سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

پیرۆزبایی لە رێگەی درۆنەوە

وا لەبەردەم هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢٤داین، لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆ و نێوان کەس و خێزانەکاندا، نامەی پیرۆزبایی بۆ یەک دەنێرن و پێکەوە ئاهەنگ سازدەکەن لەگەڵ هیواخوازیی ژیان و ساڵێکی خۆش بۆ یەکتر، بەڵام لای کورد و هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر بارودۆخەکە پێچەوانەیە و رۆژانە ژیانمان لێ دەکەن بە شین و وەکو کاڵا مامەڵە لەگەڵ خوێنی مرۆڤی کورد دەکەن.
چەند رۆژ و هەفتەی رابردوو، سوپای تورکیا لە رێگەی درۆنە مەرگهێنەرەکانییەوە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەیان گەنجی کوردی شەهید کرد لەکاتێکدا هەر ئەوانیش شین و شەپۆڕیانە بۆ غەززە و غەززەییەکان، بەڵام دیارە کورد بە مرۆڤ نازانن.
تورکیا وەکو دەوڵەتێکی بەپێی خۆیان زۆرینە مسوڵمان کە هاوکات حزبێکی تاڕادەیەک ئیسلامییش حوکمی دەکات، لەبەری پێدانی ماف بە کورد وەکو بەشێک لە خەڵکی تورکیا پیرۆزبایی جەژنیان لێبکات، کەچی دەستگیر و زیندانییان دەکات، گەریلاکان شەهید دەکات، لەبری ئەوەی هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند ساڵەی سوریا بدات، کەچی هێرشدەکاتە سەر ئیدارەی خۆسەری کوردان و ژێرخان و سەرخانیان وێران دەکات، لەبری ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان ببێتە دراوسێیەکی باش و لە رێگەوەی ئەوانیشەوە کار بۆ چارەسەری دۆزی کورد بکات، کەچی ژیانی خەڵکەکەی دەخاتە مەترسییەوە و ئاوارەیان دەکات و بەهۆی تۆپبارانەکانییەوە خەڵکی گوندەکانی رەو دەکەن و کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکەی دەفەوتێنێت، بێ ئەوەی بیرێکی بۆ لای ئەوە بچێت ئەوانیش مرۆڤن و شایستە بە ژیانی ئاسایی و سروشتیی خۆیانن.
ئەوەی لە عیراقیش دەگوزەرێ بەرانبەر هەرێمی کوردستان، راستە بەشێکیشی هەڵەی سەرکردە کوردەکانە، هیچ کەمتر نییە لە گەمارۆی دوژمنکارانە و گرتنەبەری سیاسەتی برسیکردن، کە تەنها خەڵکە مووچەخۆر و هەژارەکە باجدەکەی دەدەن و چینە دەسەڵاتدار و خواپێداوەکان هیچ باکیان پێی نییە.
لە بەرەبەری ساڵی نوێدا هەواڵەکان بۆ کورد تەواو جیاوازن:
- کوردی رۆژئاوا بۆنی مەرگ دەکات و نەڕەنەڕی فڕۆکەی تورکی ژیانی لێ هەراسان کردوون.
- کوردی باکوور شەوان بە دەنگی هەڵکوتانە سەریان لەلایەن جەندرمەوە بەخەبەر دێن.
- کوردی باشوور لەبەرچاویان براکانیان شەهید دەکرێن و ناشتوانن ئەو کردەوە دڕندانە بووەستێنن، هەروەها بارودۆخی ژیانیان لەوپەڕی خراپیدایە.
- کوردی رۆژهەڵات رۆژانە هەواڵی لەسێدارەدانی گەنجەکانیان بۆ دێت و پشتوپەنایان نییە.

ساڵی نوێ بۆ کورد تەنها ژمارەیەکی نەگریسە و هیچ ئاماژەیەکی بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنییانە بۆ ئەو نەتەوە ستەملێکراوە نییە، ئیتر پیرۆزبایی چی؟
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan