نەرمین عوسمان
مێگەرایی لە روانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە
تیۆری پاش نوێگەرایی (پۆستمۆدێرنیزم – Postmodernism)، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی نۆزدە سەری هەڵداوە؛ پرەنسیپە سەرەکییەکانی لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و کولتوورییەکان لە گواستنەوەی سەردەم لە قۆناغی نوێگەرییەوە بۆ قۆناغی پاش نوێگەری بنیات نراوە، کە خەسڵەتە سەرەکی و زاڵەکانی سەردەمی نوێگەرایی، لەسەر توێژەکانی (گەل و سەرمایەداری) بەندن. هەروەها ئەم تیۆرە کار دەکات لەپێناو پێشکەوتنی شارستانیی شارەکان، پەیدابوونی دەوڵەتە بیرۆکراتییەکان، زانست وەک کۆڵەکەی ژیان، باوەڕهێنان بە پێشکەوتن بەهۆی زانستەوە و زاڵبوون بەسەر باوەڕ و نەریتە باوەکاندا.
لە راستیدا تیۆری (پاش نوێگەرایی) وەک پەرچەکردارێک بۆ سەردەمی نوێگەرایی دروست بوو، کە سەردەمی پیشەسازی بوو و بووبووە هۆکار بۆ دروستبوونی چەندین کێشە لە بوارە جیاوازەکانی وەک: ئاڵۆزبوونی کێشەکانی پیسبوونی ژینگە، لەناوبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، کە ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی، گەورەبوونی بۆشایی نێوان هەژار و دەوڵەمەند، بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری، شەڕ، لەناوبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم، دووفاقیی لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا، زاڵبوونی بەها مادییەکان بەسەر بەها ئایینی، کۆمەڵایەتی، هونەرییەکاندا و پێشکەوتنی چەکە بکوژ و لەناوبەرەکان...
بەپێی تیۆری (پاش نوێگەرایی)، پشت بەستن بە زانست و تەکنەلۆژیا مەترسییەکی گەورەیە و هەموو شتێک لەناو دەبات. هەروەها هەموو تیۆرە گەورەکان و سیستمە حوکمڕانییەکانی وەک: سیستمی سەرمایەداری و شیوعیەت رەت دەکەنەوە.
روانگەی تیۆری (پاش نوێگەرایی) سەبارەت بە دەستەواژەی مێگەرایی ئەوەیە کە بۆچوون و تێڕوانینێکی تازەیان هەیە و زۆرێک لە ژنانی ئەکادیمی، بەتایبەتیش ئەوانەی سەرسامن بە تیۆری (پاش نوێگەرایی) کاری لەسەر دەکەن و سەرقاڵن بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەری و هەموو بۆچوون و تیۆرییەکانی پێش خۆیان رەت دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی بەهۆیانەوە ژنان رووبەڕووی چەوسانەوەی دەبنەوە، بەتایبەتیش ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە جەستەی ژنەوە هەیە، هەروەها هەوڵی جدی دەدەن بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەیان و بە (مێگەرایی پاش نوێگەرایی – postmodernist Femeinism) دەناسرێن.
چالاکان و لایەنگرانی تیۆری (پاش نوێگەرایی)، پێیان وایە بزووتنەوەکانی پێشوو مێگەرایی بەرەو رێگەیەکی داخراو دەبەن، واتای بەرەو مردن و لەناوچوونی دەبەن، چونکە بزووتنەوەکانی مێگەرایی لە دەستی هەندێک لە کەسانی بەربژێدا بوون و خۆیان بە خاوەنی پرسی هەموو ژنان لەقەڵەم داوە، ئەو کەسانەش کەسانی بۆرژوا و خاوەن ئیمتیازات بوون بەهۆی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییانەوە؛ بایەخیان بە چینە ژێردەستەکان و کۆچبەرەکان و ئەوانەش کە سەر بە ئایین و رەگەزە پشتگوێخراوەکانن نەداوە.
پێناسەکردنی مێگەرایی (پاش نوێگەرایی) ئەستەمە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پێناسەکردنی تیۆری (پاش نوێگەرایی) خۆی ئەستەمە، چونکە چەندین رەوتی جیاوازیان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کۆکن لەسەر چەند خاڵێک، لەوانە:
1- رەتکردنەوەی فەلسەفەی بابەتی (Positivism)، چونکە پێیان وایە ئەمە وتارێکی سەردەمی نوێگەراییە و وتارێکی پیاوسالارانەیە.
2- رەتکردنەوەی ئەو دووانانەی کە لەسەر بنەمای یان/یاخود، رەش/سپی، نێر/مێ... و دژبوونی هەریەکە لەو دووانانە دامەزراون، بە واتای رەتکردنەوەی ئەو چەمکە باوانەی کە پارسەنگی پیاوسالارین و خۆیان لە پارتریاکیەتدا دەبیننەوە، چ لەسەر ئاستی خێزان، یاخود لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
3- جەختکردنەوە لەسەر بوونی جیاوازیی جۆری کۆمەڵایەتی و کولتووری.
4- جەختکردنەوە لەسەر رەتکردنەوەی ئەو پاشخانە فکری و کولتوورییەی کە تەنیا وتار و گێڕانەوەن و لە زماندا رەگیان داکوتاوە، وتارەکان جیاوازن و بەپێی توێژەکانی کۆمەڵگە دەگۆڕێن، هەیانە تایبەتە بە چینی دەسەڵات و دەیسەپێنێت، هەشیانە هیی چین و توێژە پشتگوێخراوەکانن.
بەپێی ئەو روونکردنەوانە، دەتوانین بڵێین کە رەوتی (پاش نوێگەرایی)، ئەرکەکانی لەسەر رەخنە گرتنە لە ناساندنی پێگەی ئەوروپا و رۆژئاوا وەک چەق. لە لایەکی ترەوە، دژی جیاوازیی ناسنامەی ژن و پیاوە و پێیان وایە کە ناوەندێتیی رۆژئاواییەکان تاکڕەوانە سەیری جیهان و راستییەکان و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دەکەن و خۆیان بە پێشڕەوی مێگەرایی و دنیا لەقەڵەم دەدەن، ئەزموونی وڵاتانی تر بە چاوێکی نزمەوە سەیر دەکەن. هەروەها مێژوو نیشانمان دەدات کە وڵاتە زلهێزەکان وا نیشان دەدەن کە ئەوانن رزگارکەری وڵاتانی جیهانی سێ و گەلە پشتگوێخراوەکانن و لە دواکەوتوویی رزگاریان دەکەن، کە ئەمەش دیاردەی خۆبەزلزانینە بەسەر وڵاتان و کۆمەڵگە ناڕۆژئاواییەکاندا.
سەبارەت بە هەردوو دووانەی جۆری رەگەز: نێر/مێ، ژن/پیاو. داواکارن کە بگۆڕدرێن و ناسنامەیەکی تر بۆ ئەو دابەشبوونە نەریتییە بدۆزرێتەوە و لەو رێگەیەوە پێگەی تاک لەناو کۆمەڵ و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییان دیاری بکرێت.
لە کۆتاییدا، ئەو رەوتە جیاوازانەی لە مێگەرایی، رێکخراو، پێکهاتە و دامەزراوەکانی تایبەت بە ژناندا هەن، لە روانگەدا جیاوازن، وەک: ژنانی سەر بە لیبراڵ، سۆسیالیست و رادیکاڵەکان، بەڵام هەموویان کۆکن لەسەر هاوڵاتیبوون، مافەکان، ئازادییە سەرەکییەکان و نەهێشتنی ئەو جیاکارییەی لە نێوان هەردوو رەگەزدا هەیە.
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.