خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

دەنگی کورد و نرخی هەرزان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا

یەکەم

ناوەندی ئۆ ئاڕ سی بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان لە تورکیا ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە رێژەی دەنگی پارت و هاوپەیمانێتییەکان کە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانێتیی کۆمار دڵخۆشکەر نییە.

بەپێی راپرسییەکە رێژەی دەنگەکان بەم جۆرە دەبن: ئاکەپە 31.2٪، جەهەپە 24.2٪، ئیی پارتی 17.5٪، هەدەپە 7.5٪، مەهەپە 7.1٪، پارتی ئاییندە 2.4٪، پارتی دێڤا 2.3٪، پارتی زافەر 1.7٪.

بەو پێیە هاوپەیمانێتی کۆماری پێکهاتوو لە ئەکەپە و مەهەپە رێژەی دەنگەکانیان دەگاتە: 38.3٪.

هەرچی هاوپەیمانێتیی میللەت یان مێزی شەش کورسییە رێژەی دەنگەکانیان دەگاتە: 41.7٪.

پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە رێژەی دەنگەکانی بریتییە لە 7.5٪ بەپێی راپرسییەکە، بەپێی سەنگ و ژمارەی سیاسی دەنگەکانی هەدەپە تائەندازەیەک یەکلاکەرەوە دەبن و بچێتە پاڵ هەر هاوپەیمانێتییەکیان، ئەوا نزیکی دەکاتەوە لە سەرکەوتن، هێشتا هەدەپە بڕیاری لەوبارەیەوە نەداوە.

دووەم
هیچ یەک لەو دوو هاوپەیمانێتییە هەڵوێستی ئەرێنییان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد پێ نییە، پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە پرۆژەیەکەی سیاسی پێ نییە و ویستی ئەوەشی نییە بەهۆی نزیکبوونەوەی لە هەدەپە درز بکەوێتە هاوپەیمانێتییەکەیانەوە. بەپێی دەنگ و ژمارە هەریەک لە ئەحمەد داود ئۆغڵو و عەلی باباجان قورساییان نییە، بەڵام میراڵ ئاكشنەر، سەرۆکی ئی پارتی روون و راشکاو دەڵێت هەدەپە رووی دووەمی پەکەکەیە و بوونی دۆزی کوردیش رەتدەکاتەوە. تەنانەت ئاكشنەر ئامادەی کۆبوونەوەش نییە لەگەڵ هەدەپە.

هاوپەیمانێتیی کۆمار بەهەمان شێوە دژی کورد و هەدەپەن، پارتی داد و گەشەپێدان- ئەکەپە و سەرۆکەکەی ئەردۆغان  لە هەوڵی داخستنی هەدەپەن، هەروەها گرتن و راوەدوونانی کادیرەکانی هەدەپە  لەسەر دەستی ئەوانە، وێنەی هەوڵی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و لەشکرکێشییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان روونە.

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە بەشێکی زۆری مانەوەی بەهۆی دژایەتیی کورد و دۆزەکەیەتی، دەوڵەت باخچەلی کە سەرۆکی پارتەکەیە یەکێکە لەو سیاسەتڤانانەی زۆرینەی کاتەکانی لە پەرلەمان و حکومەت مژووڵی دژایەتیکردنی دۆزی کوردە.

سێیەم
پێشتر وتم رەجەب تەیب ئەردۆغان دژی کوردە، بەڵام ترسی لەدەستدانی دەنگەکانی مەهەپەی هەیە، ئەگەرنا بەشێوەیەکی مام ناوەند لەگەڵ هەدەپە رێکدەکەوت، دەوڵەت باخچەلی ئەمە دەزانێت بۆیە ناڕاستەوخۆ ئەو کارتەی دەستی پیشانی ئەردۆغان داوە.

سەبارەت بە کەمال کڵیچدار ئۆغڵو، پێش دروستکردنی هاوپەیمانێتیی مێزی شەش کورسی هەندێک ئاماژەی خستەڕوو کە بەهۆیەوە بەشێک لە مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێن، بەڵام ئەویش دەزانێت ئەگەر بیەوێت ئەو ویستەی بکاتە بەرنامەی سیاسی، ئەوا میراڵ ئاکشنەر لە مێزی شەش کورسی دەکشێتەوە، جەهەپە نایەوێت ئەمە رووبدات.

چوارەم
هەدەپە و دەنگەکانی بۆ هەردوو هاوپەیمانێتییەکە گرنگن، بەڵام هیچ یەک لە دوو هاوپەیمانێتییەکە رێککەوتنی ئاشکرا و بنەمادار بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد ناکەن، هەیانە دۆزی کورد رەدەکاتەوە و هەشیانە بچووکی دەکاتەوە، هەشیانە فۆرمێکی ئابووری دەبەخشێتە دۆزەکە.

بە گشتیی هەردوو هاوپەیمانێتییەکە دەنگی کوردیان بە نرخێکی هەرزان دەوێت، هەدەپە نابێت ئەو کارە بکات، دووبارەکردنەوەی ئەزموونی سەرخستنی بەربژێری جەهەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دەبێتە هەڵەی سیاسی و کاریگەریی لەسەر ئاییندەی سیاسی هەدەپە دەبێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan