەبووە، لە زۆر مافی خۆی بووردووە، بەس بۆ ئەوەی عەرەب و تورکمان، بە ئاشتی لە شارەکە بژین، ھەڵبەت ھەردوو نەتەوەی ھاوردەکراو نا، بەڵکو ئەوانەی لەبەر ھۆکاری دەوڵەتی، حکومەتی عوسمانی لەوێ نیشتەجێیی کردبوون، زۆر و مەترسیداریش نەبوون وەکو ئەوانەی بەعس لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب لەوێ نیشتەجێی کردبوون.
شەوچەرە لە چواچێوەی سروتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان بوو، کوردەکان بۆ ئەوە دەستپێشخەر بوون، دەیانویست ژیانیان پێکەوە بینا بکەن، سەرەڕای ستەم و زۆرداری لەسەریان، کەچی ئەو ویستەیان لا دروستبکەن کەوا ژیان ھێندە درێژ نییە بە کینە و شەڕنگێزی بکەن، دەی چی دەبێ رۆژانی سیاسەتی کینە لە دڵیش وەکو شەوچەرەی شەوان پێکەوەبن، ژیان بەشی خۆشەویستی زیاتر تێدایە تا رق و کینە.
شەوچەرەکان تیایاندا پڕبوون لە وتنەوەی مەقامەکانی کورد، عەرەبی و تورکمانیی رەسەن، بێ ئەوەی تانە لەیەکتر بدەن دەوترانەوە، ئەوان بیریان لای ھەستی ناسیۆنالیستی توندئاژۆ نەبوو، بەڵکو مرۆییانە و وەکو یەکەیەکی یەکسان بیریان دەکردەوە و ئاوێزانی یەکتربوون.
ئەو دۆخە لەسەر حزبەکانی کوردستان تاقیبکەرەوە، پێیان بڵێ بۆ جیاوازیی سیاسی لەسەر شێوازی شەوچەرەی کەرکوکییەکان داناڕێژن، با زۆر دووریش بن لەیەکتر، خۆ ئامانجی پێکەوەبوون و ژیان لە شەڕ و دووبەرەکی گرنگترە، ئەی کەستان نازانن پێکەوە کارکردن گرنگترە؟
کەرکوک کە ئێستا مەترسیی زۆری لەسەرە، پێویستیی بە نەرمی نوواندن بۆ کارکردن و سیاسەتی پێکەوەیی ھەیە، راستە سیاسەت یاریکردن لە وێنەی شەوچەرە نییە، بەس خۆ بۆ باشترکردنی ژیانی کەرکوکییەکان، پێویستیی بە تەبایی و دوورکەوتنەوە لە کینە و شەڕ و شۆڕ ھەیە، بۆ ناچن مێژووی کەرکوکییەکان بخوێننەوە؟
جیاوازیی سیاسی گرنگە، ئەوە مانای فرەیی سیاسی دەگەیەنێت، بەس لەپێناو دۆزی رەوای کەرکوک و ئاشتکردنەوەی ئەوانی تر، کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر و گوێگرتن لەیەک، نەک ھەر گرنگە، بەڵکو زۆر پێویستە و ناکرێ بە توندئاژۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، دەی چاوێک لە شەوچەرەی کەرکوکییە رەسەنەکان بکەن، زیان لە نیوەی قازانجە.