سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

نەوتی کوردستان و بۆردوومانەکانی تورکیا

وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لە رۆژی ٢٣ی ئاداری ٢٠٢٣، بووە سەرەتای کۆمەڵێک ئاریشە لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی وزە لەنێوان عێراق- تورکیا و هەرێمی کوردستان، چونکە دادگاکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بەستەوە بە رەزامەندی و دەسەڵاتەکانی حکومەتی عێراقەوە.

لەوکاتەوە تائێستا هەناردەکردنی نەوت پەکی کەوتووە، بەپێی لێدوانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا پەیوەستە بە بوونی ناکۆکی لەبارەی خەرجکردنی بڕی پارەی ئەو کۆمپانیایانەی کەوا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەو ئاریشەیەش هێشتا چارەسەر نەبووە، بەڵام گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێ.

تورکیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر سوودمەندی هەناردەکردنی نەوتە، ئەوەی کردبووە دەرفەت بۆ زیاتر دەستکەوتنی نەوت، چونکە خۆی خاوەن نەوتی پێویست نییە بۆ پێشخستنی پیشەسازییەکەی، هەرێمی کوردستانیش بەناوی بنیاتنانی ئابووریی سەربەخۆوە نەوتی پێشکەش بە تورکیا کرد بە نرخێکی هەرزان، دواتریش بووە بەڵا بۆ خەڵک و تائێستا باجەکەی دەدەین.

 پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا پەیوەندییەکی بەرژەوەندیخوازانەیە بۆ نوخبەیەکی سیاسی و بازرگانی دیاریکراو، چونکە کاریگەریی نەبووە لەسەر پێشخستنی پەیوەندییە پەیوەندییە سیاسییەکان، بۆردوومانی بەردەوامی سوپای تورکیا و دانانی سەدان بنکەی سەربازیی و چوڵکردنی بەشێکی زۆر لە گوندەکان هەرێمی کوردستان، باشترین نموونەن بۆ ئەوەی کە تورکیا تەنها نەوت و پارەی لە کوردستان دەوێ و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی هەرێم ناپارێزێ و چی خۆی بیەوێ هەر ئەوە دەکات.

ئێستا هەرێمی کوردستان ئابوورییە سەربەخۆکەی نەماوە، نەوت نانێرێت بۆ تورکیا، پارەی زۆری کۆمپانیاکان قەرزارە، عێراقیش ئاسان بە داواکانی کوردستان و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رازی نابێت و کات دەکوژێ.

بەپێی قسەی پسپۆڕانی بواری نەوت و وزە کە لە راپۆرتەکانیاندا خستوویانەتەڕوو بەهۆی هەناردە نەکردنی نەوتەوە، مانگانە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە داهاتەکانیان لەدەستدەدەن، ئەوە زیانێکی زۆرە و قەرەبووکردنەوەی ئاسان نییە.

هەروەها تورکیا رایگەیاندووە ئامادە نییە بڕی ئەو یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار قەرەبووە بدات بە عێراق کە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لە بڕیارەکەیدا دیاریکردووە، بەڵکو دەڵێت دەبێت هەرێمی کوردستان ئەو قەرەبووە ببژێرێت.

هێشتا دەرەنجامی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دیار نییە، سوپای تورکیاش بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و وێرانکردنی ژینگە و گوندەکانی، عێراقیش هەروا لە دوورەوە سەیردەکات و هەنگاوی جدی لەبارەوە نانێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan