سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

ئیتر ئاوایە سلێمانی

هەرکات یادی دروستکردنی شاری سلێمانی دەکرێتەوە، مێژوویەکم دێتەوە پێشچاو کە سیخناخە لە جوانی، پاکی، لێبووردەیی، چاکەکاری و شۆڕشگێڕی.
کە دەبینم سلێمانی باڵای هێندەی گۆیژە و ئەزمەر و قەندیل و هەڵگورد بەرزە، ئیتر بە رۆح لە ئامێزی دەگرم، حەزەکەم هەرکات یادی سلێمانی دەکرێتەوە لەوێ بم، پیاسەیەکی کوچە و کۆڵانەکانی بکەم، رۆحی ماندووم بە هەوای پاک و ژینگە جوانەکەی ئارام بکەمەوە.
سلێمانی شارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو کوردستانێکی بچووککراوەیە، مێژووی بەرخودانی کورد و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکەیەتی، هەر شەقامێکی رەنگی پارچەیەکی کوردستانی گەورەی گرتووە، بۆ ئەوەشی بە مێژووی کوردستان و کورد ئاشنابیت، هەر خوێندنەوەی مێژووی بەرخودانکاریی سلێمانیت بەسە.
سلێمانی سیحری تایبەتیی خۆی هەیە، هەرکە سێک تیایدا بژیت خاڵی دەبێتەوە لە رق و کینە، بەڵکو دڵی پڕ  پڕدەبێت لە خۆشەویستی و میهرەبانی.
کە لە سلێمانی بژیت، ئیرەیی بە کەس نابەیت، چونکە دەزانی کێ رۆژێک بەو شارەشدا تێپەڕبووبێت، ئەو ئیرەیی بە خەڵکەکەی دەبات.
لاپەڕەکانی مێژووی سلێمانی پڕە لە خوێن و خەندە، خوێن بۆ نیشتیمان و خەندەش بۆ سەرکەوتنە مەزنەکانی.
کاتێک کەسێکی سلێمانی دڵی بەخۆی دەسوتێت لەبەرئەوە نییە هەست بە بێ کەسی بکات، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە هاوشارییەکی دەبینێت لەو زیاتر قوربانیی بۆ نیشتیمانەکەی داوە.
رۆژانی زووی سلێمانیم دێتەوە یاد، ئەوکاتانەی کە لەوێوە گەنجیم کردە قوربانیی کوردستان، کچێک بووم سروودی ئازادییم دەچڕی، لەگەڵ براکانم کە دواترئەوان  رۆحیان بە نیشتیمان بەخشی، چپەمان  لەپێناو گەیشتن بە رۆژی ئازادی و سەربەستیی کوردستان دەکرد، ئێمە بووینە هەڵگری بیری ئازادییخوازیی کوردستان، بەڵام لەناو رۆحی سلێمانییەوە.
جوانیی سلێمانی لە مانگی چواردەش ناچێ، بەڵکو سلێمانی بۆ خۆی مانگی کوردستانە، تا ئەوکاتەشی خۆری لێوە هەڵبێت، سلێمانیش هەر بنە و رێگە کاروانی ئازادیخوازییە.
شێخ مەحموودی حەفید، پیرەمێرد و نالی و سالم و کوردی، برایم ئەحمەد و رەفیق حیلمی، مام جەلال ، رۆژنامەی ژیان و ژین و گۆڤاری رزگاری، دواتریش شۆڕشی نوێ و خوێندنی بانگی حەق لە شەرارەوە هەر لە قوتابخانەی کوردایەتیی سلێمانییەوە بەرەو لووتکە هەنگاویان نا.
چەند لە سلێمانی دووربیت، هەر هەست دەکەیت لە ئامێزیدایت، چەندە نزیکیشی بیت زیاتر خۆشت دەوێت، ئیتر ئاوایە سلێمانی.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan