نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

مێگەرایی و فەلسەفەی بوونگەرایی

فەلسەفەی بوونگەرایی، لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەمی زایینی لە ئەوروپا سەری هەڵدا و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نووسەری دانیمارکی سۆرین کیەرکێگارد، دواتر فەیلەسوفەکانی ئەڵمانیا (مارتن هایدیگەر، کارڵ گاوس) تێیدا قووڵ بوونەوە، لە دوای ئەوانیش، فەرەنسییەکان (جان پۆل سارتەر، سیمۆن دێ بۆڤوار، گابرێل مارسیل و ئەلبێر کامۆ...).

 سیمۆن دێ بۆڤوار، بیرمەندی فەرەنسی (1908 – 1986)، لە سەرمەشقەکانی مێگەراییە و پشتیوانیی تەواوی بزووتنەوەکانی فێمینستەکانی دەکرد؛ لە رێگەی دانانی چارەسەری رەهای پیاوان، تایبەتمەندیی بەو پرسە دابوو و بوارێکی فراوانی بۆ تەرخان کردبوو. لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (رەگەزی دووەم) لە ساڵی 1949، لە سەرەتادا نووسەر ویستویەتی پێناسەی هۆکاری چەوساندنەوەی ژنان بکات، هەروەها هەوڵی داوە چارەسەر بۆ کێشەی چەوساندنەوەی ژنان دابڕێژێت لە روانگە بوونگەراییەکەیەوە؛ پرۆژەکەی لە سێ تەوەر پێک هاتووە:

تەوەری یەکەم: پێناسە تایبەتەکەی بۆ پرسی ژنان لە چوارچێوەی پەیوەندی پاشکۆیەتی و کۆیلایەتیدا، کە پیاوان دایانڕشتووە و گونجاندوویانە لەگەڵ پێداویستییە تایبەتەکانی خۆیان. 
تەوەری دووەم: رەخنە لە کۆی بۆچوون و پێناسەکردنەکانی پێش خۆی دەگرێت، لە هێنانەوەی بیانووی بایەلۆژی، سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی، یاخود هەر شتێکی لەو بابەتە، بەمەبەستی هێشتنەوەی بواری ژنان وەک خۆی، هەروەها رەخنە لە هەوڵەکانی ژنانیش دەگرێت کە دەیانەوێت ئەو بوارە بگۆڕن.
تەوەری سێیەم: باس لە پرۆژەی چارەسەرەکان دەکات لە روانگەی فەلسەفەی بوونگەراییەوە.
دێ بۆڤوار لەو کتێبەدا بەم شێوەیەی گرفتی ژنان روون کردووەتەوە:
ژن "دوومە، ئەوی ترە" دەبێت ئەوەش بزانین کە پیاو وا دەڵێت.
بە ناونیشانی کتێبەکەیدا دیارە، باشە بۆ رەگەزی "دووەمە"؟ نووسەر بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: دووەم، یاخود ئەوی تر، هزرێکە سەرچاوەکەی لە بوونیادی هزرێک وەرگرتووە، کە بۆ ئەوەی لە شتێک تێبگەین، دەبێت بەراوردی بکەین لەگەڵ بەرانبەرێک. ئەم جووتەیە "دووانەییە" وەک رووناکی/ تاریکی، ژن/ پیاو، حەق/ ناحەق... بەم شێوەیە پیاوان هەوڵیان داوە خۆیان بکەن بە "خود" و بەرانبەریش بە "دووەم، یاخود ئەوی تر"، لێرەدا ئەوەی بەلایەوە گرنگ نییە، بەرانبەرە، جا تاک بێت یاخود کۆمەڵێک. بەوەشەوە ناوەستێت، بەڵکوو زۆربەی جار خەسڵەتەکانی "دووەم" کەم دەکاتەوە بڕوابەخۆنەبوونی تێدا دەچێنێت و دوژمنایەتی بەرانبەر دەکات و بە چاوێکی کەمتر سەیری دەکات. 
لە واقیعیدا "دووانە"یی بەردەوام ناکۆکی هەیە و دەبێت نەمێنێت، وەک هەموو ناکۆکییەکانی تر، لایەکیان دەسەڵات و ئیرادەی بەسەر لایەنەکەی تردا دەسەپێنێت، ئەمەش ئەوەیە کە تا ئێستا ئەنجام دراوە. 

پیاوان بەپێی قۆناغەکانی مێژوو توانیویانە ژنان بە رەگەزێکی رێگر ئەژمار بکەن، نەک تەنیا بە کۆیلە و ژێردەستە، یاخود بە (جاریە)، بەڵکوو هەموو مافە سروشتییەکانیشیان زەوت کردوون، تەنانەت ئەگەر دان بە مافەکانیشیاندا بنێن؛ ئەوا دانپێدانانەکە، ناڕوونە. 
لە رووی ئابوورییەوە، ئەو دووانە وەک دوو چین دەبینرێن. لە رووی رامیارییەوە، پشکی شێر بەر پیاو کەوتووە، تەنانەت لە زۆر وڵات هەموو پشکەکەی بەرکەوتووە. 

بۆچوونەکانی دێ بۆڤوار، لەگەڵ مارکسیەتدا لەو خاڵەدا یەک دەگرنەوە کە دەڵێت: چەوساندنەوەی ژنان لە بنەمادا دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی سەرمایەی تاک. بۆ چارەسەریش دەبێت ئەوە بزانین کە پیاوان لایەنی ناکۆک و دادوەریشن لە هەمان کاتدا، کەواتە دادوەرێکی بێلایەن و پاک و بێگەرد نین، بۆیە دەبێت ژنان جڵەوی چارەسەر بگرنە دەست و خۆیان خۆیان رزگار بکەن.

ژنان زانیارییان زیاترە بە وردەکارییەکانی (جیهانی ژنانە) و مانای (ژنبوون) چییە، جگە لە پرۆژەی بوونگەرایی، چارەسەرێکی تر نییە بۆ ئەوەی رزگاری بێت لەو دۆخی بەکەمزانینە، کە پیاوان لەوێدا دایانناون. بەپێی بۆچوونی تۆماس فلین، ئەم پرۆژەیە لە فەلسەفەی بوونگەراییەوە سەرچاوەی گرتووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوکرات.

دێ بۆڤوار، بۆچوونی وایە کە دەبێت ژنان بەبێ وەستان چالاکی بکەن و هەوڵی بەردەوام بدەن بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانیان؛ متبوون و خۆشاردنەوە، مانای رازیبوونە بەو دۆخەی کە تێیدا دەژین.
 
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan