نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژنانی رچەشکێن

ژنان لە جیهاندا بەروبوومی ماندووبوونی ژنە رابەرەکانی بزووتنەوەکانی مێگەرایی دەچننەوە، بەهۆی ماندووبوونیان، ئێستا لە جیهاندا ژنان دەتوانن بگەنە ناوەندەکانی دەسەڵات لە هەموو بوارەکاندا و لە زۆر شوێنیش چەندین مافی زەوتکراویان بەدەست هێناوە، وەک: خوێندن و فێربوون، کار، گەشت، هەڵبژاردنی هاوژین، مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن، پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، مۆڵەتی دایکایەتی... ئەمانە و دەیان دەستکەوتی تر، بەروبوومی چالاکی و خەباتی ژنە رچەشکێنەکانی مێژوون. 
بزووتنەوەکانی ژنان کە زۆربەیان لەلایەن ژنەوە رابەرایەتی کراون، سەرەڕای ئەوەی بوونەتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە هەموو جیهاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمەش، بەردەوامن لە داواکارییەکانیان و بەپێی قۆناغەکانی مێژوو و ئایدۆلۆژیاکان؛ داواکارییەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. 
لەم وتارەدا، ئاماژە بە هەندێک لە ژنە رابەر و رچەشکێنەکانی بزووتنەوەکانی مێگەرایی لە جیهاندا دەدەین:
- ماری وۆڵستونکرافت (Mary Wollstonecraft) (1797 - 1759): نووسەر و رووناکبیر و فەیلەسوفی بەریتانی، یەکێکە لەو ژنانەی زۆر بایەخی بە خوێندن داوە بۆ کچان و هەوڵی بۆ یەکسانیی لە نێوان ژن و پیاو داوە. چەندین کتێبی گرنگی لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە، لەوانە: بیرۆکەکان دەربارەی خوێندنی کچان، بەرگریکردن لە مافەکانی پیاوان، بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان... باوەڕیشی وابووە کە هەردوو رەگەز هۆکارن بۆ نایەکسانی و ژنان وەک واقیعێک تەسلیم بوون و دەبێت هەردوولا بۆچوونەکانیان بگۆڕن. 
ماری، بە دامەزرێنەری مێگەرایی ئەژمار دەکرێت، ئەویش بەهۆی کتێبێکی بەناوی (بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان) کە لە ساڵی (1792) بڵاو بووەوە. هەرچەندە چەمکی مێگەرایی (Feminisme – فێمینیزم) لەلایەن فەیلەسوفی فەرەنسی، شارل فووریێ (Charles Fourier)، لە ساڵی 1837 داڕێژراوە و هەردوو چەمکی (فێمینیزم، فێمینیست)یش لە فەرەنسا و هۆڵەندا لەو سەردەمەدا بەکار هاتوون. 
- ئیلیزابێس کادی ستانتۆن (Elizabeth Cady Stanton) (1902 - 1815): چالاکوانێکی مێگەرایی ئەمەریکی بوو، بەهۆی چالاکییەکانییەوە توانیی مافی دەنگدانی ژنان بەدەست بهێنێت. لە ساڵی 1848 یەکەم کۆنگرەی مافەکانی ژنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەژێر ناوی (سینیکا فۆلز) بەست، کە بە یەکەم کۆنگرەی تایبەت بە پرسی ژنان ئەژمار دەکرێت. هەروەها "کۆمەڵەی نیشتمانیی بۆ داواکاریی مافی دەنگدان"ی دامەزراند و توانییان بگەن بە ئامانجەکەیان و لە هەڵبژاردنی ساڵی 1920 ژنان دەنگ بدەن.
 
- سۆژۆرنەر تروس (Sojourner Truth) (1883 - 1797): لایەنگری بزووتنەوەکانی ئازادیی لە کۆیلایەتی دەکرد و بانگەوازی یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەزی دەکرد. بە یەکەم ژنی ئەمەریکی بەڕەگەز ئەفریقی دادەنرێت کە توانیویەتی داواکارییەک لە دادگا دژ بە پیاوێکی سپیپێست بباتەوە لەپێناو ئازادکردنی کوڕەکەی لە کۆیلایەتی. لە کۆنگرەی ئۆهایۆ لە ساڵی 1851، وتارێکی زۆر بەناوبانگی خوێندەوە بەناوی (ئەى من ژن نیم؟) و کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر پرسی جیاکاریی نێوان هەردوو رەگەز و کۆیلایەتییش، بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکادا.
- هند نەوفل (1860 – 1920): رۆژنامەنووسێکی لوبنانییە، لە سوریا لەدایک بووە. لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان ناوبانگی دەرکردبوو. یەکەم گۆڤاری ژنانەی بەناوی (الفتاة) لە جیهانی عەرەبیدا دەکرد.  
- کریستین دی پیزان (Christine de Pizan) (1430 - 1363): نووسەری ئیتاڵی – فەرەنسی، نووسەری کتێبی (شاری ژنان) و (نامەیەک بۆ خودای خۆشەویستی)یە. بە بۆچوونی سیمۆن دی بۆڤوار؛ یەکەم ژن بووە دژی "رق بەرانبەر بە ژن" نووسیویەتی.
- مارگرێت کاڤندیش (Margaret Cavendish) (1673 - 1623): شازادە "دۆق"ی نیوکاسڵ بووە. نووسەری بواری شانۆگەری و ئەدەبی خەیاڵی، زانای بواری فیزیا، شاعیر و فەیلەسوفێکی ئەرستۆکراتیی ئینگلیزییە. وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت: "ژن چی دەتوانێت ئەگەر خوێندەواریی هەبێت؟".
- رۆزا لوکسمبورگ (Rosa Luxemburg) (1919 - 1871): رۆژنامەنووس و فەیلەسوفی ئابووریناس، زانای کۆمەڵناسیی بەڕەچەڵەک پۆڵەندی، لە 14ی کانوونی دووەمی 1919 لە بەرلین تیرۆر کرا. سیاسییەکی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ و پشتیوانی تیۆرییەکانی مارکسیەت بوو، بە تێکۆشەرێکی بواری مێگەراییە مۆراڵییەکان لەقەڵەم دەدرێت؛ ئەو مێگەراییەی رۆزا کاری بۆ دەکرد، تەنیا لەپێناو مافەکانی ژندا نەبوو، بەڵکوو بۆچوونەکانی مرۆڤدۆستانە بوون، باوەڕی وابوو بە دروستبوونی سیستمێکی سۆسیالیستی، مرۆڤ بەیەکەوە ئازاد دەبن و مافەکانیان فەراهەم دەبێت. هەروەها نکۆڵیی لە مرۆڤی پلە یەک و مرۆڤی پلە دوو دەکرد، پێی وابوو بزووتنەوەی مێگەرایی و دژایەتی رەگەزپەرستی، بەیەکەوە وابەستەن. چالاکوانێکی سەرسەختی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بوو، هەروەها پشتیوانیی زۆری لە ژنانی پرۆلیتاریا دەرکرد و هاوکار بوو بۆ دروستکردنی سەندیکایەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان.
زۆرێک لە نووسەر و توێژەرەکان دەڵێن بیرکردنەوە و بیرۆکەکانی زۆر پێش سەردەمی خۆی بووە و دەستپێشخەر بووە لە زۆر بواردا. 
- نازک عابد (1887 – 1959): رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی سورییە. لە ژنە یەکەمەکانە کە سەرپەرشتی بزووتنەوەی ژنانی کردووە و چەندین کۆمەڵەی ژنانی دروست کردووە، هەروەها رۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە ژنانی دەکردووە، لەوانە: گۆڤاری (العروس). بایەخی زۆری بە مافی سیاسیی ژنان داوە.
- سیمۆن دی بۆڤوار (Simone de Beauvoir) (1986 - 1908): نووسەر و بیرمەند و چالاکوانی سیاسیی فەرەنسی. زۆربەی نووسینەکانی لەسەر دەسەڵات و ناکۆکیی چینایەتی و ئازادییە. سەرەتا نەدەچوو بە لای پرسی ژناندا، بەڵام چەوساندنەوەی ژنان و داواکارییەکانیان، وایان کرد سەرپەرشتی داکۆکیی لە مافەکانی ژنان بکات و باوەڕی بە نەهێشتنی سیستمی باوکسالاری هەبوو. لای وا بوو بۆ ئەوەی ژن بتوانێت مافەکانی بەدەست بهێنێت، دەبێت ئەو سیستمە نەمێنێت. چەندین کتێب و کۆڕ و سیمیناری دەربارەی مافەکانی ژن نووسیوە و کردووە، بەناوبانگترین کتێبەکانی: (رەگەزی دووەم)، (هەموو پیاوەکان مرۆڤن)، (مردنێکی زۆر ئاسان)... 
- فریدا کاهلو (Frida Kahlo) (1954 - 1907): هونەرمەندی وێنەکێشی مەکسیکی، لە رێگەی کارەکانییەوە باسی لە بابەتە بڤەکان دەکرد، وەک (منداڵ لەبارچوون) و (شیردانی سروشتی) و (منداڵبوون) و چەندین بواری تر کە بە لای ژنانەوە گرنگ بوون. هەروەها هاوشانی هاوسەرەکەی کە هەردووکیان سەر بە بزووتنەوەی شیوعیەت بوون، چەندین چالاکیی سیاسییان دەکرد.
- ئۆلیمپ دی گوگس (Olympe de Gouges) (1973 - 1948): رۆژنامەنووس و نووسەری شانۆیی، چالاکوانی سیاسیی فەرەنسی، خاوەنی کتێبی (بانگەوازی مافەکانی ژنان) لە ساڵی 1971، کە بە گرنگترین بانگەواز دادەنرێت و بووە هۆی ئەوەی حکومەتی شۆڕشی فەرەنسی دان بە مافە سروشتی و سیاسییەکانی ژناندا بنێت. هەروەها بە هەمان شێواز لە کتێبی (بانگەوازی مافەکانی پیاوان و هاوڵاتی)دا بەگاڵتەجاڕییەوە باس لە شکستی پیاوان دەکات کە نەیانتوانیوە ببنە نیوەی کۆمەڵ.
 
 
 
 
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan