سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

یەک ئاماژەی دڵخۆشکەر و سەد مەترسیی لەسەر دۆزی کورد

پەرلەمانی سوید بووە مەیدانی ململانێیەکی سیاسی- ئایندەیی کورد و تورک لەمەڕ پرسی متمانەوەرگرتنەوە لە کابینەی سۆسیال دیموکراتەکان و ڤیتۆی تورکی لەسەروەختی گفتوگۆکردنی ناتۆ بۆ بەئەندامبوونی سوید لەو ھاوپەیمانێتییە، بەگشتی لەو ململانێیەدا، گۆشەنیگای کورد سەرکەوت، بێ ئەوەی بزانین داھاتووی ئەو پرۆسەیە بەکوێ دەگات.

پەرلەمانتاری بە رەگەز کوردی سویدی، دەنگی یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکە بوو، پرسی گرنگیش مەسەلەی پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان و خۆڕادەستنەکردنی سوید بوو بە سیاسەتی تورکیا، کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی سوید، لە بەرژەوەندیی کورد کۆتاییھات، بەھۆی دەنگی ئامینە کاکەباوەوە.

ئەو ململانێیە تائێستا لە بەرژەوەندیی کوردە، بەڵام ئەگەری گۆڕانکاریش ھەیە، سوید دەیەوێ ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ترسی رووسیا حکومەتی ناچار بەو داوایە کردووە، شەڕ نزیکە لە سنوورەکانی، دەیەوێ ناتۆ بیپارێزێ، ھێشتا پرۆسەکە زۆری ماوە و ھەڵوێستەکان دەوەستێتە سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لەو رووەوە ناکرێ فشاری تورکیا بە کەم سەیربکرێت.

ئەردۆغان مەرجی زۆری ھەیە، پشتکردنە کورد لەلایەن سویدەوە خاڵی سەرەکییە، لێرەدا بەرژەوەندیی خەڵکی سویدیش ھەیە، کە لە ھەموو بەرژەوەندییەکان لای حکومەتی سوید گرنگترە، حسابی تایبەتی ھەیە.

شەڕی ئۆکرانیا کارتەکان و دەرفەتەکانی بەردەم ئەردۆغانی زیادکردووە، زۆرینەی دەوڵەتەکان پێویستیان بە ھەڵوێستی تورکیا ھەیە، ئەردۆغان باش ئەوە دەزانێ، بۆیە چاوی لەسەر پشتکردنە کورد و رۆژئاوای کوردستانە و ئاسانیش دەستبەرداری ئەو سیاسەتەی نابێ.

ئەمەریکا و رووسیا دەزانن رۆڵی تورکیا گرنگە، گرەوی لەسەر دەکەن، ھەردوولایان نەرمی دەنوێنن، سوریاش بۆ ھەردوو وڵاتی زلھێز گرنگە، ئەوەی تەنھایە کوردە، کارەکتەرێکی بێ پشتیوانی راستەقینە و دەوڵەتە.

نەبوونی لۆبیی بەھێز و دەوڵەتی سەربەخۆ، دەرفەت بۆ زلھێزەکان دەڕەخسێنێ یاری قێزەونی بەرانبەر بکەن، ئێستا کورد لە بارودۆخی لەو جۆرەدایە، مەترسیی گەورەی لەسەرە، ئەگەر رووداوی بەقازانجی روونەدات.

ئەوەی لەسەر ئامینە کاکەباوە بوو، وەکو کوردێک کردی، بەڵام ئەو لە ھەڵوێستێکی تەنھاییدایە، تەنھا سێ پەرلەمانتار چەپڵەیان بۆ وتارەکەی لێدا، دەبێ لەو بێدەنگییە تێبگەین، لە تەنھایی کورد و بێ دەوڵەتی و مەترسییەکانی سەر دۆزەکەمان.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan