سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

سودانی و تاقیکردنەوەی دەرکردنی هێزەکانی بیانی لە عیراق

دەرکردنی هێزەکانی بیانی لە عیراق بەتایبەت هێزەکانی سوپای ئەمەریکا، یەکێکە لەو بابەتانە سیاسییە موزایەدە لەسەر کراوانەی نێوان هێزەکانی شیعە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان نوێنەرایەتیی سیاسەتی پان شیعیزم لە عیراق دەکەن، ئەو گرووهانەی نزیک لە ئێران دەیانەوێت هەر سەرۆک وەزیرانێک بخەنە بەردەم ئەو تاقیکردنەوەیەوە بۆ ئەوەی بەردەوام وەکو هەڕەشەیەک پیشانی بدەن و هەرچییان ویست بەو هۆیەوە فشاری لێ بکەن.

سوپای عیراق هێشتا توانای پاراستنی ئەمنیەتی ناوخۆیی و سنوورەکانی نییە، لەهەمانکاتدا سوپاسی عیراق لەڕووی چەک و کەرەستەی جەنگییەوە لە ئاستی سوپا پیشکەوتووەکاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە و رۆژانە چالاکیی زۆر دەکات و ئەگەری بەهێزتربوونەوەشیان هەیە، بۆیە بە هەموو پێوەرێک عیراق پێویستیی بە هێزە بیانییەکانە بۆ راهێنان و پێشخستنی تواناکانی سوپای عیراق.

رۆژی پێنجی کانونی دووەمی 2020، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پرۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە تیایدا حکومەتی عیراق پەیوەست دەکات بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دەرکردنی هێزەکانی بیانی لەناو خاکی وڵاتەکەی، ئەوە خەونی بەشی زۆری شیعەکانە، بەڵام جێىەجێکردنی بڕیاری لەو شێوەیە کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو زۆریش قورسە و سەرۆک وەزیران رووبەڕووی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر دەکاتەوە.

لە سەردەمی نوری مالیکییەوە ئەو پرسە ناوە ناوە گەرم دەکرێتەوە، بەتایبەت نزیک لە هەڵبژاردنەکان و بانگەشەکەی یان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێکی ناوخۆیی شیعی، یان کاتێک فشارەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا زیاتر لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تووندتر دەکرێن، ئێران لە رێگەی هێزە بریکارەکانییەوە ئەو پرسە وەکو کارتی فشار بەکاردەهێنێت، بەڵام بەگشتی پرۆسەی دەرکردنەکە نەچووەتە پێشەوە، بەڵکو شێوازی مانەوەکە گۆڕاوە.

محەمەد شیاع سودانی بە هەمان شێوەی مستەفا کازمی ئەو فشارەی لەسەرە، بەتایبەت بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ئێرانەوە نزیکترن وەکو هادی عامری و عەسائیبی  ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها حزبوڵڵای عیراقیش.

سودانی دەزانێت ئەو کارە نەکردەیە، هەم لەبەرئەوەی تائێستا حکومەتەکەی شوێنپێی خۆی بەهێز نەکردووە هەم لەبەرئەوەی پێویستیی بە مانەوەی هێزەکانی بیانییە، هەروەها عیراق چەندین کێشەی ئەمنیی و سیاسی هەیە و چەندین هێزی تیرۆریستی لەناو خاکی وڵاتەکەیدا چالاکن و بێ ئەمەریکا ئەستەمە رووبەڕوویان ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا سودانی بۆ خۆی لەگەڵ مانەوەی ئەو هێزانەدایە کە لەژێر ناوی راهێنەر لە عیراقدان و وەکو گرەنتی ئەمنیی عیراق دەیانبینێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە بۆ سودانی ئەزموونێکی قورس دەبێت، عیراق بەرگەی جێهێشتنی ئەمەریکا ناگرێت، ئەمە راستیەکی روونە ..

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan