نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

مێگەرایی لە وڵاتانی جیهانی سێ

بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتانی جیهانی سێ، جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە بە بەراورد لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی وڵاتانی رۆژئاوا... ئەم جیاوازییانە بۆ؟ هۆکارەکان چین؟ 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتانی رۆژهەڵات لە کۆتایی سەدەی نۆزدە، رووبەڕووبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بە مەترسییەکی گەورە لەسەر دابونەریت لەقەڵەم دەدرا، هەروەها دەوترا کە دەبێتە مەترسی لەسەر بەها کۆمەڵایەتییە باوەکان و لەسەر ئایین و کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێت و دەیشڵەقێنێت. هەرچەندە داواکارییەکانی ئەو سەردەمە زۆربەی لەسەر مافی خوێندن، کار و رەفتاری شایستە بەرانبەر بە ژن تێنەدەپەڕین. سەرەکیترین هۆکاری ئەو بەربەستە گەورانە دژ بە بزووتنەوە و جووڵانەوەکانی ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی سیستمی ئابووری؛ لەو کاتەی دەوڵەتانی رۆژئاوا بووبوون بە وڵاتانی پیشەسازی و سەرمایەداری، هێشتا لە رۆژهەڵات و ئەفریقا سیستمی دەرەبەگایەتی هەبوو. سیستمی سەرمایەداری، لەگەڵ خۆیدا ئابوورییەکی جیاواز کە پێویستی بە هێزی کار هەبوو، هەروەها تەکنەلۆژیای تازە و بیری پێشکەوتنخوازیی هێنا بوو، وای کردبوو داواکارییەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و بەرزتر ببنەوە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی ژنان، بەڵکوو پیاوانیش؛ ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چینایەتی، بۆیە دەتوانین بڵێین: مێگەرایی بۆچوونێکی رۆژئاوایی بوو، هێشتا لەو جۆرە سیستمە لە رۆژهەڵات و جیهانی سێدا بەگشتی پەیدا نەبووبوو. 

لەو سەدەیەی کە بزووتنەوەی مێگەرایی پەیدا بوو، زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێ ژێردەستە بوون و سیستمی داگیرکاری و کۆلۆنیاڵیەت بەڕێوەی دەبردن، زلهێزەکان (داگیرکەرەکان) نەیاندەهێشت ئەو وڵاتانەی داگیریان کردبوون، گەشەیەکی ئابووریی ئەوتۆی بەرچاو بەخۆوە ببینن، هەروەها رێگر بوون لە هاوردەی بیرۆکەی تازەگەری لە ترسی ئاژاوە. لە لایەکی ترەوە، ئەو کۆمەڵگەیانە چ خۆیان، یاخود بۆ جێبەجێکردنی مەرامی داگیرکەران، نەیاندەهێشت تازەگەری ببێت، ئەویش بەمەبەستی پارێزگاری لە دابونەریت و کولتووری باوی ئەو سەردەمە. کاتێکیش بزووتنەوەی رزگاریخواز لەو وڵاتانە دەستیان پێ کرد، زۆربەی ئەو بزووتنەوانە پێیان وابوو بە رزگاربوونی وڵات لە دەستی داگیرکەر، ژن و پیاو بەیەکەوە ئازاد دەبن، بۆیە پێویست بە رێکخراوی تایبەت بە ژنان نییە و ژنان دەبێت لە ریزە گشتییەکاندا کار بکەن شانبەشانی پیاوان. کاتێک رزگاریشیان بوو، ژن هیچی دەست نەکەوت و بەناچاری کەوتنە دروستکردنی بزووتنەوەی تایبەت بۆ داواکردنی مافەکانیان. 

هەر لە کاتی ژێردەستەیی، وڵاتانی داگیرکەر رێگرییان دەکرد لە خوێندەواربوونی ئەو گەلانە و دەیانویست وەک خۆیان بمێننەوە، بۆیە تا ئێستاش دەبینین رێژەی نەخوێندەواری بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر زیاترە. بەپێی راپۆرتی هەر رێکخراوی ئێسکوا و یونیسێف، تا ئێستا رێژەی نەخوێندەواری لەو وڵاتانە، نزیکەی لە سەدا نۆزدەیە و لەو رێژەیەش دوو لەسەر سێیان لە رەگەزی مێن. هەرچەندە ئەو رێژەیە زۆر کەمترە لەچاو دەیەکانی پێشوو، بەڵام هێشتا بە بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو، زۆر زۆرە. چەندیش نەخوێندەواریی زۆر بێت، ئەوەندە ئاستی زانیاری و توانایان کەمتر دەبێت، بەتایبەتیش لە رووی زانینی ماف و ئەرکەکانیان و مانەوەیان وەک خۆیان، کە نایانەوێت گۆڕانکاریی ئەوتۆ بکرێت، هەر بۆیە کاریگەریی وتاری ئایینیی توندڕەو، جادوو و فاڵ لەناو ئەو ژنانەدا زۆر باوترە بۆ مەبەستی گۆڕانکاری وەک لەوەی پەنا ببەنە بەر یاسا و رێکخراوە تایبەتمەندەکان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان و بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان. هەروەها ئەم ژنانە دووردەکەونەوە و نابنە هێز و پاڵپشت بۆ داواکارییەکان، ئەمەش ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قورسایی ئەرکی رێکخراوەکان دروست دەکات. ئەمانە و چەندین هۆکاری تری کۆمەڵایەتی، وایان کردووە بزووتنەوەی مێگەرایی هێشتا لە سەرەتادا بێت لە زۆربەی وڵاتی جیهانی سێ.
  
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan