نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

جێندەر (جۆری کۆمەڵایەتی) چییە؟

وشەى جێندەر (Gender) وشەیەکی ئینگلیزییە، سەرچاوەکەی لاتینییە و بە مانای رەگەز دێت، بەڵام وەک (نێرینەیی، مێیینەیی). بەشێوەیەکی روونتر؛ جۆری کۆمەڵایەتی: دابەشبوونە لە حاڵەتی جێندەری، دابەشبوونێک نییە لەسەر بنەمای بایۆلۆژی (جەستەیی)، بەڵکوو ئەو رۆڵ و پێگە دیاریکراوە کۆمەڵایەتییانەیە کە بۆ (نێر و مێ) دیاری کراون.

بەپێی بۆچوونی ئان ئۆلکی (ئەو کەسەیە کە چەمکی جێندەری هێناوەتە ناو زانستی کۆمەڵایەتییەوە): وشەی (Sex – رەگەز)، دابەشبوونە لە رووی بایۆلۆژییەوە، بەڵام جێندەر؛ دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی ژن و پیاوە. 

ئەو چەمکە، لە حەفتاکانی سەدەی پێشوو دەرکەوتووە، بەڵام بەشێوەی بەکارهێنانی سەردەمییانە، یەکەم جار لەلایەن نووسەری فەرەنسی، سیمۆن دێ بۆڤوار، لە کتێبێکیدا بەناوی (رەگەزی دووەم) کە لە ساڵی 1949 بڵاو کراوەتەوە، بەکار هاتووە. ئەو کتێبە بە دەستوورێک بۆ بزووتنەوەی ژنان ئەژمار دەکرێت. سیمۆن لەو کتێبەدا دەڵێت: "ژن بە ژنیەتی لەدایک نابێت، بەڵکوو دەیکەن بە ژن، پیاویش لە مرۆڤێکی واقیعییەوە بووەتە هێمایەک بۆ بەهێزی و لە ئاست خواوەنددا دایدەنێن".

چەمکی جێندەر، بەمانای جیاکاریی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە لە ئاست رۆڵی ژنان و پیاوان بێ ئەوەی پەیوەندی بە خەسڵەتە بایۆلۆژییەکانەوە هەبێت، بەڵکوو بەهۆی کاریگەرییە دەروونی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە پەیدا دەبن. مێگەراکان بەگشتی رایان وایە کە جێندەر سیستمێکی کۆمەڵایەتییە و لە سەرجەم کۆمەڵگەکاندا بەپێی رێژە، کەم و زۆر، بوونی هەیە و لەگەڵ هەردوو رەگەز. 
جێندەر، جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی قبوڵە و بەلایەوە سروشتییە، بەڵام جێندەر سەپێنراوە بەهۆی هەزاران هۆ و بیانووی دەستکردەوە لەلایەن رەگەزی بەرانبەرەوە.

تێگەیشتنمان بۆ بابەتی جێندەر گرنگە، چونکە کاریگەری سەرەکی و داینەمیکی هەیە لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و نەتەوەیی... ژن و پیاو دوو بوونەوەرن لە رووی کۆئەندامی زاوزێوە جیاوازن، هەریەکە لەو کۆئەندامانە ئەرکی فیسۆلۆژیی خۆی هەیە و نەگۆڕن، وەک: منداڵبوون و پیتاندن، بەڵام جیاوازییەکانی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەو دوو رەگەزە، هیچ پەیوەندییەکی بەو کۆئەندامانەوە نییە، بەڵکوو کۆمەڵگە بۆی کێشاون و سنووری بۆ داناون، کە بەپێی جێگە و کات و سەردەم دەگۆڕدرێن بەهۆی پەیوەستبوونیان بە لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک: ئایین، چینایەتی، رەگەزی نەتەوەیی، دامەزراوەکانی خوێندن، خێزان، دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەزگاکانی راگەیاندن، دەزگا و دامەزراوە حزبییەکان... هتد، کە بەرهەڵستی دەکەن لە هەر گۆڕانکارییەک بەبیانووی پەیوەستبوون بە نەریت و کولتوورەوە کە بە راست و گونجاویان دەبینن بۆ پیاوان و ژنان، بەڵام بنەڕەتدا پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە و رەگەزی دووەم نایەوێت ئەو دەسەڵاتانەی کە لەمێژەوە و لە قۆناغە مێژووییەکاندا بەدەستیهێناون، لەدەستیان بدات.

ئامانجەکانی جێندەر، لەپێناو گەشەی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی خواستە بۆ گۆڕانکاری لە رێگەی ناڕازیبوون بەو بوارانەی کە دروستکراون و رۆڵی کۆمەڵایەتیی تازە بۆ ئەندامەکانی کۆمەڵ دابڕێژرێن بەمەبەستی گۆڕینی کۆمەڵگەی (تەقلیدی) بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لە رووی کۆمەڵایەتی، مادی و گەشەی بەردەوامەوە.
 
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan