خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

کوردە تیرۆریستەکانی ئیستانبوڵ

١
شارەوانیی ئیستانبوڵ لەدەست پارتی گەلی کۆماری- جەهەپەیە، بۆ سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بەخششی زۆری پێشکەشکرد، بێ ئەوەی رێککەوتنێک لەنێوانیان هەبێت و لە بەرانبەردا دەستکەوتێک بۆ هەدەپە و کورد بەدەستهاتبێت، بەڵکو زیانی زۆریشی لێکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان هێشتا دۆڕانی پارتەکەی لە ئیستانبوڵ ئازاری دەدات.

٢
ئەو پشتیوانییە کوێرانەیەی هەدەپە لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە، بنەماکەی دژایەتیی بوو نەک گرتنەبەری سیاسەتێکی راست و درووست، خۆخستنە بەرەی دژە ئەردۆغان بوو بێ ئەوەی بەڵێن و رێککەوتنێکی لەسەر کرابیێ یان درابێ، شەڕی جەهەپە و ئەکەپە سنووری هەیە، هێشتا خاڵی هاوبەشیی کارکردنیان زیاترە لە خاڵی هاوبەشیی هەدەپە لەگەڵ هەر یەکێکیان بە جیا، هەردوولایان؛ تورکن و بڕوایان بەوەیە تورکیا یەک ئاڵا و نەتەوە و خاکی هەیە، پەکەکەش بە تیرۆریست دەزانن.

٣
لەماوەی رابردوودا و بە بیانووی بەشداریکردنیان لە چەند بۆنەیەکدا کەوا تایبەتن بە کورد، شارەوانیی ئیستانبوڵی جەهەپە، ٤٧ کرێکار و فەرمانبەری کوردی لە کارەکانیان دوورخستەوە، بۆ نموونە "بەشداریکردنیان لە پرۆتستۆکردنی جینۆسایدی هەڵەبجە و رۆبۆسکێ".

کۆدەبنەوە و خۆپیشاندان دەکەن بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە سەرکارەکانیان، دوای چەندین جار، کەچی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئامادەنییە بیانبینێت و وەڵامیان بداتەوە...

٤
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا کە هاوکات یەکێکە لەو سەرکردانەی چاوی لەسەرە بۆ جێگرتنەوەی ئەردۆغان پێش ماوەیەک وتی "زیاتر لە 500 تیرۆریست لە شارەوانیی ئیستانبوڵ کاردەکەن و فەرمانبەرن".

زۆری نەبرد، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کەوتە دەرکردنی کرێکار و فەرمانبەرانی کورد..

هەدەپەش هیچ جۆرە فشارێکی نەکرد، دەنگدەری کورد لە ئیستانبوڵ رەنج بە خەسار چوون..

٥
جەهەپە چاوی لە دەنگی کوردە بێ بەرانبەر، پەکەکە تیرۆریستە و هەدەپەش رووی مەدەنیی پەکەکەیە، ئەردۆغان و جەهەپە خاوەن ئەو تێڕوانینەن، هەریەکەشیان بە جۆرێ بڕێ لە دەنگی کورد دەبەن.

٦
جەهەپە چەند دژی ئەردۆغان بێ، بەڵام خۆی ناکاتە قوربانیی کورد کاتێک لای روونە قسەکەی سلێمان سۆیلو فشارە و بە تیرێک دوو نیشان دەشکێنێت "جەهەپە ناچار بە دەرکردنی ئەندامانی هەدەپەی هاوپەیمانی دەکات، ئەگەر نەشیکات، ئەوا بە بیانووی پشتیوانیکردن لە تیرۆر، گێچەڵ بە جەهەپەش دەکات".

ئەمە چیرۆکێکی سیاسیی خەمناکە...

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan